مەگەر وانیە ! چیتان بەچی کرد

وتار/ 06/10/2017 589 جار بینراوە

کەمال ئەسکەندەر

مەگەر وانیە ! چیتان بەچی کرد
نوسینی : کەمال ئەسکەندەر
گۆڕانکاریەکان وردوخێران هەر دوێنێ بوو وترا بۆ ڕیفراندۆم ڕێکاری یاسایی و هەنگاوی دیبلوماسی بۆ نەگیراوەتەبەر،  بۆیە دەنگێکی ناڕەزایی بەرز لەلایەن کۆمەڵ وگۆڕان بەوە و داوای دواخستنیان کرد .

 هەردوێنی بوو بانگەشەیەکی کەمتر لەپێویست بۆ پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە چەند پارێزگایەک بەڕێوەچوو کە ماندونەناسانە  لەلایەن یەک حزبەوە بەشێوەیەکی مەیدانی شانی درایەبەر .

هەر دوێنێ بوو هەندێک لایەنی بەشدار لەئەنجومەنی ڕیفراندۆم تەنانەت ئامادەنەبون لەسەر شاشەی کەناڵەکانیشیان بەلۆگۆیەکیش ئەرکی بانگەشە بگرنە ئەستۆ، بەڵکو بینەرێکی دووربەدووری دۆخەکە بوون .

هەردوێنێ بوو لەلایەک ڕیفراندۆمێکی تێرلە کەم وکوڕی و پڕ لەتێبینی هەموانی کۆکردەوە بەرەوئامانجێکی نیشتمانی ، لەم لاشەوە بەرپرسانی حکومەتی ناوەند بەهەڕەشەی دەستور ویاسا لەشاشەکان دەرکەوتن ، هەروەک  ووڵاتانی دراوسێ بە ئاوازێکی بێزارکەر نەقورچەمان لێ ئەدەن و زلهێزانی دونیاش بەوتنەوەی پاراستنی یەک پارچەیی خاکی عێراق پشتیان تێکردین .

ئەی ئەمڕۆ چی ؟ مەگەر هەڕەشەکان ڕۆژبەڕۆژ بەرەو واقیعی بون نین؟  مەگەر پێشبینی  مەترسیەکانی کۆمەڵ وگۆڕان نەبون  بەحەقیقەت ، ئێستا دەرکەوت چەندە حەکیمانە لەبارودۆخەکەیان دەڕوانی .

ئێوە خەریکی چین ؟ هەرێمێک فڕۆکەخانەی وەستێنرابێ ، هەرێمێک دەروازەسنوریەکانی لەژێر هەڕەشەی داخستن دابێ و داهاتی نەوتەکەشی لەلێوی گیرفانی دراوسێ بێ ، مەگەر هاونیشتمانیان لە بیست وپێنجی مانگ دەنگیان بەچی دا! سەربەخۆیی یان گەڕانەوە بۆ مێژووی ژێردەستەیی؟ 

ئەرێ گەلۆ پێتان وانیە قۆناغی ئێستامان زۆر لە قۆناغی ڕاپەڕینی ساڵی نەوەد و یەک دەچێت؟ ڕەنگە بڵێن نەخێر ئەو کات لەشوێنی پەرلەمان و حکومەت بەرەی کوردستانی هەبوو ، دەی باشە ئەدی ئەوەنیە لەئێستاش دا سەرکردایەتی سیاسی کوردستان پێکهێنراوە هاوشێوەی بەرەی کوردستانی ، لەیادتان نەچێت ئەوکاتیش بینای پەرلەمان هەر هەبوو!

ئێوە بیست ساڵ نانی مێژووتان خوارد ، چەند ساڵێکیشە بەدروست کردنی  داهاتوو لێ دەخۆن ، ئەی بۆچی بیرلەوە ناکەنەوە چەند ساڵێکیش بۆ ئێستای میللەت بژین و کەمێکیش میللەت بکەن بەهاوسفرەی خۆتان ؟  ئیتر تاکەی هەنگاوی هەڵە؟ بۆچی واناکەن نەوەی ئێستا و داهاتوو بەپیری ئاخر خێر لەمێژوو تۆمارتان بکەن، مەڵێن بۆچی ڕەشبینی مەگەر وانیە ! ئەی تا ئێستا چیتان بەچیکردە ؟

نوێترین نوسینەکانی کەمال ئەسکەندەر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌