ڕێگاکانی ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی

وتار/ 11/12/2017 1306 جار بینراوە

تێكۆشەر حوسێن

ڕێگاکانی ڕووبەڕوبونەوەی گەندەڵی

تێكۆشەر حوسێن

لە ڕۆژی ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی جیهانی دا واتا بەرواری ۹ ی دیسمبر دا دەمانەوێ تیشک بخەیەنە سەر گەندەڵی ، جۆرەکانی چین ؟ هۆکارەکانی چین ؟ دیاردەکانی چین ؟ یاسای ڕوبەڕوبونەوە چیە بۆ گەندەڵی ؟ چۆن دەتوانین لێی دەربازبین ، کامانەن ئەو کۆمەڵگانە کە توشی گەندەڵی هاتوون، لە خوارەوە دێین بە ووردی باسی لێوەدەکەین ، سەرتا سادەترین پێناسە بۆ گەندەڵی بریتیە :

بەدبەکارهێنان یا خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و شەخسی هەروەها بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ خزم و کەس و کار واتا محسوبیەت و منسوبیەت ، هەروەها پێشێل کردنی ڕێنمایی و یاسا و دەستور و ڕاسپاردە …

لە دنیای ئەمڕۆی پێشکەوتندا گەندەڵی بە یەکێک لە هەرە ئافاتە گەورەکانی کۆمەڵگە دادەنرێت ، ئەمەیش لە ئەنجامی کەمبونەوەی هۆشیاری و مرۆڤایەتی و هەستنەکردن بە بەرپرسیارێتی سەرشانمان …بۆئەوەی بچینە وردەکاریەوە سەرەتا بابێین بزانین

جۆرەکانی کامانەن ؟
ـ جۆرێکیان گەندەڵی ئیداریە
ـ جۆرێکیان گەندەڵی دارایی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی سیاسی یە
ـ جۆرێک گەندەڵی ئەخلاقیە
ـ جۆرێک گەندەڵی کۆمەڵایەتیە

ئێستا کەزانیمان جۆرەکانی چین ، بابزانین :

هۆکارەکانی چین ؟
ئەگەرچی جۆر و هۆکارەکانی گەندەڵی تۆزێک لەیەکترەوە نزیکن بەڵام دێین یەک بەیەک هۆکارەکانی شیدەکەینەوە :

یەکەم : هۆکاری سیاسی
هۆکاری لاوازی دەسەڵاتی دامەزراوە حکومیەکان بەپلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ لاوازی هەریەک لە سێ دەسەڵاتە سەرەکی یەکە بەتایبەتی دەسەڵاتی جێبەجێکردن ، هەروەها ونبونی ئەرک و مافەگشتی و تایبەتیەکان لەناو کۆمەڵگەدا .

دووەم : هۆکاری ئابوری
کۆمەڵگە بەجۆرێک دوچاری بارودۆخێکی ئابوری خراپ دەبێتەوە توشی داڕمانی ئابوری دێت ، بۆ نمونە بە هۆی هەڵگیرسانی شەڕ و گەمارۆی ئابوری و بەرزبونەوەی خەرجیەکانی ژیان و بڵاوبونەوەی گەندەڵی ئابوری و ڕامیاری.

سێیەم : هۆکاری کۆمەڵایەتی
هۆکارە کۆمەڵایەتیەکان لە ژینگەیەکەوە بۆ ژینکەیەکی تر و لە کۆمەڵگەیەکەوە بۆ کۆمەڵگەیەکی تر دەگۆڕێت .

چوارەم : هۆکاری دینی
لەهەر کۆمەڵگەیەکی پەیوەست بە ئایینەوە ، لاوازی خیتابی دینی وادەکا کۆمەڵگە پەلکێشی گەندەڵی بێ ، بەوەی پیاوانی دینی کۆمەڵگەکە نەیانتوانیوە پەیامەکە بگەیەنن .

پێنجەم : هۆکاری پەروەردەیی
لاوازی هەریەک لەلایەنی معنی و معریفی پەیوەست بە پەروەردە و خوێندنی باڵاوە دەبێتە هۆی بڵاو بونەوەی گەندەڵی .

بە شێوەیەکی زانستی و ئەکادیمی ئەمانە کۆمەڵێک بون لەو هۆکارە سەرەکیانە کە دەبنە هۆی بڵاو بونەوەی گەندەڵی ، تا ئاستێک وای لێدێت لە کۆمەڵگە دا ئەبێتە دیاردە ، سەرچاوەی بڵاوبونەوەی دیاردەکەش بە هەمان شێوە پەیوەستە بە هەندێک دیاردەی ترەوە ئەمانیش ( ڕیشوە و بەرتیل خۆری و خزم خزمێنە و واسیتە و کەمبونەوەی پاداشت و شایستەی دارایی و ئیستغلال کردن و بەکارهێنانی موڵک و ماڵی گشتی و کەمی پابەندبون بە دەوامی فەرمی و کەمبونەوەی گرنگی کات هتد….)

گەندەڵی بە پێی حەجمی خۆی لەهەر وڵاتێک بڵاوبویەوە وڵات توشی داڕمانی ئابوری دەکات دەربازبونیش لێی ئەستەم دەبێ واتا بە پێی ی هەمان حەجم ڕاستەوانە دەبێ ، لەخوارە باس لە ڕووبەڕوبونەوە دەکەین

ڕێگاکانی ڕوبەڕوبونەوە :
بۆ ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و بنەبڕکردنی ئەرکی سەرشانی تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە وەک ئیلتیزامی ئاینی و ئەخلاقی و نیشتمانی و مرۆڤایەتی …

یەکەم : دووبار پێداچونەوە بە یاساکارپێکراوەکان کە هۆکارێکن بۆ بڵاو بونەوەی گەندەڵی و ڕێخۆشکەرن ، هەروەها نەهێشتنی ڕۆتین لە دامەزراوە حکومیەکان و جێبەجێکردنی سزای گەندەڵی بۆ گەندەڵکاران و ڕاپێچکردنیان بۆ بەردەم دادگا .

دووەم : هۆشیاری کۆمەڵایەتی ، لەسەر ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و پەیوەست بەدژەگەندەڵی و نیشتمان دۆستیە کاربکەن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری دژ بەگەندەڵی و ڕاهێنانی تاک و پەروەردەکردنیان بە نیشتمانەوە .

سێیەم : دیاری کردنی پاداشت ، لە بەرانبەر بنەبڕکردنی هەرگەندەڵیەک لە هەر ئاستێک لە هەر دامەزراوەیەک لە دامەزراوەکانی حکومەتدا .

چوارەم : بەهەمان شێوە دیاری کردنی سزا ، بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەی دیاردەکە ، بەشێوەیەک گونجاویش بێ ، ببێت بە پەند و پەشیمانی بۆ کەسی گەندەڵیکار .

پێنجەم : دۆزینەوەی هەلی کاری گونجاو بۆ هاونیشتمانیان و دامەزراندن و هێنانە پێشەوەی فەرمانبەری لێهاتوو موختەس بەو بوارە لە دامەزراوە حکومیەکان .

شەشەم : لە بواری پەروەردەوە ساڵانە بڵاوکراوەی تایبەت بە بنەبڕکردنی گەندەڵی بڵاو بکرێتەوە ، هەروەها لەناو کۆمەڵگەش لەلایەن پیاوانی دینیشەوە بە هەمان شێوە .

حەوتەم : پێکهێنانی لێژنەیەکی تایبەت بە دژە گەندەڵی لە هەر فەرمانگەیەک بۆ ڕێگریکردن و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی .

هەشتەم : هێنانە پێشەوەی گەنج و سود بینین لە توانا و کەفائەتیان و ئەو باوەڕە پتەوەی کە هەیانە لە بەرانبەر گۆڕان و گۆڕانکاری .

نوێترین نوسینەکانی تێكۆشەر حوسێن

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌