ئەندامی پەڕلەمان و ئامادەبون لە دانیشتنی ئاسایی دا

وتار/ 14/02/2018 584 جار بینراوە

دانا دارا

بەناوی خوای گەورە
ئەندامی پەڕلەمان و ئامادەبون لە دانیشتنی ئاسایی دا
لە یاسا و پەیڕەوی ناوخۆدا
                                                                      دانا دارا حسین
ڕاوێژكاری پەڕلەمانی كوردستان
       29/9/2017
پێگەی یاسایی ئەندامی پەڕلەمان هێزی یاسایی خۆی هەیە , لەلایەك هەڵبژێردراوی خەڵكە و نوێنەرایەتیان دەكات , ولەلایەك سوێندی خواردوە و دەبێت پێوەی پابەند بیت .
ئەم سیفەتە كە ئەندام وەری دەگرێت ژمارەیەك ئەرك و ماف لە خۆی دەگرێت كە چوارچێوەكەی بە یاسای هەڵبژاردن و بە پەیڕەوی نێوخۆی پەڕلەمان ڕێك خراوە .
وەك زانراوە كە ئەندام سیفەتی پەڕلەمانتاری بۆ تەواوی خولەكە وەردەگرێت و ناتوانرێت لەكار لابدرێت .
هەروەها زۆرترین لەو ئەرك و ماف و دەسەڵاتانە كە ئەندام هەیەتی , بە پەیڕەوی ناوخۆی ئەم دامەزراوەیە رێك خراوە كە لە پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراوە , كەلە بابەتی ئامادە یان ئامادەنەبونی ئەندام لە دانیشتنەكاندا وەك یەكێك لە ئەركەكانی ئەندام ئەژمار كراوە كە پێویستە پابەندی ئامادەبون بێت بۆ ئەوەی بتوانێت بە ئەركی خۆی هەستێت بەشێوەیەكی ئاسایی .
وەلەكاتی ئامادە نەبون دا واتا :
1-     كورت هێنان لە ئەنجامدانی كارەكانی بەشێوەیەكی دروست .
2-     بەجێنەهێنانی ئەركی نوێنەرایەتی لایەنەكەی و دەنگدەرەكانی بە شێوەیەكی چاوەڕوان كراو .
3-     ئامادەنەبون بەبێ‌ هۆی دروست جۆرێكە لە شكاندنی ئەو سوێندەی كە خواردویەتی بە خوای مەزن بۆ دڵسۆزی و پابەند بون .

لە پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستاندا لە ماددەی 28 هاتوە :
(لە حاڵەتی ئامادە نەبونی ئەندام پەڕلەمان لەهەر دانیشتنێك لە دانیشتنەكانی پەڕلەمان بەبێ‌ پاساوی ڕەوا , ئەوا بڕی 30000 دینار لە موچەكەی دەبڕدرێت ) .
وە ئەگەر ئامادە نەبونی ئەندام (غیاب) بەردەوام بوو , ئەوا وەك لە پەیڕەوی ناوخۆ لە ماددە 30 بڕگە ب خاڵی 3 دا و لە ماددە 43 بڕگە 4 لەیاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراودا هاتوە بەم شێوەیە دەبێت :
(ئامادە نەبونی ئەندام لە سێ‌ دانیشتنی یەك لەدوای یەك بەبێ‌ پاساوی ڕەوا , دەبێتە هۆی لەدەست دانی ئەندامێتی و مافی پەڕلەمانە كە ئەو ئەندامە لە كار بخات ) .
هەروەها ئامادەبونی ئەندام لە كۆبونەوەی لیژنەكانیش بەهەمان شێوە بە بایەخ و گرنگە و هەمان حوكمی هەیە وەك لە مادەی 25 لە پەیڕەودا هاتوە :
(ئەندامی پەڕلەمان پابەند دەبێت بە ئامادەبون لە كۆبونەوەی لیژنەكان .....وەناكرێت ئامادە نەبێت تەنها بە پاساوی ڕەوا نەبێت ...) وە سزاكەشی هەمان سزای ئامادە نەبونە لە دانیشتنە ئاساییەكانی پەڕلەماندا وەك لە ماددەی 43ی پەیڕەودا هاتوە .
•     ئەنجام گیریەكان :
1-     ئەندامی پەڕلەمان یەكێك لە ئەركەكانی ئامادەبونە لە دانیشتنەكانی پەڕلەماندا ,و ئامادەنەبون كارێكی ناپەیڕەویە و ئاسەواری هەیە .
2-     پەیڕەوی ناوخۆ ئامادە نەبونی بێ‌ هۆ و مۆلەت نەكردنی وەك پاساوێك بۆ ئیقالە كردن ژماردوە .
3-     ئەم دۆخەی ئیستای پەڕلەمان كە نەكاراكردنەوەیە بەتەواوی مانا نە پەك خستنی تەواوەتیە , كە زیاتر لە دوو فراكسیۆن بایكۆتی كۆبونەوەكانی پەڕلەمانیان كردوە , بەشێوەیەكە كەس نازانێت تاكەی و چۆن بەردەوام دەبێت و تەكیفی یاسایی لە پەیڕەودا نەهاتوە , واتا ئەندام مافی ئەندامێتی لەدەست دەدات بەڵام بۆ فراكسیۆن و بڕیاری بەكۆمەڵی هیچ لەو ڕوەوە نەهاتوە .
4-     دۆخی ئێستای بایكۆت لە پەڕلەمانی كوردستان تەواو لە دۆخی فراكسیۆنە كوردەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەچێت , كە نەدەگەڕێنەوە بۆ بەشداری و نە ئەنجومەنەكە دەتوانێت بڕیاریان لە دژ بدات .
5-     خۆبەستنەوە بە چارەنوسی فراكسیۆنی پەڕلەمانی گۆڕان بۆ فراكسیۆنی كۆمەڵ كارێكە ناتوانین هەموی بە قازانج بزانین , لە كاتێك دا ڕوانین و دیدی ئەوان بۆ گەڕانەوەی سەرۆكی پەڕلەمان و بەشداری لە كۆبونەوەكانی ئایندە دیار نییە .

•     سەرچاوەكان :
1-     المركز القانونی لعچو البرلمان       د. اڤین خالد عبدالرحمن
2-     پەڕلەمان و كاری پەڕلەمانی         د. بەختیار غفور باڵەكی
3-     ئەرك و مافەكانی ئەندام پەڕلەمان و كۆتایی پێهێنانی ئەندامێتی      عەونی بەزاز
4-     یاسای هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان – عێراق ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو
5-     پەیڕەوی ناوخۆی پەڕلەمانی كوردستان –عێراق ژمارە 1ی ساڵی 1992ی هەمواركراو .

نوێترین نوسینەکانی دانا دارا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌