مەسیحییەکانی جیهان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی
وتار/
12/03/2021
452 جار بینراوە
دكتۆر جەعفەر گوانی
مەسیحییەکانی جیهان لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی
د.جەعفەر گوانی
کاتێك پاپای ڤاتیکان هاتە هەرێمی کوردستان پێشوازییەکی جیاوازی
لێکرا، نەك لەناو کەنیسە، بەڵکو لە یاریگای گشتی نوێژی ئایینی خۆی ئەنجامدا، نەك لەناو
کەلاوە، بەڵکو لەسەر شەقامەکان بە گوڵباران پێشوازی لێکرا، نەك فەتوای لە دژی نەدرا،
بەڵکو سەرۆک و جێگری سەرۆکی زانایان لە فڕۆکەخانە چوونە پێشوازی، لە هەولێر گەورەترین
دەسەڵاتی هەرێم (سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) لەگەڵ چەندان بەرپرس بەشداری
مەراسیمی ئایینی پاپایان کرد، ئەمەش هەمووی گەواهی پشتیوانی خەڵکی کوردستان بۆ پێکەوەژیان
و پێکهاتەکان دەدات. بەڵام چیڕۆکەکە لێرە کۆتایی نایەت، بەڵکو هیچ گەلێك لەسەر زەوی
بە قەد کورد دەربەدەرو ماڵوێران نەکراوە، کە زۆربەی ستەمەکان ئەگەر بە رووکەش لەسەر
دەستی وڵاتە مسوڵمانەکان بووبێت، بەڵام بە پلان و چاوپۆشی وڵاتە مەسیحییەکان بووە،
بەتایبەتی دابەشکردنی کوردستان کە گەورەترین زەڕبە بوو لە کورد دراو شەرعییەتدان
بوو رۆژئاوا بەخشییە داگیرکردن و دابەشکردنی کوردستان، بۆیە گەلی کورد بە قەد ئەوەی
پشتیوانی لە چەوساوان دەکەن، چاویان لە پشتیوانی کەسانی دیکەشە. ئێستاش دوای هاتنی
پاپای ڤاتیکان، تەنیا لەبەرئەوەی وێنەیەکی کوردستانی داگیرکراو و دابەشکراو لەسەر
پوولێك پێشکەشی پاپا کراوە، وڵاتە داگیرکەرەکان بەتایبەتی تورکیاو ئێران چاویان لە
کوردستان سوورکردۆتەوەو هەموو هەڕەشەیەکی لێدەکەن، ئەمەش مەترسی جددی بۆ کوردستان
تێدایە، بەتایبەتی ئەزموونی ریفراندۆمی سەربەخۆیی فێری کردین کە وڵاتانی رۆژئاوا ئامادەنین
کەمترین بەرژەوەندییەکانی خۆیان بکەنە قوربانی مافە زەوتکراوەکانی ئێمە.
ئێستا مەسیحییەکانی دونیا، چ لەسەر ئاستی تاك یان رێکخراو
یان دەوڵەت لەژێر بەرپرسیارێتییەکی گەورەدان بەرامبەر هەرێمی کوردستان، کە بەداخەوە
تاکو ئێستا بەرهەمی هاتنی پاپا لە ئاست خواستەکانی ئێمە نەبووە، بەتایبەت هەر لەو
رۆژەی لەعێراق گەڕایەوە، هێندەی ستایشی سیستانی و نەجەف و موسڵ و ناسرییەی کردووە،
بەلای هەرێمی کوردستان نەچووە، تەنیا لە دواکۆبوونەوەی گشتی باوەڕدارانی نەبێت، لێتان
ناشارمەوە، لە یەکەم هاتنی پاپاوە رۆژانە چەندین جار سایتەکانی سەر بە ڤاتیکان دەکەمەوە
بۆئەوەی ئەنجامی دڵخۆشکەر ببینم، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە ئاست خواستەکانی ئێمە نەبووە،
بەتایبەتی بە وشەیەکیش ئاماژە بە رۆڵی زانایانی ئایینی نەدراوە کە گەورەترین رۆڵیان
هەبوو لە هاندانی پێشمەرگە بۆ بەرگری لە کریستیانەکان و ئەنجامدانی خۆپیشاندان و
کردنەوەی مزگەوتەکان و ئەنجامدانی فەتوایەکی نێودەوڵەتی پشتیوانیکردن، تا دەگاتە
پشتیوانی هاتنی پاپاو پێشوازیکردن... لەوانەیە هەر ئەو خەمساردییەش بووبێت وایکردبێت
سەردانەکە بۆ کوردستان وەکو پێویست رەنگدانەوەی سیاسی نەبووبێت، بۆنموونە کاتێك جۆبایدنی
سەرۆکی ئەمریکا سەردانی پاپا بە مێژوویی ناودەبات، تەنیا باسی هاتنی بۆ ئورو بەغداو
موسڵ دەکات، بهتایبهتیش باسی نهجهف و سیستانی. ئێستاش لە یەکەم کاردانەوەدا دەبینین
ئێران و تورکیا وەکو ئەژدیها زاریان لێکردینەوە، پەیامێکە دەبێ لەرووی ئەخلاقییەوە
کریستیانەکانی جیهان بجووڵێنێت تا لۆبی پشتیوانی دروست بکەن بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی
کوردستان لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە، لەڕووی گەندەڵی و نادادگەری و پاراستنی لە دەستدرێژیکردنە
سەر. چونکە لەسەر ئاستی ناوخۆ پێویستیمان بە لێدوانی مەسیحییەکان نییە، هەموومان قەناعەتی
تەواومان هەیە دەبێ بە یەکسانی لەسەر بنەمای هاوڵاتیبوون پێکەوە بژین، ئەوە بڕاوەتەوە،
بەڵکو ئەوەی بۆ ئێمە گرنگە چەندە پشتیوانی دۆزە رەواکەمان دەکەن.
بە کورتی پێویستمان بە تویتی کوردی و لێدوانی لۆکاڵی و قسەی
ناوخۆیی نییە، بە قەد ئەوەی پێویستیمان بە پشتیوانی نێودەوڵەتی و دەزگا ئایینیە فەرمی
و نێودەوڵەتییەکان و لە شوێنی بڕیاربەدەستان هەیە. ئەمەش وادەکات هەمیشە رژدتر بین
و شانازی زیاتر بەو فرەڕەنگییە بکەین.
نوێترین نوسینەکانی دكتۆر جەعفەر گوانی
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
22/03/2021
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
12/03/2021
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
17/03/2020
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
05/04/2019
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
05/10/2017
-
دكتۆر جەعفەر گوانی
28/08/2017