سزادانە حزبیەکان،مۆراڵێکى نەزانانە لە ئەداى کارى سیاسیین!

وتار/ 30/04/2018 840 جار بینراوە

یاسین نادر ڕه‌حمان

سزادانە حزبیەکان،مۆراڵێکى نەزانانە لە ئەداى کارى سیاسیین!
یاسین نادر     
     دەگووترێت هەر حیزب و قەوارەیەک کە دادەمەزرێت و خزمەتى چین و توێژە جیاوازەکان لە سنوور و هەرێمیک دەکات، یەکێک لە ئەولەویاتە سەرەکییەکانى خزمەت و خزمەتکردن و وەرگرتنى بەرپرسیارێتى سیاسیی جۆراوجۆرە تا بە هۆى ئەوەوە بە ئامانجە دیاریکراوەکانیان بگەن و کەسانی زیاتر بە دەور و کاریگەرى زیاتر بتوانن بێننە نێو کایەى سیاسییەوە تا لە ڕۆڵە بەرچاوەکەى خۆیان هەمیشە بمێننەوەو وەک کارەکتەرە خزمەتکارەکەى کۆمەڵگا بناسرێن.
   ئەمەى سەرەوەم لە بارەى چەمگى گشتى حیزبەوە لە کۆمەڵگا گووت تا ئەوە بە حیزب و قۆرخکارانى کۆمەڵگاى کوردستان بچرپێنم کە کارى حیزب ئەوەندە لە دونیاى مۆدێرنەدا ئەوەندە ئاسان وسانا نییە کە گاڵتەو ئیهانە بە تاک و ئەندامە جۆراوجۆرەکانى بکات و ئەوان هەر کاتیک کە لە موحتاجى ئەداى کارى سیاسیی و بەرژەوندیخوازانە بوو بەکاریان بێنێت و لە کاتى ئیش نەمان پێیان، ئەوان واز لێ بێنێت و تانەو تەشەر و ئیهانەکارى لە حەقیاندا بکات.
    هیچ کات هیچ حیزبێک نابێت ڕێگەى ئەوە بە خۆی بدات پۆستە جۆراوجۆرەکان وەک میراتێک لێ بڕوانێت و ئەندامەکانى وەک فەرزەکانى دین بەرپرسیارێتێکانی بەسەریدا جێبەجێ بکات، چوونکە دواجار هەموو مرۆڤێک ئازاد خوڵقینراوە و ئەمە مافێکى خوداییە کە هەموو مرۆڤێک لە ژیان تەجروبەى جۆراوجۆر دەتوانێت تەجروبە بکات.
     ئەوەى لە کوردستان لەم بارەیەوە و بە نسبەت حیزبە باڵادەستەکان دەبینرێت بە کوورتى و پوختى پێچەوانەى خاڵە ئاماژەپێکراوەکانى سەرەوەیە کە ئاماژەم پێکرد و حیزبەکان نازانرێت چۆن ئەو ئیجازەو مەجالە بە خۆیان دەدەن تاک و ئەندامانیان تا کۆتایی تەمەنیان بۆ خۆیان قۆرخ بکەن و هەمیشە ملکەچى بریار و ئامین گووتنى پەیامە باش و خراپەکانیان بن.
    ئاخیر چ مەهزەلەیەکە لەم کوردستانەدا کەسێک پۆستێکى حکوومیی وەرگرتبێت و حیزبێک ئەو ئیجازەیە بە خۆی بدات پاش چەند ساڵ خزمەت ئەو لەو پۆستە دوور بخاتەوە و هیچ حسابێک بۆ کەس لەمبارەیەوە نەکات و ئەو بە لادانى ئەداى سیاسیی حیزبی خۆی بزانێت و ئازادى مرۆڤبوون لەو زەوت بکات، هەرچەندە ئەم لادانە سیاسییانە هەمیشە دوور لە ڕاستیی بووە و هەمیشە حیزبە باڵادەستەکان ئەمانەیان بە بیانوویەک بۆ چەوساندنەوە و ئیهانەکردن و تەشهیرات بە ئەندامەکانیان بەکار بردووە، وە ئەو حسابە لەبیر دەکەن کە سەردەمانێک نەک لە پێناوى حیزب بەڵکوو لە پێناوى گشتیدا ئەم کەسانە خزمەتیان کردووە.
 حيزبەکان لەمڕۆدا تاکەکان موتیع و فەرمانبەردارى خۆیان دەزانن و گوێ بە تێکدانى فۆرمى گشتى پێکهاتەى ناوچەو سنوور و شارەکان و خزمەتکردنى جیددى تاک و ئەندامەکانیان نادەن و بەلاچوونیان لە حیزبەکانیان وەک دێوەزمە لێیان دەڕوانن و هەر بڕیاێک و جۆرە ناشرین کردنێک کە بۆیان بڕەخسێت لە پیناویاندا دەیکەن، شتێک کە لە دونیای ئەمڕۆدا، نامۆترین جۆری سیاسەتى حیزبییە کە وا لە کوردستان دەبینین و پەیڕە و جێبەجێی دەکرێت و  لەم کات و ساتى هەڵبژاردنانەدا وا دەبینین کە کۆمەڵێک کەس بە هۆی دەرچوونیان لە حیزبەکانى باڵادەست وا خەریکە نانبڕاو دەکرێن و لە پۆستەکان دوور دەخرێنەوە، چوونکە حیزبە باڵادەستەکان دەسەڵاتیان بەسەر ئەو سنوور و ناوچانەدا دەشکێت و هەموو کارەکتەرەکان لەو ناوچانە بە جۆرێک فەرمانبەردار و موتیعى خۆیان دەزانن.
     کە ئەم باڵادەستییە وەک مۆتەکە و نەگبەتییەک واى لە هەندێک خەڵک کردووە بە هۆی هێزداریی ئەم هێزانەوە تەنگیان پێ هەڵبچنرێت کە گەر پشتیوان و هاوکار و موتیعى فرمان و ڕاسپاردەکانى ئەوان نەبن زۆر شتیان هاوشێوەى پۆستیان لەدەست دەدەن.
   ناکرێت و نابێت، کار و هەنگاوى وا لە سیاسەتى ئەمڕۆدا تا کۆتا بچێتە سەر، چوونکە مرۆڤ و تاکى کورد لە مێژوودا زۆر شتى لێ زەوت کراوە و سەردەمانێکى زۆر بەدەست دیکتاتۆرەکانى دونیای دەروبەرەوە چەوسێندراوەتەوە و لەمڕۆی پێشکەوتنى دونیادا ئاوا سیاسەتگەلێک جیگاى لە زبڵدانى میژوودا دەبێتەوەو دوور نییە ئەندام و لایەنگران و کادیرانى هەمان ئەو حیزبانە بە کودەتایەکى چاکسازى ڕۆژێک هەوڵبدەن ئەوان سزا بدەن و لە پلە بەرزکردنەوەى دووبارەیان لە ئەداى سیاسەتیاندا پاشگەز ببنەوە و چاوەڕێى هێزى نوێ و میتۆدى نوێى تر بۆ خزمەتکردنى ئازادانە نەک قورخکارانەیان بن، شتێک کە لە ئەمڕۆی کوردستاندا بریسکەکانى وا دەرکەوتووە و بڵیسەى تیناوى ئەویش وەختە بە هەموان بگات، کە ئاوات و خواستى زۆر ئازادیخوازى لە دونیای ئەمڕۆی کوردستانە.

نوێترین نوسینەکانی یاسین نادر ڕه‌حمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌