ئەگەر پیاوێکی دەوڵەتمەدارمان ئەبوو...

وتار/ 15/04/2017 715 جار بینراوە

بەرهەم مستەفا

ئەگەر پیاوێکی دەوڵەتمەدارمان  ئەبوو...
ن: بەرهەم مستەفا
ئێمەی کورد بەدرێژایی مێژوو هەمیشە داگیرکراو بووین ،.. یان پیاوی عوسمانی بوین یان سەفەوی ،.. یاخود بەهۆکاری ئاینی کاریان لەسەر عاتیفەمان کردوەو بەکارهێنراوین ..، ئەمە وێڕای لەنێو خۆشمان تەباو یەکگرتوو نەبوین و نەمانزانیوە یاری سیاسیەکان لەپەرژەوەندی خۆمان یەکلابکەینەوە ،..خاڵی لاوازیشمان بەدرێژایی مێژوو، لە سەردەمی میرنشیەکانەوە تا ئێستا ،نەبوونی سەرکردایەتیەکی کارامە بووە .،، هەر کاتێکیش هەلێکی مێژوویمان بۆ ڕەخسابێ ئەوا بێ سێ و دوو خۆمان لەداوکانی خۆمانداوە و دەستی داگیرکەرمان گرتوە بۆ سەر خاکەکەمان، لە پێناو مانەوەی خێڵ و بنەماڵەو پێگەی ناوچەیی  .. ئێستاش دەسەڵاتی کوردی لەم قۆناغەدا کەدەسەڵاتێکی لۆکاڵی و هەرێمی هەیە ، دیسان پیاوی دەوڵەتمەداری نیە و خەریکە ڕیسکەمان دەبێتەوە بەخوری ..، هەڵبەتە سیاسی ئاقڵ و هۆشیارمان هەیە، بەڵام  بەهەرهۆیەک بێت ڕێگە بە هاتنە پێشەوەیان نادرێت ، ئەوەی ئێستا حاکمە و ئیشی بەدەستە،  ئەوا بەداخەوە نەک پیاوی دەوڵەتمەدارنیە بۆ گەلەکەی، بەڵکو بوەتە ماڵوێرانی بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵکەکەی....بۆیە ئەگەر پیاوێکی دەوڵەتمەدارمان هەبوایە ؛
یەکەم ـ سودی لە دەوڵەمەندی سامانی سروشتی ئەم خاکە وەردەگرت و دەیکردە خۆشبەختی بۆ گەلەکەی ...، بەڵام چونکە پیاوی دەوڵەتمەدارمان نیە ؛
ئەوا وڵاتانی هەرێمی و جیهانی بەئارەزووی خۆیان سامانەکەی ئەبەن و ئێمەش چاومان زەقەی دێت ،  ئەوا  چەند کەسێک فیرعەون ئاسا دەژین و خەڵکیش برسی ،، ئەوا حیزب و کۆمپانیا و سیاسیە بازرگانەکان بۆری نەوتی تایبەت بەخۆیان هەیە.
دووەم ـ ئەگەر پیاوی دەوڵەتمەدارمان دەبوو ؛  ئەوا سیستمی سیاسی وڵات بەشێوەیەک دەبوو ،کە دڵخۆشی ئەبەخشیە کۆی هاوڵاتیەکانی و هەستمان بە ژیان ئەکرد و بۆ ژیان ئەمردین.،، بەڵام چونکە پیاوی دەوڵەتمەدارمان نیە ؛ ئەوا حەزی شێتانەی سیاسیە بازرگانەکان هەموو خەونەکانی لەباربردوین و لە جیاتی ژیان ڕۆژانە سەد جار دەمرین.
سێیەم ـ ئەگەر پیاوی دەوڵەتمەدارمان هەبوایە ؛ ئەوا یاسای سەروەر ئەکرد و پاشاو گەدا ، ڕەش و سپی ، دەوڵەمەند و هەژار لەبەردەمیدا یەکسان دەبوو ...، بەڵام چونکە پیاوی دەوڵەتمەدارمان نیە ، ئەوا یاسا بۆ خەڵکی  بێدەسەڵاتە و پارێزەری مافیا و بکوژانە ، ئەوا یاسا لەخزمەتی بەیاساکردنی کاری نایاساییە ،، ئەوا حورمەتی دەنگی خەڵک و پەرلەمانەکەی ناگیرێت ..
چوارەم ـ ئەگەر پیاوی دەوڵەتمەدارمان دەبوو ، نێو ماڵی کوردی ڕێکدەخست و چارەسەری ئەدۆزیەوە بۆ ئەو لەشکرە بێکارە لە دەرچووی زانکۆکان و سودی لەتوانایان وەردەگرت ،،، بەڵام چونکە پیاوی دەوڵەتمەدارمان نیە .. ، ئەوا نێو ماڵێکی شپرزە و هەڵوەشاوە هەیە ، ئەوا خوێندن و بڕوانامە بێقیمەت بووە و لەشکرێک لەبێکار هەیە ، ئەوا گەندەڵی و ڕۆتینات ژیانی پەکخستوە..
پێنجەم ـ ئەگەر پیاوی دەوڵەتمەدارمان هەبوایە ؛ ئەوا سەرجەم هێزەکانی پێشمەرگەی یەکدەخست لەچوارچێوەی هێزێکی نیشتیمانی و دەبوە پارێزەری هەموان ...، بەڵام چونکە پیاوی دەوڵەتمەدارمان نیە .،  ئەوا میلیشیا حیزب پەرەدەسێنێت و تازە بەتازە فەوج دەکرێتەوە بۆ ئەم کەس و بۆ ئەولایەن ،.. ئەوا هێز بووە بە پارێزەری خۆسەپاندن و قۆرغکاریەکانی خۆیان ..
هەربۆیە ئێستاش نەمان دی پیاوێکی دەوڵەتمەدار ، ئەوەی هەیە پاڵەوانی شاشە و دیوەخان و بێگانەیە ...، جا نازانم ئاوبێنین و دەست بشۆین ؟؟،، یان ئاوبکەینە ژێر بەڕەی ئەم نا دەوڵەتمەدارانە؟؟..

نوێترین نوسینەکانی بەرهەم مستەفا

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌