تكایە قەوارەو حیزب و كاندیداكان... دەنگ كۆ مەكەنەوە، خەڵك بگەڕێننەوە!!
وتار/
20/04/2018
498 جار بینراوە
یاسین نادر ڕهحمان
تكایە قەوارەو حیزب و كاندیداكان... دەنگ كۆ مەكەنەوە، خەڵك
بگەڕێننەوە!!
یاسین نادر
ئەم مانشێتە خیتابیەی سەرەوە "دەنگ كۆ مەكەنەوە، خەڵك
بگەڕێننەوە" لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە تاك لە كۆمەڵگایەكی وەك كوردستاندا ساڵانێكی
مەینەتیی وا بەڕوونی تەحەمول و تەجروبە دەكات و ئۆباڵی ئەمەش هەمیشەو هەر ئان ساتێك
لە ئەستۆی نەشارەزایی لە سیاسەتی بەڕێوبردندا دەزانێت، لەگەڵ ئەمەشدا خراپترین هۆكاری
ناخۆش كە وڵاتێك ڕەنگە بەرەو فەنابوون و تیاچوون ببات ئەوەیە كە تاك بێ متمانەیی لە
ئەدای دەسەڵاتی بەڕێوبەری ڕوویی تێبكات و كەس نەبێت ئەو بە دونیای متمانەبوونی
ئاشت بكاتەوە. چونكە هەردەم هەوڵ و خواستی هەموو تاكێك بۆ ژیان ئاسوودەیی و خۆشبەختیەتی
تا خۆی و خێزان و كۆمەڵگاكەی دڵخۆشكەرانەو بەختەوەرانە لە جوگرافیاو سنووری ژیانیدا
بژیت.
نازانم
كاندید و قەوارە حیزبیی و ناحیزبییەكان ناڕەزایەتێكانی ئەم چەند ساڵەی خەڵكی ڕەش و
ڕووت و بێ لایەن و كادیرانی خۆیان بینیوە یان نا هەمدیسانەوە ئەوان دڵسۆز بە ئینتیماو
ئاراستەو بۆچوونی حیزبییان دەزانن، لە هەموو وڵاتێكی دونیا سەركردەو حیزب و بەڕێوبەرانی
وڵات هەموو شت و هەموو ژیانێكی خۆیان لە خەڵك و دەوروبەرەكان و لایەنگرانیان دەزانن،
بەڵام ئایا لە كوردستاندا ئاراستەو بەڕێوبەرانی وڵات توانیویانە ئەم بنەڕەتە لەبەرچاو
بگرن وخەڵك و چین و توێژەكان لە خۆیان ڕەزامەند بكەن و بۆ ساحەی سیاسیی و پشتیوانی
كردن لێیان بگەڕێننەوە.
كەم
كەناڵێك لە ئێستادا هەیە بەرنامەو پڕۆگرامەكانی تەرخان بۆ هەڵبژاردنەكان نەكردبێت
بەڵام گڕوتینەكان و قسەو گفتگۆكانی خەڵكیی دەبێت باش گوێ لێ بگرین كە خەڵك بەڕاشكاوی
دەڵێت: " من ئامادە نیم بەشداری دەنگدان بكەم و دەنگەكەم دەسوتێنم" شتێك
كە لەناواخن و بێتاقەتییەكی بێزاركەرانەدا زیاتر، لە هیچی تردا خۆی نابینێتەوە.
هەموو
كاندید و قەوارەو حیزبەكان، پۆزەل و پڕوگرامیان بۆ داهاتووی نیشتیمان وا دەخەنەڕوو
بەڵام بە دڵنییاییەوە وابزانم لە ناخی شێوای خەڵك تێ ناگەن، كە پەیامی سەر كاغەزەكانیی
ئەوان لە ڕابردوودا پێ ئاشنابوون و تێدەگەن بەس دونیاییەكی خەیاڵین و هیچ یەكێك لەوانە
بەدروستی جێبەجیی نابن یان خود هەر بە لەبیركراوی لە زەینەكاندا دەمێننەوە.
گەر
لە ماوی دەسەڵاتدارێتی حوكمڕانانی كوردستاندا سەردانكردنی چینەكانی دەسەڵات و كاندیداكان
بۆ نێو خەڵك وەك ئەم مانگەی بانگەشەكردنانە بوایا كە شوێن و جێگا لە كوردستاندا
نامێنێت سەری پیادا نەكەن و بەسەری نەكەنەوە، خەڵك و چین وتوێژەكان بە گوڵ و ئەمەكدارییەوە
پێشوازییە گەرمەكانیان لە پەیام و گوتەو بەڵێنەكانیان دەكردن نەك بە بینینی هەر
كاندید و قەوارەیەك و بەربژێرەكانیان، ڕوبەڕوی قسەو ڕەخنەی توندو بێزاركەرانەی خۆیانیان
لە شوێنە جۆراوجۆرەكاندا بكەنەوە.
ئاكامی
جێبەجێ نەكردنی بەڵێنی بریقەدارەكان چاوەڕوانی چی دەبێت بەدواوە دەبێت جگە لەوەی كە
هاوڵاتی و تاكی ئەم وڵاتە تەنانەت وەختە ئینتیمای بۆ كوردبوونی نەمێنێتەوە كە بەهۆی
نەزانی دەسەڵاتدارێتییەوە وا تەجروبەی كردووە.
كێ
هەیە سەربازی دەسكەوتەكانی نیشتیمانی نەبێت كاتێك مەترسی و حەیاو شەرفیەتی بكەوێتە
مەترسییە گەورەكانەوە، بەڵام ئەمەش هەمدیسانەوە لەوەدا دەبینێتەوە كە بەڕێوبەرانی
دەسەڵاتداری هەمان واجیب و ئەرك لە حەقی ئەواندا جێبەجێ بكەن و بە جیاوازییە
بورژووازییەكان لە نێوان خۆیان و ئەواندا نەگەن، چوونكە هیچ كەس تەقەبولی ئاوا جیاكارییەك
لە ئاوا دۆخێكدا ناكات و بەرەو ڕۆحیەیەكی لاوازی نیشتیمانپەروەرێتی لەمبارانەشەوە
هەمدیسان دەگات.
ئەوەیی
ئەمڕۆكە لە هەڵبژاردنی خوولی چوارەمی عێراق بە نسبەت هاوڵاتی و چین و توێژە جیاوازەكان
بەرچاو دەكەوێت ئەوەیە كە هیچ كات و ساتێك خەڵك لە شەقام و بازاڕ و كوچەو كۆڵانەكانی
كوردستاندا ئەوەندە بێ ئەمەل و بێ ئەمەك بە نسبەت حیزب و ئاراستەو قەوارە حیزبییەكان
نایەتە بەرچاو و هەموان گەر لە ڕابردوودا بایكۆتی دەوامیان بەهۆی بێ مووچەی و مافەكانیان
دەكرد، دوور نییە بایكۆتی هەڵبژاردنەكانیش بكەن، كە لەمبارەیەوە دۆخی ژیانی خەڵكی
شایەتیدەری ئەم گووتەو قسەیەیە.
نەدەبوو
و نەدەكرا كورد لەم ئان و ساتەدا لەوپەڕی زوڵم لێكردن و زوڵم لێكراویدا بێت، بەڵام
پەیامی ئەو بەم پەرتەوازەییە لە ئاستی سیاسییدا بێت، دەبوایە هیچ نەبێت كە تاك وا
بێزار دێتە بەرچاو، قەوارەو حیزبە جیاوازەكانی كوردستان واز لە یەكتر برینداركردنی
یەكتریان بهێنایاو هیچ نەبێت لە ئاستی سیاسی یەك گووتار و یەك پەیام و بگرە یەك قەوارەی
بەهێزی هەڵبژاردن بوونایا تا مەوداكان بۆ تاك و هاوڵاتی خەیرنەدیوی دەستی سیاسەتی
ناشەفافی وڵات هیچ نەبێت ئاسۆكانی نیشتیمانپەروەرێتی و كوردبوونی لە ساحەی سیاسیی
عێراقدا بۆ بگەڕایەتەوە و هەردەم بە شكۆمەندێتیی و شانازێتی لە كوردبوونیەوە لە سەر
سندوقەكانی دەنگدان بەشداری بكردایەو نە لە ئێستاو نە لە داهاتووشدا پەشیمانی ڕووخسارو
ناواخنی ئەوی داگیر نەكردایە.
نوێترین نوسینەکانی یاسین نادر ڕهحمان
-
یاسین نادر ڕهحمان
19/10/2018
-
یاسین نادر ڕهحمان
10/10/2018
-
یاسین نادر ڕهحمان
25/09/2018
-
یاسین نادر ڕهحمان
05/08/2018
-
یاسین نادر ڕهحمان
20/07/2018
-
یاسین نادر ڕهحمان
08/07/2018