کشانەوە یان مانەوە ؟!

وتار/ 24/09/2016 687 جار بینراوە

عەبدولستار مەجید

کشانەوە یان مانەوە ؟!
عەبدولستار مەجید
بەھۆی ئەو ھەموو قەیرانە سیاسی و ئابوریی و داراییەی ھەرێمی کوردستانی تێکەوتووە و، نەبوونی ھیچ پلان و ئاسۆیەکی ڕوون بۆ چارەسەر و کۆتایی پێھێنانی، سەقفی داخوازی خەڵک گەیشتوەتە ئاستی دروستکردنی فشار لەسەر حزبەکان و داواکاریی بۆ کشانەوە . ئەمە لەناو حزبەکان خۆشیاندا حاڵەتێکی بەرجەستەیە و تا ڕادەیەک مشتومڕی دروستکردووە .
دواجار کۆمەڵی ئیسلامییش وەک یەکێک لە پێنج ھێزە پێکھێنەرەکەی کابینەی ھەشتەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی ئەندامانی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی سیاسی پەرلەمانتار و وەزیر و بەرپرسەکانی لە حکومەت و ژمارەیەک لە کادرە باڵاکانی (دیبەیت)ێکی بۆ تاوتوێکردنی پرسی مانەوە یان کشانەوە لە حکومەتی ھەرێم ڕێکخست .
ئەم پرسە لەناو کۆمەڵدا قسە و باسی زۆری لێوەکرا و، ڕاو سەرنجی جیاوازیش خرایەڕوو وەک ھەر ھێزێکی زیندوو و کاریگەریش جیاوازی لە بۆچوونەکاندا ھەبوون چ لەسەر مانەوەمان لە کابینەی ھەشت یان کشانەوەمان .
ڕاپۆرتێکی تێروتەسەل دەرەنجامی ئەو دیبەیتە دەبێت و ئاراستەی ئەنجومەنی سەرکردایەتی دەکرێت تا بە وردی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆی چڕوپڕی لەسەر بکرێت و دواتریش ھەر ئەندامانی کۆمەڵی ئیسلامیە بڕیاردەدات کە ئێمە بمێنینەوە یان بکشێینەوە .
ئەو پرسە لە ناو ئەنجومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی سیاسیدا تاوتوێ دەکرێت و بۆچوونی کادرانی باڵای کۆمەڵی لە سەر وەرگیراوە گەر پێویستیش بکات راوێژ لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانیش دەکەن و دواتر بڕیاری لەسەر دەدەن .
ھەرچۆن بێت و بڕیاری ئەندامانی کۆمەڵ ھەرچی بێت، دڵنیام بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان لەبەرچاو دەگیرێت و، دەبینە بەشێک لە چارەسەری قەیرانەکان و کێشەکان قوڵتر ناکەینەوە، لانی کەمی نابینە بەشێک لە بارگرانی خەڵکی کوردستان بە گشتی و موچەخۆران و فەرمانبەران بەتایبەتی ، بەڵکو ئێستاش ئێمە پێداگریی لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و چەقبەستویی ھەرێم و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک دەکەین و کاری جدیشی لە پێناودا دەکەین و ئامانجی بەشداریشمان لەم کابینەیە، چاکسازیی لە سیستمی حوکمڕانی و خۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان بووە .

بەداخەوە ماوەی دوو ساڵ زیاترە دۆخی ژیان و گوزەرانی خەڵک سەخت و مەترسیدارە و، بۆیە دەبێت حکومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک گوێ لە ناڕەزایەتی خەڵک و ھێزە سیاسیەکانیش بگرێت و ھەنگاوی جدی بە ئاراستەی چارەسەری قەیرانی دارایی و نەھێشتنی ناڕەزایەتیەکان بە باشکردنی ژیانی موچەخۆران و فەرمانبەران بنێت .
بەتایبەت ئێستا کە نرخی نەوت بەرزبوەتەوە، کاتی ئەوەیە نیگەرانیەکانی خەڵک بڕەوێنرێتەوە و چاو بە موچەکانیاندا بگێڕدرێتەوە، ھەرچەند ئەمە چاکسازیی نیە و پرسی چاکسازیی زۆر لەوە گەورەتر و فراوانترە پێویست دەکات دیدگای حکومەت لەسەر ئەو پرسە گرنگە لای خەڵک و ھێزە سیاسیەکان ڕوون و ئاشکرابێت و دەست بخرێتە سەر برینەکان و کات بەفیڕۆ نەدرێت .
بەھەرحاڵ کۆمەڵی ئیسلامیی دەخوازێت شەفافیەتی تەواو لە پرسی نەوت و داھاتەکەیدا بەرجەستە بکات، بۆ ئەمەش جێبەجێکردنی یاسای سندوقی داھاتەکانی نەوت باشترین دەستەبەری ئەو شەفافیەتەیە .
لەپاڵ ئەوەشدا پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە تا چاودێر و پاڵپشتی حکومەت بکات لەم قەیرانە سەختە و وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بگەڕێنەوە سەرکاری خۆیان و، بە ھەموو ھێزەکان ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەگەرنا ھەم خەڵک بە شێوەیەکی گشتی، ھەم لەناو حزبەکانیشدا دەنگی کشانەوە زاڵ دەبێت کە ئەو کات ئەوسەری تونێلەکە نابینرێت و ناشزانرێت چارەنوسی ھەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەڕوات ؟!

نوێترین نوسینەکانی عەبدولستار مەجید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌