رۆژنامه‌ی هه‌ولێر یاری به‌ ئاگر ده‌كات

وتار/ 18/07/2017 2236 جار بینراوە

دكتۆر جەعفەر گوانی

رۆژنامه‌ی هه‌ولێر یاری به‌ ئاگر ده‌كات
جه‌عفه‌ر گوانی

له‌ ژماره‌ (2642)ی رۆژنامه‌ی هه‌ولێر شیعرێك بڵاوبۆته‌وه‌، مه‌فهومی شیعره‌كه‌ باسی بۆنی خاك و گرنگی نیشتیمان ده‌كات تا جارێكی تر به‌ناوه‌كانی خواوه‌ سته‌م له‌ مه‌له‌كی تاوس و مه‌سحه‌فی ئێزدی و ناقوسی كلێساو ئاته‌شگه‌ی زه‌رده‌شت نه‌كرێت... ئیدی كۆمه‌ڵه‌ شتێك باس ده‌كات، هه‌مووی قسه‌یه‌ له‌وه‌ی رێ له‌ موسڵمانان بگرن تا چیدی زوڵم له پێكهاته‌كانی تر نه‌كه‌ن، بێ ئاگا له‌وه‌ی موسڵمانان قوربانی زۆر زیاتریان داوه‌، به‌ر له‌ كلێسا مزگه‌وت و گۆڕی پێغه‌مبه‌ران روخێندراوه‌، به‌ر له‌ ئاته‌شگه‌ 4500 مزگه‌وتی كوردستان خاپوور كراوه‌، به‌ر له‌ ئێزدی خاك و رۆح و نامووسی موسڵمانان هه‌تك كراوه‌، به‌ر له‌ قه‌شه‌ مه‌لا سه‌ری په‌ڕێندراوه‌، به‌ هه‌زاران لاپه‌ڕه‌كانی قورئان و چه‌مكه‌ جوانه‌كانیان تیرۆر كران، زمانی هه‌موو دونیایان به‌ رووی موسڵمانان كرده‌وه‌، هه‌رچی شوێنه‌واری شارستانی ئیسلامی هه‌یه‌ له‌ حه‌له‌ب و موسڵی كۆن خاپوو كرا، مێژووێك سڕایه‌وه‌، موسڵمانانیان خسته‌ دۆخێك به‌س خه‌ریكی روونكردنه‌وه‌و دیفاعكردنن، بۆیه‌ ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆییمان ده‌وێت تا هه‌موو دینه‌كان سه‌ربه‌رزانه‌و ئازادانه‌ بژین، وه‌ك هه‌میشه‌ خاڵ مه‌حمودو مام په‌تڕۆس و كاك ئارام قارداشانه‌ به‌رده‌كانی دامه‌ بجوڵێنن و له‌ ته‌نیشت یه‌ك دانیشن و لێویان خه‌نده‌باران بێت، نه‌ك بۆ په‌ره‌دان به‌ هه‌ستی تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌.
ئه‌ز هیچ جیاوازیه‌ك له‌ نێوان كاره‌كانی داعش و ئه‌و جۆره‌ بیركردنه‌وه‌یه‌ نابینم، ئه‌میان به‌ناوی ئیسلام دووبه‌ره‌كی دروست ده‌كردو فیكری رقو كینه‌ی ده‌چاند، ئه‌میش به‌ناوی ئازادییه‌وه‌ ململانێ تائیفی و مه‌زه‌بیه‌كان به‌جۆرێكی تر قوڵتر ده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ سه‌رباری دنیایه‌ك تێبینی فیكری بابه‌تیانه‌و مێژوویی له‌سه‌ر زانیاریه‌كانی ناو شیعره‌كه‌. له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌ ئه‌م كاره‌ی رۆژنامه‌كه‌‌ له‌ بری یه‌كڕیزی نیشتیمانی و كۆده‌نگی، تێكی ده‌دات... هیوادارم به‌خۆدا بچنه‌وه‌و بزانن له‌ چ كاتێك چ قسه‌یه‌ك ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ورد ببنه‌وه‌ ده‌زانن ئه‌م كاره‌یان وێڕای گاڵته‌كردن به‌ ئه‌قلی موسڵمانان ته‌واو پێچه‌وانه‌ی مانشێتی یه‌كه‌مین لاپه‌ڕه‌ی هه‌مان ژماره‌كه‌یانه‌و پێچه‌وانه‌ی هه‌ستی به‌رزی نیشتیمانپه‌روه‌رانه‌ی مه‌لاو سه‌یداو پێشمه‌رگه‌ ده‌ست به‌ ده‌ستنوێژو كه‌س و كاری شه‌هیدان و دژی قۆناخی ئێستای هه‌رێمی كوردستانیشه‌.
(پێكه‌وه‌ژیانی ئایینی و نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مانه‌تێكه‌ با هه‌موومان بیپارێزین).

نوێترین نوسینەکانی دكتۆر جەعفەر گوانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌