یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی بەرەو عەسکەرتاری

وتار/ 26/12/2017 869 جار بینراوە

محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا

یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی بەرەو عەسکەرتاری
محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا
هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی له‌ ساڵی 1975 له‌سه‌ر ده‌ستی ڕه‌وانشاد مام جه‌لال، چه‌ند جارێك هه‌یكه‌لی ئه‌م حیزبه‌ شێوه ‌به‌ره‌ییه‌، وه‌ك له‌ یه‌كه‌مین په‌یڕه‌و و پرۆگرامدا هاتووه‌، ده‌ستكاریی كراوه‌و گۆڕانكاری له‌ پێكهاته‌و ته‌شكیلاتیدا كراوه‌. به‌ڵام هه‌موو جارێك بریتی بووه‌ له‌ دوو به‌ش یان باڵی سه‌ره‌كی، ئه‌وانیش مه‌كته‌ب سیاسی كه‌ كادره‌ سیاسیه‌كانی له‌خۆی گرتووه‌ و مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری كه‌ كادره‌ سه‌ربازییه‌كانی له‌خۆی گرتووه‌. به‌ هه‌ردووكیان سه‌ركردایه‌تی باڵای حیزب بوون و سه‌ركردایه‌تی سیاسی و سه‌ربازیی شۆڕشیان كردووه‌.
به‌رده‌وام مه‌كته‌ب سیاسی باڵا ده‌ستتر بووه‌، هۆكاری سه‌ره‌كیش بوونی هه‌ردوو ڕه‌وانشاد مام جه‌لال و نه‌وشیروان مسته‌فا بووه‌، چونكه‌ ئه‌و دوو كه‌سایه‌تییه‌ به‌هێزترین كاره‌كته‌ری ناو یه‌كێتی بوون. به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ مه‌كته‌ب سیاسی به‌هێزتر و باڵاتربووه‌. ئه‌مه‌ش كارێكی ئاسایی و باوه‌، لایه‌نی سیاسی له‌ ناو هه‌ر حیزبێكدا، پێویسته‌ بڕیار به‌ده‌ست بێت و باڵی سه‌ربازییش جێبه‌جێكار بێت.
دوای ڕاپه‌ڕین و دروستكردنی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی كوردستان، مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری ڕۆڵێكی بۆ نه‌مایه‌وه‌ چونكه‌ حوكمڕانی ده‌زگاو ناوه‌ندی نوێی سه‌ربازی ده‌خواست. له‌ به‌رامبه‌ریشدا مه‌كته‌ب سیاسی ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕۆڵی زیادی ده‌كرد و كاره‌كانی فراوانتر ده‌بوون.
فه‌رمانده‌ سه‌ربازیی و كادره‌ باڵاكانی مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ریش له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئۆرگانه‌كه‌ی خۆیان ڕۆژ به‌ دوای ڕۆژ نفوزیان زیادیكردو خه‌ڵكی چه‌كداریان له‌ ده‌وری خۆیان كۆكردووه‌. مه‌كته‌ب سیاسی ورده‌ورده‌ پیرو لاواز ده‌بوو، ئه‌ندامه‌ دێرینه‌كانی چوونه‌ ساڵه‌وه‌و ڕه‌وانشاد مام جه‌لال قورسایی خۆی برده‌ به‌غدا، ڕه‌وانشاد نه‌وشیروان مسته‌فاش یه‌كێتی جێهێشت. مه‌كته‌ب سیاسی چۆڵ بوو، ناچار به‌ كادری سه‌ربازیی شوێنه‌ چۆڵه‌كان پڕكرانه‌وه‌، تا له‌م ساڵانه‌ی دواییدا وای لێهات زۆرینه‌ی مه‌كته‌ب سیاسی بووه‌ كادری سه‌ربازی، ئه‌و ئه‌ندام مه‌كته‌ب سیاسیانه‌ش كه‌ كادری سه‌ربازیی نه‌بوون ورده‌ ورده‌ شوێنیان له‌ق بوو و ده‌سه‌ڵاتیان ته‌حجیم كرا. له‌م ماوانه‌شدا كه‌ مه‌كته‌ب سیاسی هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه‌، ئیتر ئه‌ندام و كادره‌ سیاسیه‌كان وه‌ك هه‌ر ئه‌ندامێكی ئاساییان لێهات، به‌ڵام كادرانی سه‌ربازیی و فه‌رمانده‌كان له‌به‌رئه‌وه‌ی هێزی چه‌كداریان له‌ده‌وره‌، ناكرێت نادیده‌ بكرێن. ئێستا یه‌كێتی وه‌ك حیزبی سیاسی، له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌یڕه‌و پرۆگرامی خۆی، هیچ ناوه‌ندو ئۆرگانێكی سیاسی بڕیارده‌ری نه‌ماوه‌، بۆیه‌ له‌م ڕووداوانه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا، قورسترین یه‌كه‌ی سه‌ربازیی یه‌كێتی ده‌جوڵێنرا، به‌بێئه‌وه‌ی یه‌ك سیاسیش ئاگاداربێت، دواتر دوو به‌یاننامه‌ به‌ناوی ئه‌نجومه‌نی باڵای هێزه‌كانی كوردستانه‌وه‌ ده‌ركرا، به‌بێ ئیمزاو ناوی كه‌سی له‌سه‌ر نه‌بوو، واته‌ ئه‌م جووڵه‌ سه‌ربازییه‌ گه‌وره‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌شه‌، ئه‌مه‌ بۆخۆی واتای ئه‌وه‌یه‌، كه‌ ئێستا له‌ناو یه‌كێتیدا باڵی سه‌ربازی، یان مه‌كته‌ب عه‌سكه‌ری هاوشێوه‌ی جاران، یان هه‌ر ناوێكی دیكه‌ی هه‌بێت، بڕیارده‌ره‌و كادره‌ سیاسیه‌كان ڕۆڵیان نه‌ماوه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌ندامانی حیزبه‌كه‌ چاوه‌ڕێده‌كه‌ن، كۆنگره‌ بگیرێت، كه‌ له‌ نزیكدا ئه‌گه‌رێكی لاوازه‌، ئه‌وا ئه‌مجاره‌ یه‌كێتی وه‌ك حیزب گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌خۆیه‌وه‌ ده‌بینێت و چیدی سیاسیه‌كان تیایدا باڵاده‌ست نابن و یه‌كێتی زیاتر مۆركی یه‌كه‌ی سه‌ربازی وه‌رده‌گرێت تا ئه‌وه‌ی سیمای حیزبی سیاسی هه‌بێت.

نوێترین نوسینەکانی محه‌مه‌د عه‌بدوڵڵا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌