بۆمبی‌ ئه‌تۆمی‌ یان زه‌بری‌ بێهیواكردن...

وتار/ 08/06/2018 584 جار بینراوە

حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

بۆمبی‌ ئه‌تۆمی‌ یان زه‌بری‌ بێهیواكردن...

حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌
جوڵاندنی‌ ئیراده‌ له‌پێناو گۆڕانكاری‌ وجێگۆڕكێ‌ به‌ده‌م و چاوه‌كان نابێت به‌خه‌نجه‌ری‌ ته‌زویر هه‌تك و بێڕێزبكرێت، ساخته‌و گزی‌ له‌پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان واته‌ هه‌وڵدانێكی‌ نادروست و نایاسایی‌ بۆ به‌ژه‌وه‌ندی‌ كاندیدێك یان لایه‌نێكی‌ دیاریكراو ئه‌مه‌ پێناسه‌یه‌كی‌ ساده‌ی‌ چه‌مكی‌ هه‌ڵبژاردنێكی‌ ناته‌ندروسته‌، له‌كاتێكدا ده‌بێت ده‌نگدان ئه‌و په‌ڕی‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ نهێنی‌ گوزارشتكراو بێت له‌ ئیراده‌ی‌ تاك بۆ دیاریكردنی‌ نوێنه‌ری‌ خۆی‌ له‌یه‌كێك له‌كایه‌ ئیداری‌ و سیاسیه‌كاندا، چونكه‌ تاكه‌ پرۆسه‌ی‌ دیمۆكراسیانه‌ی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنێكی‌ خاوێنه‌، به‌ڵام لای‌ ئه‌و پارته‌ ته‌قلیدیانه‌ی‌ متمانه‌یان به‌چۆڵكردنی‌ كورسی‌ ده‌سه‌ڵات نیه‌و هه‌میشه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ڕێگای‌ نایاساییه‌وه‌ له‌شوێنی‌ خۆیاندا بمێننه‌وه‌ ڕۆژی‌ ده‌نگدان به‌ته‌قینه‌وه‌ی‌ بۆمبێكی‌ ئه‌تۆمی دژی‌ خۆیان ده‌بینن،

بۆیه‌ هه‌میشه‌ كار بۆئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن كه‌به‌شێوه‌یه‌كی‌ ناڕاسته‌وخۆ تاك له‌به‌شداریكردنی‌ گۆڕانكاری‌ و گوزارشتكردن له‌ ئیراده‌ی‌ خۆی‌ دوور بخه‌نه‌وه‌و ساردی‌ بكه‌نه‌وه‌ له‌ ده‌نگدان، ئه‌و عه‌قڵانه‌ی‌ متمانه‌یان به‌خۆیان نه‌ماوه‌ بۆبه‌شداریكردن له‌و پرۆسه‌ یاسایی‌ ودیمۆكراسیه‌دا جورئه‌تی‌ ئه‌وه‌ ناكه‌ن به‌ده‌نگدان و ڕێگا مه‌ده‌نیه‌كان ڕوو به‌ڕووی‌ نه‌یاره‌كانیان ببنه‌وه‌و په‌نا ده‌به‌نه‌ به‌ر ڕێگای‌ تر، بۆیه‌ هه‌رجارێك به‌شێوازێكی‌ تازه‌تر ساخته‌كاری‌ له‌ڕێژه‌ی‌ ئه‌نجامه‌كانی‌ ئه‌و هه‌ڵبژاردنانه‌دا ده‌كه‌ن كه‌به‌ناو ئازادو دیمۆكراسی‌ و یاساییه‌ بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ش به‌ته‌نها نین به‌ڵكو په‌ناده‌به‌نه‌ به‌ر هێزی‌ هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ كه‌هه‌ژمونی‌ ئه‌و هێزانه‌ به‌كۆیلایه‌تی‌ و پاشكۆیه‌تی‌ ئه‌مان نه‌بێت ده‌سته‌به‌رنابێت،  ڕاوه‌رگرتن و ده‌نگدان بۆ گۆڕینی‌ پرۆسه‌ی‌ سیاسی‌ و سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ یان چاوه‌ڕوانی‌ هاوڵاتیان بۆ ڕۆژی‌ دیاریكردن و جیاكردنه‌وه‌ی‌ ئه‌و پارت و لایه‌نانه‌ی‌ كه‌میلله‌ت بڕیار ده‌دات ئایا له‌لوتكه‌ی‌ فه‌رمانه‌ڕه‌وایه‌تیدا بمێنێته‌وه‌ یان به‌هه‌ڵبژاردن جێگۆڕكێیه‌كی‌ یاسایانه‌یان پێ بكرێت، قسه‌كردن  له‌سه‌ر شێواندن و ده‌سكاریكردنی‌ كلاسیكیانه‌و ئه‌لیكترۆنیانه‌ی‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن له‌مێژوی‌ سه‌رهه‌ڵدانی‌ ده‌وڵه‌تانی‌ ڕاگوزه‌ر به‌دیسپلینی‌ ئه‌زمونكردنی‌ چه‌مكی‌ دیمۆكراسی‌ و چه‌سپاندنی‌ مافی‌ تاك له‌هه‌ڵبژاردنی‌ نوێنه‌ری‌ خه‌ڵك نوێ‌ نیه‌ به‌م ناوچه‌یه‌ به‌گشتی‌ و ڕۆژهه‌ڵاتی‌ ناوه‌ند به‌تایبه‌تی‌، كاتێك ده‌وڵه‌تانی‌ ئه‌م ناوچه‌یه‌ له‌ژێر فشاری‌ ڕێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ بواری‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ ئاسایش به‌زاره‌كی‌ دانیان ناوه‌ به‌ده‌ساوده‌سكردنی‌ دیمۆكراسیانه‌ی‌ ده‌سه‌ڵات و موماره‌سه‌كردنی‌ پرۆسه‌ی‌ ده‌نگدان كه‌هه‌ر خولێك خۆی‌ له‌چه‌ند ساڵێك چاوه‌ڕوانیدا ده‌بینێته‌وه‌، به‌ڕێكردنی‌ ئه‌و چاوه‌ڕوانیه‌ بۆ خۆی‌ زه‌برێكی‌ كوشنده‌یه‌ له‌ژیانی‌ سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ تاك له‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌سیسته‌می‌ حكومڕانی‌ له‌ژێر ڕه‌حمی‌ خۆسه‌پاندن و قوتكردنه‌وه‌ی‌ هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ی‌ له‌خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی‌ تایبه‌تی‌ حیزب و ده‌سه‌ڵاتی‌ تاكڕه‌وانه‌دان، دروستكردنی‌ ڕێكخراوه‌ به‌ناو بێلایه‌ن و ده‌زگا سه‌رپه‌رشتیاره‌كانی‌ چاودێری‌ پرۆسه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان له‌لایه‌ن ئه‌م ده‌سه‌ڵاتانه‌وه‌ بۆخۆی‌ بوه‌ به‌ مه‌ته‌ڵێكی‌ سیاسی‌ ڕاگه‌یاندنه‌كان و پاڵپشتی‌ به‌هێزی‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ كه‌ ئه‌و كه‌سایه‌تیه‌ به‌ناو بێلایه‌نانه‌ ئینتیمایان بۆیان هه‌یه‌ كه‌له‌زۆربه‌ی‌ حاڵه‌ته‌كاندا ئه‌و كه‌سانه‌ له‌فه‌رمانی‌ نادروستی‌ حیزبه‌كانیان ده‌رناچن ئه‌مه‌ش وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ به‌چه‌كوشی‌ شوشه‌ ئاسن بكوتیت، هاوڵاتیانیش تادێت زیاتر به‌ره‌و لێواری‌ نائومێدی‌ ده‌ڕۆن و هه‌ر خولێكی‌ تازه‌ی‌ هه‌ڵبژاردن به‌شێكی‌ زۆر به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێش واده‌ی‌ فه‌رمی‌ پرۆسه‌كه‌ بڕیاری‌ كۆتایی‌ ده‌ده‌ن كه‌ به‌شداری‌ ئه‌و جۆره‌ له‌ ده‌نگدان ناكه‌ن، به‌شێكی‌ تری‌ هاوڵاتیان به‌گومانه‌وه‌ به‌شداری‌ ده‌كه‌ن دواجار به‌شداریكردن و به‌شدارینه‌كردنی‌ خه‌ڵك یه‌كسانه‌ به‌دووباره‌ كردنه‌وه‌ی‌ ڕابوردوو.


كه‌واته‌ كاری‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ی‌ به‌ڵكه‌یان هه‌یه‌ كه‌یاری‌ به‌ده‌نگه‌كانی‌ هاوڵاتیان كراوه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ چه‌ند لایه‌نێك ده‌بێت بریتی‌ بێت له‌خۆبه‌دورگرتن و ئارامی‌ سیاسی‌ بۆ پاراستنی‌ پیرۆزی‌ ئه‌و ده‌نگانه‌ی‌ له‌به‌ره‌ی‌ چاكسازی‌ و كۆتایهێناندان به‌گه‌نده‌ڵی‌ وبه‌جۆرێك نه‌چنه‌ ژێر باری‌ هیچ به‌ڵێن و فشارێك ئه‌گه‌ر ئه‌و فشارانه‌ش  دروست ده‌بێت له‌سه‌ریان هه‌رێمی‌ و نێوده‌وڵه‌تی‌ بێت، چونكه‌ هیچ شتێك هێنده‌ی‌ شایه‌تیدانی‌ هاوڵاتیان به‌ده‌نگه‌كانیان مه‌زنترو پیرۆزتر نیه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا بونی‌ كورد له‌حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ هێنده‌ی‌ بوه‌ به‌پیشه‌یه‌كی‌ بازرگانی‌ و دامه‌زراندنێكی‌ به‌په‌له‌ ئه‌وه‌نده‌ سودی‌ بۆهاوڵاتیانی‌ كوردستان نه‌بوه‌ به‌درێژایی‌ دروستبونی‌ حكومه‌تی‌ تازه‌ی‌ عێراق هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان یه‌ك جار پێویستیان به‌و نوێنه‌رو فه‌رمانبه‌رانه‌ی‌ كورد هه‌بوه‌ له‌به‌غداد ئه‌ویش كێشه‌ی‌ چاره‌سه‌ركردنی‌ موچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ران بوو كه‌به‌داخه‌وه‌ تائێستاشی‌ له‌سه‌ر بێت هه‌ر چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌ ڕۆڵی‌ ئه‌و نوێنه‌رانه‌ش له‌ئاستی‌ سفردا بوه‌، هاوڵاتیانی‌ كوردی‌ ناوچه‌ كێشه‌ له‌سه‌ره‌كانیش ته‌نها چاویان له‌سه‌ر  جێبه‌جێكردنی‌ ماده‌ی‌ سه‌دوچله‌ كه‌ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك خۆی‌ ماوه‌ته‌وه‌، ئه‌م دوو پرسیاره‌م ئاڕاسته‌ی‌ ئه‌و كه‌سانه‌ ده‌كه‌م كه‌ده‌یانه‌وێ‌ بچنه‌ به‌غداد ئایا ئێوه‌ش هه‌ر وه‌ڵامی‌ ئه‌م دوو پرسیاره‌ له‌دوای‌ خانه‌نشینكردنتان له‌گه‌ڵ جانتاكانتاندا ده‌هێننه‌وه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، یاخود ئه‌گه‌ر گرفتی‌ تازه‌ترمان بۆ هاته‌ پێش ئه‌ویش هاوپێچ به‌و پرسیارانه‌ ده‌كه‌ن، بۆیه‌ به‌شدارینه‌كردنی‌ ئه‌و شه‌ش لایه‌نه‌ له‌حكومه‌تی‌ داهاتوی‌ عێراق جگه‌له‌وه‌ی‌ هیچ زیانێكی‌ بۆ دۆزی‌ كورد و حكومه‌تی‌ هه‌رێمیش نابێت به‌ڵكو ده‌بێته‌ خاڵێكی‌ به‌هێز بۆ گێڕانه‌وه‌ی‌ متمانه‌ به‌ده‌نگده‌ره‌كانتان و هه‌روه‌ها هه‌لی‌ به‌هێزبوونتان له‌ هه‌ڵبژاردنی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان پێده‌به‌خشێت، دواجاریش له‌ئاینده‌دا ئه‌وانه‌ی‌ ده‌ستیان له‌ساخته‌كاری‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیاندا هه‌بوه‌ هه‌رخۆیان ئه‌و دۆسیه‌یه‌مان پێده‌فرۆشنه‌وه‌.


ده‌نگی‌ هاوڵاتیان ده‌بێت وه‌ك ئاڵتونی‌ سور مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌ بكرێت، هه‌روه‌ك چۆن نه‌وت ئاڵتونی‌ ڕه‌ش و ئاو ئاڵتونی‌ شینه‌، چونكه‌ ده‌نگدان هه‌ڵقوڵاوی‌ ناخ و ویژدانی‌ مرۆڤه‌و داینه‌مۆی‌ ژیانی‌ مرۆڤیش سوڕی‌ خوێنه‌ كه‌من ناوی‌ لێده‌نێم ئاڵتونی‌ سوور، سیسته‌می‌ حكومڕانیش به‌عه‌قڵی‌ مرۆڤی‌ بیرمه‌ند و خاوێن به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، بۆیه‌ نابێت ڕێگه‌ به‌كه‌س بدرێت یاری‌ به‌ده‌نگی‌ خه‌ڵكه‌وه‌ بكات، هه‌روه‌ها ده‌بێت ده‌نگدان له‌ عورف و نه‌ریتێكی‌ باوی‌ كۆمه‌ڵگاوه‌ بكرێته‌ پرۆسه‌یه‌كی‌ یاسایی و دیمۆكراسیانه‌ی‌ تاك كه‌بناغه‌ی‌ پێگه‌یشتنی‌ جڤاتێكی‌ شارستانیانه‌و مه‌ده‌نیانه‌ی‌ ده‌ستاوده‌ستكردنی‌ ده‌سه‌ڵات و خاڵی‌ كۆتایی‌ هێنانی‌ حكومڕانی‌ خراپ بێت به‌باش و باش به‌باشتر.



نوێترین نوسینەکانی حامی‌ ئه‌حمه‌د عه‌لی‌

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌