عە فرین لە ئاگر و خوێن و فۆبیای توركیادا

وتار/ 21/01/2018 642 جار بینراوە

یاسین نادر ڕه‌حمان

عە فرین لە ئاگر و خوێن و فۆبیای توركیادا
 یاسین نادر ڕەحمان
ناونیشانی بابەتەكەم لەوەوە وەرگرت كە هەندێك وڵاتی ئیسلامیی كاتێك لە غەزەو فەلەستین شەڕێكی خوێناوی ڕوویدەداو بە كوورتی زوڵمێك لە دژی خەڵك لە غەزەوە هەستی پێ كرا دروشمی سەرجەم كەناڵەكانیان ئەوە بوو كە : "غەزە لە ئاگرو خوێندا"یە، ئەگەر تەوژمیی عەرەبچێتی و بوونی بەناو ئیسلامی لە كرداری ئەواندا ناڵێم: نەبوایە، ئەم جۆرە هەست و سۆزە نەتەوەییانەیان نەدەنواند، چوونكە تەوژمە پشتیوانییەكان هەمیشە لە چوارچێوەیەكی ناسیونالیستی عەرەبیانە زیاتر هیچ نەبوو، كاتێكیش كاتژمێر 6ی ئێوارەی 20/ 1/ 2018 دەستپێكی هێرشە جیدییەكانی توركیاش بۆ عەفرین بەهۆی هێرشی سەربازی و باڵەفڕەكانی بینرا، كێ‌ ئەوەی بەبیردا لەناوچە جۆراوجۆرەكانی كوردستاندا نەهات كە خۆزگایا كورد ئەو نەتەوە یەكانگیر و یەكدەنگە بوایا كە ئاواتە خوازی هەمیشەیی بووە، بێ توانیبایا.. بێ هیچ چاوەڕوانییەك بەرگری لە هەر چوار پارچەی خاكەكەی لەم كات و ئان و ساتانەدا بكردایەو دروشمی" ئاگر و خوێن" لە حەقی دوژمنانیدا كردەكی بكردایە. ئەمە گەرچی دەردڵێكی نووسەرانە لەم بارەیەوەیە، بەڵام با لەو لایەنە سیاسییەی عفرین بۆ كەوتنە ناوەوەی لەم دۆخە سیاسییەی ئێستایدا بوەستین و كە عەفرین لە فۆبیای توركیادا چیبوو كە كرایە ئامانج و كەوتە ناو ئەم تەوژم و تەنگژەی شەڕو ئاڵۆزیانەوە.
عەفرین لە فۆبیای توركیادا
ئەوەی بە نسبەت عەفرینەوە جێی باس وخواسە ئەوەیە: كە بڕیاردانی ئیئتیلافی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتی ئەمریكا بۆ پێكهێنانی هێزێكی ئاسایشی و ئەمنی تازە لە سنوورە هاوبەشەكانی سوریا لەگەڵ توركیاوعێراقەوە پەیوەست بوو. كە بەرپرسانی ئەمریكا ئەم هێزە نوێیە لە یەكەكانی بەرگری بۆ خاك و خەڵكەوەی دەزانن كە توركیاش ئەم گروپەو هاوشێوەكانیی پەیوەست بە پ.ك.ك، ەوە دەزانێت، كە به هێزی تیرۆریستی هەمیشە ناوزەدیانی كردووە.
 كێشمەكێشەكانی ئەمدوایەی توركیاو ئەمریكاش گەر لەم دوایانەدا لێ بڕوانین بە بێ گومان  ڕەنگە سنووردار و پەیوەست بەس بە پشتیوانی كردنی دەوڵەتی ترەمپەوە لە هێزە كوردیەكانی  باكووری سوریادا ڕەنگە نەبێت بەڵكوو لە ڕوانگەی بەرپرسانی توركیاوە بێ بەڵێنی ئیدارەی ترەمپیان بە بەڵێنەكانی لە مانگی نۆڤەمبەردا دەگەڕێننەوە كە دەبوو پەیوەست بە بڕینی یارمەتییە سەربازیی و جەنگییەكان بە هێزە كوردیەكان بوایا، لەگەڵ ئەمەشدا ڕاگەیاندنی پێكهێنانی هێزەكانی ئاسایشی گشتی لە سنوورەكان بە بەشداریكردنی هێزەكانی YPG لە سنووری سوریاو توركیادا هیچ شوبهەو گومانێكی بۆ توركیا نەهێشتەوە كە ئەمریكا لە ڕێگەی هاوكاریكردنی"دوژمنەكانی توركیا"وە بەدوای سەدمە گەیاندن بە بەرژەوەندییەكانی توركیایە كە بۆ ڕوانگەی جیوپولەتێكی ئەم ناوچانە بۆ دەوڵەتی توركیا دەگەڕێتەوە.
هەر لەم ڕووەشەوە وڵاتی توركیا لە سەرەتاكانی مانگی جانیوەری 2018دا بانگەشەو خواستی پێكهێنانی هێزێكی بیست و دووهەزار نەفەری كە پێكهاتوو لە هێزەكانی ئازادی سوریاو 30 دەستەو تاقمیتر لە دژەكانی بشار اسد بە سەركردایەتی "جواد ابو حگب" سەرۆكی دەوڵەتی كاتی سوریایە، كرد. كە لە ئان و ساتدا بوو كە هێرش بكەنە سەر شاری عەفرین، كە لە ژێر كونتڕۆڵی هێز و یەكەكانی بەرگری خەلقدان.
توركیا لە لایەكی تریشەوە ترسی ئەوەی هەیە كە هێزە كوردیەكان لە ڕەققەو ناوچەكانی باكووری سوریاو شوێنانیتر، بە یارمەتی ئەمریكا لە بەرانبەركێ كردن هێزەكانی سوپای ئازاد لە سنووری سپەری فورات(تەڕابڵۆس- الباب- عەزاز) بێنە ناو شاری عەفرین و ئاسایشی سنوورەكانی ئەم شارە بە تەواوی بخەنە مەترسییەوە.
 لە دیوێكی تریشەوە ئەوە دیارە كە پێشڕەویكردنی هێزەكانی سوریا بەرەو ناوچەكانی سەنتەرو باكووری ئیدێلب، توركیا دەخاتە تەنگەبەری جیوپۆلەتیكییەوەو توركیاش هەوڵ دەدات تا بە ترساندن بە تەداخولكردنی سەربازی لە عەفریندا دەستپێشخەرییەكی كردبێت و هێزی بەرانبەركێی خۆی هاوشێوەی ئوپەڕاسیۆنی"سپەری فورات" كە تەداخولكردنی سەربازی توركیا لە شەڕی نێوخۆی توركیا بوو، هەمدیسان بەڕووی هەمواندا پیشان بدات.
ئەوەش نابێت لەبیر بكرێت پێشڕەوی كردنی سەربازی سوریاو ئێران و ڕوسیا بەرەو باكوور و باكووری ڕۆژئاوای سوریا بووەتە هۆی ئاڵۆزی و تووندوتیژی نێوان لایەنگرانی بەشار ئەسەدو دژەكانیی، كە ئەمەش جگە لەوەی هەندێك ڕێكەوتنی خستووەتە ژێر پرسیارەوە لەمبارەیەوە، توركیاشی بەرەو جوڵانەوەو هەستانەوەیەكی جیددی بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی جیوپۆلەتیكی لە سوریا لەگەڵ ئێران و ڕوسیاو سوریادا پەلكێش كردووە.
ئەگەر لێ وردببینەوە وا دێتە بەرچاو ئەمریكاش لەم نێوەندەدا مەبەستی لە سەیتەرەكردن بەناوچەكانی ڕۆژەهەڵاتی ڕووباری فوراتە. بەردەوامی پشتیوانییەكانی ئەمریكاش لە كوردەكان لەم ناوچانەو ناوچەكانی باكووری سوریا كە خۆی لە ئامانجە سیاسییەكان دەبینێتەوە وایی كردووە ئامانجە سیاسییەكانی توركیا تووشی شەلەل بكات و دوژمنگەرێتی ئیداری ئەردوغانی بەدوادا بووە. لەم ڕووەشەوە دەتوانین بڵێین جیوپۆلەتیكی ئێستای سوریاو ئێران و توركیاو ڕوسیای بەرەو شكانەوە چووەو كە گەر لە توركیادا كوورتی بكەینەوە دەتوانین بڵێین كەنفوزی جیوپۆلەتیكی توركیا لەم ناوچانەدا خستووەتە مەترسیی و تەنگەبەرییەكی تەواوەوە كە چاوەڕوانی ئەوەی لێ دەكرێت كارەساتگەلی تری لە سوریادا بەدواوە بێت.
گەر كەمێكیش دوور لێكدانەوە لە باس و ناوەڕۆكی وتارەكەوە بكەین ئاوا بەرداشێك دەبینین:
 كە لەڕوانگەی هێزە بەشداربووەكانی ڕزگاركەرو پشتیوانیی رژێمی بەشار ئەسەد لەم چەند ساڵەدا كە  بە بیانووە جۆراوجۆرەكان خۆیان خزاندووتە نێو ئەم وڵاتەو ناوچەكانیەوە یانیش لەماوەی شەڕی داعشدا دروست بوون ئەوەیە كە: ئەوان هەر تاقم و گروپێك و دەستەو هێزێك لە دژی بەشار ئەسەد و حوكمەكەی بووبێت لە ڕێڕەوی هاوشێوەشەڕكردن لەگەڵ داعشیدا دەزانن و عەفرین و ناوچە كوردیەكانیتر با هێزەكانی پارێزەریان لە ژێر پشتیوانی ئەمریكاو وڵاتانیتریش بن، بەڵام بێبەش لەم دوژمنكاریەی نازانن و هەر وەك لە ئێستادا دەبینین ئامانجیان لە لاوازكردن و لەنێوبردنی ئەم هێزانە لە پاش شەڕی داعش و بەكوورتی لاوازكردنی پێگەی كوردانە.

نوێترین نوسینەکانی یاسین نادر ڕه‌حمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌