کەرکوک لە چاوەڕوانیی هێزێکدا کە دەستی لە شکست و خاکفرۆشیدا نەبوبێ !

وتار/ 14/02/2018 520 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

کەرکوک لە چاوەڕوانیی هێزێکدا کە دەستی لە شکست و خاکفرۆشیدا نەبوبێ !
*عەبدولستار مەجید
دواجار کەڵەکە بوونی سیاسەتی هەڵە و هەڵپەی بەرژەوەندخوازیی حزبیی و شەخسیی، شکستی بە دەسەڵاتی کوردی هێنا لە کەرکوک .
کورد لە دوای ٢٠٠٣ دەیتوانی بە خزمەتکردنی کەرکوکییەکان بە هەموو پێکهاتەکان، بە دروستکردنی دەیان کارگە و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و خستنە خزمەتی تەواوی نەوتەکەی بۆ خۆشگوزەرانیی خەڵکەکەی و، دامەزراندنی دەسەڵاتێکی ڕەشید، وابکات خەڵکەکەی خۆی جگە لە حوکمڕانی هەرێمی کوردستان، هیچ دەسەڵاتێکی دیکە قبوڵ نەکات .
بەڵام ئەمە لە بوونی دەسەڵاتی کورد لەو شارە پێچەوانە بوو، لە بری حوکمی یاسا و دەسەڵاتی دامەزراوەکان، پەروەردە و ئاسایش و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان و هەموو شتێکمان لەو شارە دوو دوو دامەزراند و هەر یەکەیان حزبێک دەیبرد بەڕێوە و، ئاشکراشە دامودەزگای حزب، بەرژەوەندی حزبیی و شەخسیی دێنێتەدی نەک خەڵک .
ئەگەر بەتەنها لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسەوە بە فیعلی و بە جدی کارمان بۆ جێبەجێکردنی مادەی ١٤٠ بکردایە لە بری شەڕکردن لەسەر پۆستی شەخسیی و دەستکەوتی حزبیی، ئێستا حاڵمان وەک ئێستا نەدەبوو کە دوای ئەو هەموو خەبات و قەربانیدانە، چاوەڕێی موچە لە عێراقێک بکەین، کە بە درێژایی مێژوو کەسمان لە کەسمان ڕازی نەبوین و متمانەشمان بەیەک نەبووە !
ئەم بارودۆخە بۆ هەرێمی کوردستانیش تەواو دروستە، چونکە ئێمە ئەزموونی بەڕێوەبردنی سێ پارێزگاکەی هەرێممان گواستەوە بۆ کەرکوک، بۆیە نەتوانرا هەڵبژاردنی دەسەڵات و حکومەتی کوردستان لای پێکهاتەکانی کەرکوک بکەینە فاکت و قەناعەت و، ئەوەشی لە دوای ١٦ ی تشرین هاتە پێش، بۆ خەڵکی کوردستان و تەنانەت بۆ بەشێکی زۆری کوردی کەرکوکیش نەبوو بە شۆک !! .
ناکرێ و نابێ بڵێین ئەوەی ڕوویدا تازە ڕۆیشت، مێژوو هەرگیز ڕەحم بەوانە ناکات کە کەرکوکیان بەمڕۆژە گەیاند .
بۆیە گۆڕینی ئەو واقیعە هەرگیز بەوانە ناکرێ کە سەرچاوەی شکست و نەهامەتین، گۆڕینی ئەو دۆخە پێویستی بە جورئەتی سیاسیی و دیدی ڕۆشن و هێزی نیشتمانیی هەیە .
دوای ١٦ ی تشرین، کەرکوک دۆخێکی تایبەتی هەیە، نە عێراق دەتوانێ بەتەنها دەسەڵاتی لەو شارە هەبێ، نە هەرێمی کوردستانیش دەتوانێ وەک جاران لەو شارە ڕەفتار بکات، تەنها شتێک کەمێک لەو دۆخە نالەبارە کە دەسەڵاتی خراپی حزبیی تێکیداوە، ئەوەیە هێزی نیشتمانیی دوای هەڵبژاردنەکان بێنە پێش، هێزێک کە دەستی لە شکست و خاکفرۆشیدا نەبوبێ !!

*ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌