ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی زیادكردنی ڕێژەی دەنگەكان لە هەڵبژاردنەكاندا

وتار/ 17/04/2018 742 جار بینراوە

دانا دارا

ئەو هۆكارانەی دەبنە هۆی زیادكردنی ڕێژەی دەنگەكان لە هەڵبژاردنە گشتی یەكاندا
دانا دارا حسین
پڕۆسەی دەنگ دان وەك مافێكی سیاسی و یاسایی ئەگەر بە شێوەی دەوری و لە كاتی خۆیدا دووبارە بكرێتەوە گرنگی و بایەخی خۆی هەیە بۆ كەسی دەنگدەر، بەڵام ئەوەی دەبێت زۆر گرنگ بۆ پرۆسەكە بڕوانێت  ئەو لیست یاخود كەسایەتیانەیە كە خۆیان پاڵاوتووە و تەواوی بەرنامە و هەوڵ و پلانی كاریان لە سەر ئەنجامی پڕۆسەكە بیناكردووە.
ئەوەی جێی پرسیار وتێڕامانە و هەمیشە لە پرسەكانی هەڵبژاردندا پاڵێوراو یاخود لیستە ململانێ‌ كارەكان لە خۆیانی دەكەن ئەوەیە:
ئایا چۆن و بە چ میكانیزمێك دەتوانین ڕێژەی دەنگەكانمان زیاد بكەین و وەك ئەنجامی ئەو زیادكردنەش ڕێژەی كورسیەكانی لیستەكەمان بۆ ئەنجومەنی دیاریكراو زیاد بكەین ؟
ئەمانەی خوارەوە دیارترین ئەو هۆكارانەن كە دەبنە هۆی زیادكردنی ڕێژەی دەنگەكان لە پڕۆسەی هەڵبژاردنە گشتی یەكاندا:-

1.     بەشداری كردن بۆ بردنەوە نەك دۆڕان!!
بەڕێوەبەرانی لیستە خۆپاڵێوەكە دەبێت ئەو متمانەو ئیرادە و هیممەتە لای ئەندامان و پاڵێوراوان و دەنگدەرانیان دروست بكەن كەئەوان بۆیە دەچنە ناو گەمەی هەڵبژاردنەوە تا بگەنە لوتكە و لە پێشەوەی لیستە براوەكان بن نەك تەنها بۆ خۆ تاقی كردنەوە و ناوبانگ و یاخود بە زایە دانی ژمارەیەك دەنگ و تەنها ژمارەی لیستەكان زیاد بكەن و لە بەرامبەردا هیچ گۆڕانكاریەك دروست نەبێت.
كەڵكی ئەم جۆرە تێڕوانینە تەنها بۆ لیستەكە و دروست كردنی ئیرادەی بردنەوە نیە لای ئەندامان ،بەڵكو ململانێكە گەرمتر دەكات و گەرم و گوڕی لای پاڵێوراوان و دەنگدەران دروست دەكات و هیوا دەبەخشێتە دەنگدەر كە دەنگی ئەو قورسایی راستەقینەی هەیە و دەتوانێت لیستێك یا پاڵێوراوی لیستێك بگەیەنێتە ئەنجومەنێك و نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی بكات.
ئەم تێڕوانینە بۆ ئیسلامیەكان زۆر گرنگە چونكە لە دوای شورشەكانی بەهاری عەرەبی یەوە بووە بە راستی یەكی سەلمێنراو كە سندوقەكانی دەنگ (ئەگەر ساختەكاری تیادا نەكرێت) دەتوانێت ئەوانەی سەدەیەك فەرامۆشكراو بوون بهێنێتەوە سەر شانۆی دەسەڵات و ئەو ڕۆڵەی لێیان چاوەڕوان دەكرێت بیبینن.


2.     بەڕێوەبەرێكی بیانی بۆ كارگێڕی هەڵمەتەكە:
 ئەوەی راستیەكی ئەزموونكراوە كە پرۆسەكانی هەڵبژاردن وەك یەكێك لە سەرەتاكانی دیموكراسیەت لە رۆژئاواوە بۆ جیهانی ئیسلامیی و رۆژهەڵات هاتووە , كەواتە ئەوان لە ئێمەی رۆژهەڵاتی زیاتر بە ئەزموون و هونەرەكانی سەركەوتن و بردنەوە و چۆنیەتی ململانێ‌ و بە دیار خستنی لایەنە بەهێزەكانی خود و لە بەرامبەردا لاوازیەكانی لیستە ڕكابەرەكان بە چاكی و زانستیانە دەزانن.
لە پڕۆسەی هەڵبژاردنەكانی چەند ساڵی رابردوو لە ساڵی 2009 و 2010 ش دا هەردوو پارتی دەسەڵاتداری هەرێم پەنایان بۆ وەها بەڕێوەبەرێكی بیانی بردووە و بە گرێ‌ بەست تا ماوەیەكی دیاری كراو كاریان لەگەڵ كردوون و ئەنجامی بەرچاویشی هەبووە.


3.     دەنگە یەكلابووەكان گرنگن بەڵام ؟!
  وەك دەزانین كە پڕۆسەی كاركردن و پۆلێنی دەنگدەران بەم شێوەیە دەكرێت:
أ/ دەنگە یەكلابووەكان :ئەوانەن كە دەنگیان بۆ لیستەكەی تۆ یەكلا بۆتەوە و مسۆگەرن.
ب/دەنگە ناڕەزاكان (دژ):ئەوانەش ئەو دەنگدەرانەن لە هەر بارودۆخێك دابن دەنگی نەیاری تۆن و دەنگ بە لیستی بەرامبەر دەدەن یاخود هەر نایدەن.
ج/ دەنگە ڕاڕاكان: ئەمانە یەكلا نین بۆ دەنگدان بە لیستێكی دیاری كراو بەڵكو دەوەستێتە سەر چۆنیەتی بانگەشە و بەرنامە و پلانی هەڵبژاردنەكە كە دەنگەكانی ئەم جۆرە كەسانە بۆ خۆت یەكلا بكەیتەوە.
بەڵام ئەوەی گرنگە كە نابێت هەوڵ و پارە و كاتی زۆر لە جۆری (یەكلابووەكان و ناڕەزاكان) ی دەنگدەران سەرف بكەیت ,  بەڵكو دەبێت لەگەڵ دەنگە مسۆگەرەكان ڕۆژانە زانیاری و چۆنیەتی دەنگدان و هیممەت بەرز كردنەوەو هۆشیاری ئاڵوگۆڕبكەیت بە تەنها.
وە جۆری دووەمی دەنگدەر( ناڕەزاكان) بە تەواوی فەرامۆش بكەیت جگە لە وەی وەڵامی تۆمەتەكان و بە دیارخستنی كەم و كوڕیی لیستە خۆپاڵێوەكەیان و هەندێ‌ جاریش هێرش كردنە سەریان , بەهەند وەربگیرێت گونجاوە .
بەڵام ئەوەی هەمیشە كار لەسەر ئەنجامی دەنگەكان و بەرزی یاخود نزمی ڕێژەكەی دەكات بریتی یە لە جۆری سێ‌ یەم( دەنگە ڕاڕاكان) كە زۆرێك لە گرەوی لیستەكان و پاڵێوراوان لەسەر ئەم جۆرەیە لە دەنگدەران ،بۆیە نابێت نادیدە بگیرێن بەڵكو وەك یەكێك لە هۆیەكانی زیادكرنی ڕێژەی دەنگەكان دەبێت حسابی گەورەیان بۆ بكرێت.




4.     پاڵێوراوی بەهێز:
وەك دەردەكەوێت لە زیهنیەتی كەسی دەنگدەر لە رۆژهەڵاتدا ئەوەندە بایەخ بە پاڵًێوراوەكان دەدات بە تایبەت ئەگەر پالێَوراوی دیار و بەهێز و ناسراوبێت، و لیستەكەش نیمچە كراوە بێت ,ئەوەندە بایەخ بە ناونیشان و پلان و بەرنامەی لیستەكە بۆ هەڵبژاردن نادات.
بۆیە پێویستە بۆ بەهێزكردنی لیستەكە و زیادكردنی ڕێژەی دەنگەكان زۆرترین پاڵێوراوی بەهێز لە دەوری لیستەكە بن بە شێوەیەك ئەگەر لیستەكە داخراو یاخود كراوە بێت پاڵێوراو لە سەرجەم ئاست و تەمەن و پسپۆری و ناسراوی تیادابێت و پێش وەخت ئەو بەڵێنەیان لێ‌ وەربگیرێت بە نووسراو كە دەبێت ماوەی مانەوەیان لە ئەنجوومەنەكەدا (دوای سەركەوتنیان)  دەبێت لە بڕیارەكانی لیستەكە دەرنەچن و پابەندی ئەو مەرج و سیاسەت و ڕێكارانە بن كە لیستەكە یاخود پارتە سیاسیەكە پەیڕەوی دەكات.


5.     بەكارهێنانی دروستی هۆیەكانی ڕاگەیاندن:
    ئەمڕۆ بەهۆی زۆری سەرچاوەكانی راگەیاندن لە جۆری
( بینراو و بیستراو و خوێندراو و ئەلكترۆنی)و تینوێتی مرۆڤی ئەم سەدەیە بۆ زانیاری و پەیوەندی كردن.
بۆمان دەردەكەوێت كە دروست بەكارهێنانی هەریەك لەمانە دەتوانێت كاریگەری دابنێت بۆ زیادكردنی ڕێژەی دەنگەكان لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكاندا.
باشترین بەكارهێنانیش بەم شێوەیە:
•     بایەخی زۆر بە كەناڵەكانی سەتەلایت ئەوانەی خۆمان خاوەن داریەتی دەكەین و ئەوانەش كە ئەهلین ، چونكە وەك لە ڕاپرسیەكاندا زانراوە كەناڵە ئەهلیەكان بینەریان زۆرتر و هەمەجۆریشن .
•     ریكلام و بانگەواز لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانی وەك (فەیس بوك و تویتەر)
•     پەیامی دەنگی لە تۆڕەكانی مۆبایل و نۆرماڵ.
•     رادیۆكان.
•     ریكلام ودیمانە لە هەفتەنامە ئەهلیەكاندا ، لە هەمان كاتدا لە سایتە ئەنتەرنێتی یەكان.
•     ئەنجامدانی ڕاپرسی و خوێندنەوەی ورد بۆ ئەو راپرسی و ڕیفراندۆمانەی پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە بڵاو دەكرێنەوە.



6.     بەرنامەی سیاسی لیستەكە و بڕگەكانی :
  بۆ چوونە ناو پرۆسەكە گرنگە لیست و پاڵێوراوەكان بەرنامەی سیاسی و خزمەتیان بە شێوەی درووست و زانستیانە و دوور لە زیادە رۆیی و فریودان  بنوسن و ئاراستەی دەنگدەرانی بكەن، بە شێوەیەك لە هەر توێژو تەمەن و بەشێكی كۆمەڵگا بابای دەنگدەر داواكاری و هیواكانی خۆی تیادا ببینێتەوە و تیایدا رەچاوی پێداویستی و هەست و سۆزیان كرابێت و بە قوڵی خوێندنەوە بۆ داخوازیەكانیان لە بەرنامەكەدا رەنگی دابێتەوە.
لەگەڵ رەچاوی تایبەتمەندی هەر توێژو چینێك و ناوچەیەكی دیاری كراو و خەمەكانیان پێویستە هەنوكەیی یەكانیان كە ئەمەیان زیاتر بایەخ و وردبینی نووسەران و خاوەنی لیستە خۆپاڵێوەكە دەردخات.


7.     میزاج و ویستی دەنگدەران:
  بە تایبەت دەنگدەرانی ئیسلامیی لەسەر كۆمەڵێك پرەنسیپ و ئیمانیات پێگەیەنراون و ڕۆژانە ئاراستە دەكرێن.
ناكرێت لە كاتی چوونە ناو هەڵمەتی هەڵبژاردن و دانانی پاڵێوراو و هەروەها بەستنی رێككەوتننامە تا ئاستی چوونە ناو هاوپەیمانیەتی یەوە جا ئەگەر ئیسلامیی بێت یا خود عەلمانی نابێت حساب بۆ میزاج و ئارەزوویان نەكرێت.
چونكە دواجار دەنگدەران ئەولایەنە گرنگەن كە ڕۆژی دەنگدان لیستەكەت بچووك یاخود گەورە دەكەن .
واتا دەنگدەر یان دەبێتە داكۆكیكاری سەرسەختی لیستەكەت یان تۆڵەت لێ‌ دەكاتەوە.


8.     بە ئامانج گرتنی دەنگدەرانی ئافرەت :
 ئامارەكان پێمان دەڵێن كە دەنگدەری خوشك و ئافرەتان لە كۆمەڵگاكانی ئێمەدا لە پیاوان زیاترن ،هەر بۆیە بە هۆی زۆریان یاخود پابەندی بە ئایینی پیرۆزی ئیسلامەوە كاریگەریان لەسەر منداڵ و هاوسەر و خزم و دراوسێ و هاوپیشەكانیان دەبێت .
گرنگە حسابی ووردیان بۆ بكرێت وداخوازی و كێشەكانیان و بوونی پاڵێوراویان بە چاكی ئامادەیی هەبێت.
9.     چاودێری سەر صندوق بەرهەمەكان دەچنێتەوە:
ڕۆڵی چاودێر و بریكارە سیاسی یەكان بە ئامانجی چاودێری یاسایی و ئاسایی بوونی پرۆسەكەیە بەڵام دەتوانێت رێگە بگرێت لە بە زایەچوونی دەنگەكانمان و دەرخستنی ئاست و قورسایی لیستەكەمان وەك خۆی.
          لە هەمان كاتدا دەتوانێت ئەم بەرهەمانە بچنێتەوە و پرۆسەكە بگاتە پایان.
10.    ئەو ئالیەتە هونەریانەی لە خوارەوە ریز كراون:
ئەوانیش بە گشتی بریتین لە:
•     بەكارهێنانی هونەرەكانی پڕوپاگەندە و هەڵمەتكردن بەپێی ئەو زانیاریانەی  كە رێكخراوە چالاكەكانی پرسی هەڵبژاردن بڵاویان كردۆتەوە.
•     بڵاوكراوەكان (كاسكێت،ریكلامی فلێكسی سەرجادە و بالۆن و پۆستەرە هەڵواسراوەكان)
•     هەڵمەتی ماڵ بە ماڵ و سەردانی كەسەكان لە نزیكەوە.
•     گەشتی سەركردە و دەرچوونی بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ دانراو بۆ ناوچەكان.
•     ئاشت كردنەوەی دابڕاوەكان لە حزب.
•     وەڵامی هەڵمەتی ناحەزان.
•     بە دەرخستنی ئەزموونی سەركەوتووی ئەو وڵاتانەی ئیسلامیی یەكان بە صندووقەكانی دەنگ گەیشتوونەتە دەسەڵات.
•     ئەو بڵاو كراوە و فەتواو لێكۆڵینەوانەی بەشداری سیاسی ئیسلامیی یەكان بە رەوا و پێویست دەزانن لە هەڵبژاردنەكاندا.
•     مینبەری مزگەوتەكان و مەلا و مامۆستایان كە پشتیوانی لیستەكەت و ئەم پرۆسەیە دەكەن .

نوێترین نوسینەکانی دانا دارا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌