هەڵبژاردنی پێش وەخت

وتار/ 08/02/2018 769 جار بینراوە

دانا دارا

هەڵبژاردنی پێش وەخت
دانا دارا حسین
ڕاوێژكاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان

     پاش ئەوەی پرسی ولایەتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان ئاڵۆز بوو وە بە ئیرادەیەك لەدەرەوەی پەرلەمانی كوردستان ئەم دەستەڵاتەیان لە پەرلەمان زەوتكرد وە نەیان هێشت پەرلەمان بە رێكاری یاسایی خۆی ئەم پرسە چارەسەر بكات .
     پاش ئەوە كۆبونەوەی پێنج قۆڵی و چوار قۆڵی هاتە ئاراوە كە چەندین سەعات كۆبونەوەی تێدا ئەنجامدرا وە بژاردەی جیاواز جیاوازی تێدا پێشكەشكرا كە لە ناویاندا وەك ئەگەری رێك نەكەوتنی لایەنە سیاسیەكان باسی ئەنجامادانی هەڵبژاردنی پێش وەخت كراوە، كە لە كاتی ئێستا دا ئەم بژاردەیە لەلایەن هێزێكی سیاسی گەورەوە كە پارتی دیموراتی كوردستانە خراوەتە سەر مێزی گفتووگۆكان، هەروەها لایەنی دیكەش ئەم پرسە بەدوور نازانێ‌ كە لە دواجاردا لایەنە ناكۆكەكان پەنای بۆ بەرن .
ئێمە لەم كورتە نوسینەماندا ئاماژە ئەدەین بە سەرنجی یاسایی لەسەر پرسی هەڵبژاردنی پێش وەخت :
*هەڵبژاردنی پێش وەخت لە یاسایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان - عێراق ژماری /1 ی 1992 ی هەمواركراو .
      یاسایی ناوبراو بە هیچ شێوەیەك ئاماژەی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت نەكردوە كە لە كاتی بە ئەنجام نەگەیشتنی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك یەكێك لە هەڵبژاردەكان پەنای بۆ ببردرێت، لە كاتێكدا پێویست بوو یاسای ناوبراو كە ئەركی رێكخستنی كۆیی پرۆسەی هەڵبژاردنی هەیە لە هەرێمی كوردستان ئاماژەی بە پرسێكی وا گرنگدابایە، بەڵام یاسای ناوبراو بە كۆی هەر حەوت هەموارەكەی ئاماژەی بە پرسێكی وا گرنگ نەكردوە واتە كەی و چۆن پرۆسەی نوێكردنەوە یاخود هەڵبژاردنی پێش وەخت ئەنجام بدرێت .
* هەڵبژاردنی پێش وەخت لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان- عێراق هەمواركردنەكانی :
بە هەمان شێوەی یاسای ژمارەیەك پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بێ دەنگی هەڵبژاردوە لەمەڕ پرسێكی وەها وە ئەگەری حاڵەتەكانی ئەنجامدانی هەڵبژارنی پێش وەخت.
*هەڵبژاردنی پێش وەخت لە دەستوری هەمیشەی عێراق :دەستوری كۆماری عێراق ساڵی 2005 ئاماژەی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت كردوە لە ماددەی 64 دا لە برگەی دووەم كە تێیدا هاتووە ( سەرۆك كۆمار لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەراندا، داوای ئەنجامادانی هەڵبژاردنی گشتی دەكات لە وڵاتدا لە ماوەیەكدا كە لە 60 رۆژ تێپەرنەكات، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران بە دەست لە كاركێشراو دادەندرێت، بەڵام لە كارەكانی بەردەوام دەبێت بۆ بەرێكردنی كاروباری ڕۆژانە ) .
      كەواتە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەخت پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانە وە سەرۆك كۆماریش لەم بارەیەوە دەبێت مەرسوم دەربكات بۆ بەرێوەچوونی پرۆسەكە.
*هەڵبژاردنی پێش وەخت لە یاسای سەرۆكایەتی :
یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان- عێراق ژمارە 1 ی ساڵی 2005 هەمواركراو ، لە ماددەی دەیەم دا لە برگەی چوارەم یاسای ناوبراو ئاماژەی كردوە بە هەڵبژاردنی پێش وەخت كە سەرۆكی هەرێم مەرسومێك دەردەكات وە پەرلەمانی كوردستان هەڵدەوەشێنێتەوە ئەویش لەم حاڵەتانەدا :
1-  ئەگەر بتر لە نیوەی ئەندامەكانی دەستیان لە كاركێشایەوە .
2- ئەگەر لەماوەی 45 ڕۆژدا لە بانگهێشتنی بۆ كۆبونەوەی خولی هەڵبژاردن، ژمارەی یاسای ئەندامان بەدەست نەهات .
3- ئەگەر پەرلەمان متمانەی بە ئەنجومەنی وەزیران لە سێ‌ پێكهاتەی وزاری جیاوازی یەك لە دوای یەكدا نەدا .
4- ئەگەر سیستمی هەڵبژاردنی ئەنجومەن گۆڕاو، خولی هەڵبژاردن شەش مانگ یان كەمتری مابوو.
كەواتە مەرجەكانی هەڵبژاردنی پێش وەخت كە لە یاسای ناوبراودا ئاماژەی پێكراوە پێوستە بهێنە دی بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پێش وەختە ئەنجام بدرێت .
*هەڵسەنگاندنی بژاردەی هەڵبژاردنی پێش وەخت :
     وەك لەو دەقە دەستوری و یاساییانەدا ئاماژەمان پێدا هەڵبژاردنی پێش وەخت مەرج و كاتی یاسایی خۆی هەیە وە لەرووی یاساییەوە پێویستە مەرجەكانی بێنەدی، پاشان بڕیار بدرێت لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەیەكی وەها گرنگ، وە لە كاتی ئێستادا پەیرەوكردنی ئەم بژاردەیە زۆر نایاسایی و لە رووی واقعیەوە گوجاو نیە ئەمەش لەبەر ئەم گرفتە سەرەكیانەی كە لەبەردەم ئەم پرۆسەیەدایە:
1- هەرێمی كوردستان لە كاتی ئێستا دا كەتوتە قەیرانێكی گەورەی بۆشایی یاسایی ولایەتی سەرۆكی هەرێم كە ئەم پرسە بەستراوەتەوە بە هەڵبژاردنی سەرۆكێكی نوێ‌ بۆ هەرێمی كوردستان یاخود دەستكاری ولایەتەكانی بەدرێژكردنەوە یاخود زیادكردن، كەواتە ئەم پرسە هیچ پەیوەندیەكی بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێش وەختەوە نیە وە بە هەڵبژاردنی پێش وەختیش چارەسەر ناكرێت .
2- كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رایگەیاندوە كە بەهۆی نەبونی بوجە وە كارمەندی تەواو وە نەبونی تۆمارێكی دروستی دەنگدەران لەكاتی ئێستا دا ناتوانین هیچ پرۆسەیەكی هەڵبژاردن بەڕێوەبەرین .
3- هەڵبژاردنی پێش وەخت پرسی ناكۆكی لەسەر سەرۆكایەتی هەرێم چارەسەر ناكات،چونكە كێشەكە لە خودی پەرلەماندا نیە، بەڵكو لە دامەزراوەیەكی دیكە دایە، وە ئەگەر هەڵبژاردنی پێش وەختیش ئەنجام بدرێت پاش پڕۆسەكە دەبێت لایەنەكانی ناو پەرلەمانی كوردستان جارێكی دیكە بۆ هەمان پرس دابنیشنەوە .
4- هەرێمی كوردستان لەكاتی ئێستادا خاوەنی تۆمارێكی دەنگدەرانی تایبەت بەخۆی نیە كە پرۆسەی هەڵبژاردنێكی خاوێن ئەنجام بدرێت وە زانستیانە ئەنجامەكەی پەسەند بكرێت .
5- یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن زۆربەی لایەنەكانەوە داواكراوە هەموار بكرێتەوە وە پێداچوونەوە بكرێت بە سیستمی هەڵبژاردن و ناوچەكانی دەنگدان، سەرلەنوێ‌ رێكخستنەوەی كورسی كۆتاكان ئەمەش تا ئێستا نەكراوە .
كەواتە بژاردەی هەڵبژاردنی پێش وەختە بژاردەیەكی یاسایی وگونجاو نیە.

نوێترین نوسینەکانی دانا دارا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌