بۆچی لە کوردستان پرسە بۆ شیمۆن پێرێز دانرا ؟!

وتار/ 29/09/2016 1260 جار بینراوە

د. ئەحمەد وەرتی

بۆچی لە کوردستان پرسە بۆ شیمۆن پێرێز دانرا ؟!
د.ئه‌حمه‌د وه‌رتی
دوێنێ شەمعۆن پێرێز-ی سەرۆکی پێشووی ئیسڕائیل لە تەمەنی 93 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، بەڵام پێش مەراسیمی ناشتنی تەرمەکەی کە ئەمڕۆ بەڕێوەچوو، هەر دوێنێ لە کوردستان( دهۆک) مەراسیمی پرسەی بۆ دانرا و بە (کۆتری ئاشتی) ناوزەد کرا، ئایا حیکمەت لەمەدا چی بوو ؟!
ئایا بەڕاستی ئەو پیاوە کۆتری ئاشتی بوو، هەر لەبەر ئەمەشە پرسەی لە کوردستان بۆ دانرا؟
شەمعۆن پێرێز یەکێکە لە ئەندازیارانی بنیاتنانی دەوڵەتی ئیسڕائیل و قەوارەی زایۆنی لە فەلەستین و هەر لە سەرەتاکانییەوە تا کۆتایی تەمەنی نزیک بە 70 ساڵ لە قۆناغە جیاجیاکاندا خزمەتی بەو قەوارەیە کردووە.
ساڵی 1947 پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیل پێرێز دەچێتە نێو گروپەکانی هاگانای توندڕەو کە چەک و تەقەمەنی ئامادە دەکەن بۆ دەوڵەتی داهاتوویان کە دواتر دەبنە بەردی بناغەی بنیاتنانی سوپای جوولەکە کە ئەو خۆی بەرپرسی یەکەم بووە لە چەکدار کردنیان و ئەندازیاری توانا مرۆییەکانیان.
لەگەڵ دروستبوونی دەوڵەتەکەیان، ناوبراو دەبێتە بەرپرسی هێزی دەریایی ئیسڕائیل و پاشان جێگری بەڕێوەبەری وەزارەتی بەرگری ساڵی 1952، لە ماوەی نێوان 1953 - 1959 بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بەرگری بووە کە لەو ماوەیەدا هێرشی سێ قۆڵی بۆ سەر میسر ئەنجام درا.
لە نێوان ساڵانی 1959 - 1965 دەبێتە وەزیری بەرگری و ئینجا وەزیری کۆچ و راگەیاندن تا ساڵی 1970، ساڵی 1970 - 1974 وەزیری گەیاندن و پەیوەندی بووە.
دیسان لە 1974 - 1977 دەبێتەوە وەزیری بەرگری و پاشان پۆستی جێگری سەرۆک وەزیران و سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوە لە نێوان ساڵانی 1984 - 1988 وەردەگرێت. دوای ئەوە تا 1990 وەزیری دارایی دەبێت، لە 1992- 1995 دەبێتە وەزیری دەرەوە، لە 1995 - 1996 پۆستی سەرۆک وەزیران وەردەگرێتەوە، لە نێوان ساڵانی 2007 - 2014 دەبێتە سەرۆکی ئیسڕائیل.
پێرێز بە ئەندازیاری بەرنامەی ناوەکی(ئەتۆمی) ئیسڕائیل دەناسرێت، کاتێکیش ئەو سەرۆک وەزیران بوو قەسابخانەی (قانا) لەسەر دەستی سوپاکەی لە لوبنان ئەنجام درا کاتێ بۆمبارانی پەناگەیەکی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد و زیاتر لە 100 کەسی مەدەنی تێدا کوژرا کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون ، ئەوانە بەشێك لەو 800 کەسە بوون لە ترسی بۆمبارانی وەحشیانەی سوپای جوولەکە پەنایان بردبووە بەر ئەو شوێنە.
هەروەک ناوبراو ناسراوە بەوەی کەسێك بووە دەستی داوەتە سیاسەتی نیشتەجێکردنی جوولەکەکان لە خاکی فەلەستین و دەرکردنی زۆرەملێیان لە زێدی باوباپیرانیان.
شیمۆن پێرێز زیاتر ئەو کاتە ناوبانگی نێو دەوڵەتی پەیدا کرد کە رێککەتنی ئاشتی (ئۆسلۆ) ی لەگەڵ یاسر عەرەفات دا مۆر کرد کاتێ وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل بوو ساڵی 1993، هەر بۆیەش ساڵی دواتری (1994) خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی بە هاوبەشی لەگەڵ ئیسحاق رابین ی سەرۆک وەزیرانی قەوارەکەی و یاسر عەرەفاتی سەرۆکی دەسەڵاتی فەلەستینی دا پێ بەخشرا.
جا گەر کۆتری ئاشتی پێرێز لەو رێککەوتنەوە هاتبێت کە خەڵاتی لەسەر وەرگرتووە، ئەبێ بزانین کە ئەو رێککەوتنە جێ بەجێ نەکرا کە ئەبوایە دوو دەوڵەت یەک بۆ جوولەکە و یەکیش بۆ فەلەستینیەکان بە پێی ئەو رێککەوتنە پێکبهاتنایە، ئەوە جگە لەوەی کە هەموو بڕیارەکانی تری ئەنجومەنی ئاسایش و نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە فەلەستین و دروستبوونی دەوڵەتێك بۆ فەلەستینییەکان لە پەنای دەوڵەتی ئیسڕائیلدا لە لایەن دەوڵەتەکەی پێرێزەوە خراونەتە ژێر پێ و بە دەیان شەڕی دژی فەلەستینییەکان و عەرەبەکان هەڵگیرساندووە، هەر لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەودا هێرشی دڕندانەی سەر کەرتی غەززە ئەنجامدراو بەهەزاران مرۆڤی بێ تاوان کوژران و بریندار بوون، بە هەزاران فەلەستینیش لە زیندانەکانی دەوڵەتەکەیانا بەند کراون چونکە داوای کۆتایی هاتنی داگیرکاریی جوولەکە بەسەر خاک و وڵاتەکەیانەوە دەکەن و ملیۆنانیش لە تاراوگە ڕێگەیان پێ نادرێت بگەڕێنەوە خاکی خۆیان.
پێرێز لە کتێبەکەی خۆی(الشرق الاوسط الجدید) دا تەنها ئۆتۆنۆمییەکی کارتۆنی لە ژێر سایەی ئیسڕائیلدا بە فەلەستینییەکان ڕەوا دەبینێت، یاخود داوا دەکات ببنە بەشێك لە قەوارەی ئوردن لە داهاتوودا.
جا نازانم حیکمەتی ئەوە کە پێش ئیسڕائیل لە کوردستان پرسەی بۆ دانراوە هەر ئەو مێژووەیەتی کە باسمان کرد و بۆیە بووەتە(کۆتری ئاشتی) ، یان نهێنی تر هەیە لە پەنای ئەمەدا ؟!

نوێترین نوسینەکانی د. ئەحمەد وەرتی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌