بۆچی بایکۆت

وتار/ 23/12/2017 466 جار بینراوە

عه‌تا سه‌لیم

بۆچی بایکۆت

عه‌تا سه‌لیم

(ژیانی مامۆستا قورسە، بەلام بایکۆت چارەسەر نییە) وەزیری پەروەردە وایگوت. منیش ئەڵێم بێگومان دەوامیش چارەسەر نییە و بە هیچ جۆرێک عەدالەتی تیا نییە مامۆستا بە روبعە موچە دەوام بکات، روبعه‌ موچه‌كه‌ش دوو مانگ جارێك بدرێت؟! ئەگەر باسی بێبەشبونی منال ئەکرێ لە خوێندن ، دەی خۆ مامۆستا بەرپرسیار نییە، ئەو حزب و مەسئولانە بەرپرسیارن کە به‌بێ پلانی و بێباکی و گەندەڵی خۆیان  دۆخەکەیان بەم رۆژە گەیاند.
مامۆستا بە روبعە موچەش دەوامیکرد ئێستا ئەوەتا بە دوومانگ موچەیان پێنادرێ و باسی ئەوەش دەکرێ بۆ ساڵی ئایندە دۆخی موچەی مامۆستایان و فەرمانبەران بە گشتی خراپتر ئه‌كرێت، لە لایەکی تر وەزیری پەروەردە، بێباكانه‌ وبێ منەتانه‌ لە مامۆستایان بریاریداوە دەوامی ئۆفی رۆژی شەممە هەلبوەشێتەوە و نەمێنێ واتە له‌ وه‌رزی دووه‌می خوێندن، سەرجەم ڕۆژەکانی هەفتە دەوام ئاسایی بێت ؟! ئەمەش پێش ئەوەی ئەرکێک بێت بۆ مامۆستا سوکایەتیە بە هەست و دەرونی مامۆستا، ئاخر ناکرێت دۆخی موچەو گوزەرانی مامۆستا بەو جۆرە خراپ بێت و ئاسایی نەبێت، بەلام داوای دەوامی ئاسایی له‌ مامۆستایان بکەیت؟!
لەلایەکیترەوە،  ئەو ستافەحوكمڕانه‌ی چەندین ساڵە بەرپرسیارن لەم دۆخەی ئێستاو قەیرانە کەڵەکەبووەکان ، بێ منەت و بێباکن لە بەرامبەر خراپی گوزەرانی خەڵک و ناڕەزایه‌تیه‌کانی مامۆستایان و فەرمانبەران ، وەک ئەوەی هیچ نەبووبێت و هیچ ڕوی نەدابێت. بریار دەرئەکەن و کۆئەبنەوەو بەردەوامن لەکارەکانیان! لە کاتێکدا ئەمانە لانیکەم دەبوایە دەستیان لەکار بکێشایەتەوەو داوای لێبوردنیان بکردایە و دانیان بەهەڵەو نەزانیی و نادڵسۆزیی خۆیان بهێنایە لە بەرامبەر میللەتەکەیان ، بێگومان ئەمەش ئه‌ندازه‌یه‌ك، دڵنەوایی بە مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران ئەبەخشی. تەنانەت لەسەر ئاستی کەسی (شخصی ) کاتێک كه‌سێك هەڵەیه‌ک بەرامبەر کەسێکی تر ئەکات ، کەمترین قەرەبوو، بریتیە لە داوای لێبوردن و داننان بە هەڵەکەی خۆیدا ئەمەش واتای ئەوەیە کە کەسە هەڵەکارەکە ئیدی هەلە کەی دووبارە ناکاتەوە، کەسەکەی تریش ئەمەی قبوڵەولێی ده‌بورێت. بەڵام ستافە شکسخواردووەکەی حکومەتی هەرێم  خۆیان بە هەڵەو شکستخواردوو  نازانن و سوورن لەسەر هەڵەو خولقاندنی قەیران لە دوای قەیران و شکستەکانیان، ئەوەش سوکایەتی و گاڵتەکردنێکی ئاشکرایە بە خەڵک و بە دەنگدەرەکانی خۆشیان. بێگومان مامۆستایان وەکو توێژێکی سەرمەشق لە پەروەردەکردندا ئەم سوکایەتیەی و بێ ڕێزیەی پێ قبول ناکرێ.

 


نوێترین نوسینەکانی عه‌تا سه‌لیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌