ریفراندۆمی بە تەلیسم
وتار/
13/08/2017
1309 جار بینراوە
عه‌تا سه‌لیم
ریفراندۆمی بە تەلیسم*
عه‌تا سه‌لیم
تەلیسم ئه‌و وشەیەیه كه گرێدراوی چیرۆكه ئهفسانهییهكانه، زۆر جار دایکم ئه‌و چیرۆكانه‌ی بۆ ئەگێراینەوە، (ته‌لیسم)یش له‌گه‌ڵ (دێ‌و) دا ئاوێته دهبووههردووكیشیان پێكه‌وه (دێوی بهتهلیسم)یان پێكئههێنا. ئەم دێوەش گیاندارێکی زەبەلاحی ئەفسانەیی ناو چیرۆکی چیرۆکخوانەکان بوو، ئەو گیاندارە ئەفسانەییە ئەبووە فریادرەسی کورە داماوو بێچارەکە یان کچە داماوەکە. دێوی بەتەلیسم؛ کە بێچارەکانی دەبینی دڵی بۆیان دەسووتاو موویەکی لەلەشی خۆی لێ ئەکردەوەو ئەیدایه کورە بێچارە و دۆشداماوەکەو پێی دەگوت لە هەر کوێیەک و لە هەر تەنگانەیەک پێویستت بەمن بوو ئەم مووەی من هەڵکروزێنە (بیسوتێنە) ئەوا من هەرچەندێک دووربم و لەهەر جێیەک بم بۆنی سوتاوی مووەکەی خۆم دەکەم ودەست وبرد دەگەمە لات و نەجاتت ئەدەم و هەرچیەکت بوێ بۆت جێبەجێ ئەکەم.
ئێستاکە، ریفراندۆم بە گوێرەی قسەی بانگەشەکارانی، دروست وەک دێوی بەتەلیسمی نێو چیرۆکە ئەفسانەییەکان دەیبینم.
ریفراندۆمی بەتەلیسم دەتوانێ کەموکورتیەکانی بیست و شەش ساڵی حکومرانی دەسەلاتی کوردی چارەبکات؟! ئەتوانی لە چاوتروکانێکا، پایە فەرامۆشکراوەکانی دەوڵەتی كوردی له ماوه‌ی بیست و شه‌ش ساڵی ڕابردوودا : ئابوریەکی بەهێز ، ئاشتی کۆمەڵایەتی ، سوپایەکی نشتمانی یەکگرتوو، دابینکردنی ئەمنیەتی خۆراک و ئاو ، سەرچاوەی هەمەجۆری داهات، هێزی ئەمنی یەکگرتوو ...هتد راستبکاتەوەو جێگیریی بکات؟!
ئەمەجگە لەوەی ریفراندۆمی بەتەلیسم دەتوانێ یارو نەیارەکان؛لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەموویان قانیع و ناچاربکات و تەسلیمی ئەم گیاندارە زەبەلاببن ؟!ئەزمونی شکست‌خواردووی بیست و شەش سال حوکمرانی و پیسخۆری و گەندهلیەکانیان لێبکاتە شەفافیەت و خزمەت، ئەتککردنی دیموکراسیان لێبکاتە کرانەوە و ئازادی بیر‌ورا ، یاسا شکێنیان لێبکاتە یاسا سەروەریی، تەزویری هەلبژاردنەکانیان لێبکات بە نەزاهەت پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤیان لێبکاتە مافپارێزیی، ههمووئەمانهش ده‌بنه نەرمە هێزی جەزب و ئیقناعکردنیان؟!
ریفراندۆمی بە تەلیسم ، ئه‌توانێ چیتربكات؟ وەستاندنی بەرپرسی خۆپەرست و تەماعباز، لە تەماعکاریی. پاککردنەوەی سەرلەنوێی بەرپرسان لە غەریزەی خۆپەرستی و بەرژەوەندیخوازیی، به خه‌به‌ر هێنانی ویژدانی خهوتویان، ریفراندۆمی بە تەلیسم، هه‌موو به‌رپرس و حیزب و حكومه‌ت ، كابینه‌و وه‌زاره‌ت فۆرمات ئەکاتەوه؟! بۆ هه‌ر یه‌كێك له‌وانه، ڤێرژنی نوێ و پاك و ئه‌كتیڤمان ئه‌داتێ؟!
ئەم ریفراندۆمە کتومت لە دێوی بە تەلیسمی ناو چیرۆکە ئەفسانەیەکانی تەمەنی منداڵیم ئەچێت.
دێوی بە تەلیسم بەرهەمی بیر‌و ئەندێشەی چیرۆکخوانەکانی به‌رئاگردان بوو،
ریفراندۆمی بە تەلیسمیش، بەرهەمی خەیاڵپڵاویی بانگەشەکارانی ئەمرۆی دەسەلاتی کوردییە.
یان دەبێ ریفراندۆم بە تەلیسم بێت یان بانگەشەکارانی ریفراندۆم ئەزموون و بەرەنجامی بیست و شەش ساڵی رابردووی دەسەلاتی کوردی بە ئاسایی و قابیلی خەلکی ئەم هەرێمە دەزانن.
............................................................
* ته‌لیسم: ته‌له‌سم، ئه‌فسون ، جادوو.
نوێترین نوسینەکانی عه‌تا سه‌لیم
-
عه‌تا سه‌لیم
23/12/2017
-
عه‌تا سه‌لیم
13/08/2017
-
عه‌تا سه‌لیم
25/07/2017