بەم شێوەیە وازم لە پارتی هێنا؟

وتار/ 15/04/2017 3058 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

بەم شێوەیە وازم لە پارتی هێنا؟

ئیبراهیم عەباس
ئێوارەی ٢٠١٦/٦/٦ ئەو ئێوارەی کە یەکەم رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز بوو، بەدروستی کەمتر لەدوو کاتژمێری مابوو بۆ شکاندنی یەکەم رۆژوی ئەو ساڵەمان، بەفەرمانی ماڵی بارزانی بەسەرماڵماندادراو خۆم و سێ منداڵم و هاوڕێیەکی جیرانمان لە حەوشەی ماڵەوە بووین، ئەگەرچی چوار فیشەک بەرماڵمان و سەیارەکەم کەوت، بەڵام دیاربوو، فەرمانی خودا بوو کە سەرمان سەلامەت بێت، چونکە بەراستی رێک یەک مانگ بوو، خۆمان بە پەروەردگار سپاردبوو، ئاخر لەو مانگەدا دەزگای پاراستنی پارتی و مەکتەبی نێچیرڤان بارزانی و مەکتەبی سەرۆکی پارتی لە رێگای چەند پیاوێکی خۆیان، هەموو رۆژ هەرەشەیان دەکرد، بەڵام هەموو هەڵوێستی ماڵی بارزانی بۆ بەرگریکردن لە ئێمە، کە کوری باوک و دایکمان نەبووین و بەراستی کوڕی ئەوان بووین، چونکە ٢٥ ساڵ بوو لەگەڵ ئەوان دەژیایان و بۆ ئەوان تێدەکۆشاین، ئەوەبوو، هەرچی زووە لە مەسیف باربکەن و بڕۆن، ئەگەرنا دەکوژرێن، بەڵام چونکە خۆمان بەخودا سپاردبوو، پەروەردگار پاراستنی.


دوای تەقەکان بەرێوبەری ئاسایشی پیرمام، لەجیاتی بەدەنگەوە هاتنمان، بەزەبری هێزەکانی هاتن لە ماڵەوە بردیانم بۆ ئاسایش و تا کاتژمێر دەی شەو دەستبەسەربووم، هەر ئەو شەوە و سەعات نزیکی ١١ی شەو، سەباح رەشید مودیری ئاسایش نوێنەری سیداد بارزانی و ساڵح موسی گەردی نوێنەری مەسرور بارزانی، ناچار بە دەرکردن لە مەسیفیان کردم بۆ هەولێر و پێشییان وتم هەرگیز ناتوانم بگەرێمەوە ماڵەوە. هەرئەوەندەشنا بەفەرمانی نێچیرڤان بارزانی و شەخسی مەسعود بارزانی، هەمان شەو ئیجرائاتی حزبی لە شوێنی کارم کە راگەیاندنی سەرۆکی پارتی لەگەڵم کراو بۆ بەیانی سەرۆ قادر پێگوتم تۆ لە پارتی دەرکراوی و کوێت پێخۆشە بچۆ، چیت لەدەستدێت بیکە، کام چیا سەختە بیگرە.


لەم ساتەوە من هیچ ئیلتزامێکی حزبی و کارکردنم بەپارتییەوە نەماو چیرۆکەکە بەوەش کۆتایی نەهات، رۆژی ٢٠١٦/٦/١٠ واتە چوار رۆژ دوای تەقەکان، ئەو تەقانەی بەبەهانەی گوایە کێشەیەکی شەخسی، یان با بڵێن، نامەیەکی چەند وشەیی مۆبایل! کران (کە لەبنەرەتدا سیناریۆی خۆیان بوو)، بەفەرمانی ماڵی بارزانی بە سەرۆک و باڵەکانەوە، هاوسەرو منداڵەکانم ناچار بەدەرکردن لە مەسیف کران و فەرمانیشیان بە مودیری ئاسایش کرد دەست بەسەر خانوو، ماڵماندا بگرێت.لە کاتیکدا نە خانووەکە و نەزەوییەکەی و نە ناو ماڵەکە پارتی و بارزانی پێیان نەدابووین.


پێش خۆم شایەتحاڵی زۆرێک لەو زوڵم و سوکایەتیانە بووم کە لەمەسیف دەرهەق بە سۆرانییەکان دەکراو چەند مانگێکیشە بەشێک لەو راستیانەم بە شانازییەوە نووسیون، بەڵام ئەوەی ئێمە زۆر جیاواز بوو، چونکە مەسەلەکە پەیوەندی بەقەڵەمەکەوە هەبوو، راستە بەدرێژایی ١٥ ساڵ نووسین و نزیکەی دەساڵ کاری رۆژنامەوانی قەڵەمەکەم بەزۆری لەخزمەتی پارتی و بارزانی بوو، بەڵام چونکە بەشێکی زۆری نووسەرو رۆژنامەنووسی کورد، لەلایەن حزبەکانەوە کۆنتڕۆڵ ناکرێن، ماڵی بارزانی هەمیشە ترساون رۆژێک گەر قەڵەمی ئێمە رووبەرووی ئەوان بێتەوە، مەترسییەکی گەورە دەبێت.


کێشەکە بەوەش نەوەستا، کە شاربەدەر، داگیرکردنی خانوو، مووچەبڕاوکراین و کەرامەت شکاندنیشمان پێ کەمبوو، لە هەولێریش کەوتنە هەڕەشە لێمان و دوو سەیارەو سێ سەیارەی ماڵی بارزانی وەکو دەورییەی هێزە ئەمنییەکان بەدەری ماڵمان دا دەهاتن و دەچوون و نە پۆلیس و نەهێزەکانی فریاکەوتنیش هیچیان لەدەست نەدەهات.


سەرئەنجام ئازایەتی و بوێری خۆم و پشتیوانی خودا و دڵسۆزان و خوێنەران و کەسوکارم، تەنها بە قەڵەمەکەم و لەچەند مانگێکدا ماڵی بارزانی ناچار بە پاشەکەشە بوون و چەندان خەڵکی باش و خراپیان راسپارد، کە ئامادەن زوڵمەکان راست بکەنەوەو وەکو کورد دەڵێت ئامادەبوون وەرەقەی سپی ئیمزا بکەن، بەڵام چۆن؟ هەرچی نێچیرڤان و باڵەکەی بوون بەتەمابوون بۆ تەماحی مووچەیەکی چەند هەزار دۆلاری بمخەنەوە بەردەستی سامی ئەرگوشی و سەرۆ قادر و لەوێوە شەڕی ئەم و ئەوم پێبکەن. هەرچی مەسرور بازرانی و سیداد بارزانی بوون، دەیانەویست بەفێڵی "بەڵێ بۆ سەربەخۆی کوردستان لەگەڵ سەرۆک بارزانیم" بمکەنەوە پێیاهەڵدەر، ئەو پیاهەڵدەرەی ئەگەر رۆژێک لە دڵسۆزیدا بۆ ئەوانم کردبوو، هەرگیز ئامادەنەبووم و نابم  بە هەموو سامانی دونیا بەسەرشۆڕی و ناچاری بیکەم.


لێتان ناشارمەوە لەگەڵ هەوڵەکان، بەدەیان و سەدان هەڕەشەی ترسناکی، وەک، دەکوژرێت، دەهاڕدرێت، بزر دەکرێت هەبوون و هەن، بەڵام هەروەک چۆن بۆ تەماح و ماڵی دونیا تەنازولم نەکردووەو نایکەم لەژێر هەڕەشە و نانبرین و برسیکردنیش چۆک دانادەم.

بۆ بەرچاوروونی هەموو ئازیزان و خەڵکی کوردستان، نەک دوای ئەم وتارەی ئێستام، بەڵکو لە یەکەم رۆژی رەمەزانی پارەوە، نە پەیوەندیم بەپارتیەوا ماوەو نەئامادەشم بگەرێمەوە ناو حزبێک، کە بنەماڵەیەک بە هەموو هێزیان دژایەتی کادرو رۆژنامەنووسێک خۆیان بکەن، بەڵام کە لە کۆمێنتەکان بۆ راسپێدراوەکانم دەنووسی لە ناو پارتی ماوم، تەنها بۆ ئەوەم بوو ئەو رێگایەیان لێبگرم کە رۆژێک بە ناوی ئەوەی کە گوایە یەکێتیم و رۆژێک بەناوی ئەندامی گۆڕان و پەکەکە و تەنانەت ئیتڵاعات تەسفیەم بکەن و بڵێن گوایە من خیانەتم لە پارتی کردووەو چوومەتە ناو ئەو حزبانەو هەقە کۆتایی بەژیانم بهێنرێت. دڵنیام خۆێنەران دەزانن مامەڵەی چەند مانگی رابردووم زیرەکانە بوو، هەر بەراستیش دەستم بەستن.


لێرەوە رایدەگەیەنم نەهیچ پەیوەندییەکی ئۆرگانی حزبی و مووچەو تەنانەت هەوڵی گێڕانەوەی خانووە بەغەدر داگیرکراوەکەشمان بە پارتی و ماڵی بارزانییەوە نەماوەو دەبێت، بەڵکو وەکو رۆژنامەنووسێکی بێلایەن و سەربەخۆ درێژە بە رەوتی کاری رۆژنامەوانی خۆم دەدەم، ئەو پیشەیەی ئێستا لە هەموو کات زیاتر کوردستان پێویستییەتی، چونکە ئەو شەپۆلە سەرکوت و دکتاتۆری و برسیکردنی خەڵک و پێشێلکردنی ئازادی و بەها مرۆییەتییەکان کە لە هەرێمی کوردستان لە برەودایە، بە رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندن نەبێت بەکەس ناوەستێت، هیوادارم شانازی ئەوەم پێببڕێت یەکێک لەو رۆژنامەنووسان بم کە بەر لە فەواو ئاژاوەو گێڕانەوەی کوردستان بۆ سەردەمی شەڕی ناوخۆ دەگرێت.

بێگومان سەلامەتی ژیان و کەرامەتمان، راستەوخۆ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێم، نێجیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت، مەسرور بارزانی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایش و کاکەکانی تری ماڵی بارزانی لێی بەرپرسیارن .

دوای لێبوردن لە هەموو ئەوانەی کە رۆژگارێک بە قەڵەمەکەم و کاری رۆژنامەوانی ناهەقیم بەرامبەر کردبن. بێگومان هەروەک چۆن بۆ پێداویستی و بژێوی ژیان دەبێت لەسەرەتاوە دەستپیبکەینەوە، یان ناچاریان کردین لە سەرەتاوە دەستپێبکەینەوە، بۆ نووسین و کاری رۆژنامەوانی بەدیدو ویژدانێکی زیندوتر لە چوارچێوەی یاسای کاری رۆڑنامەوانی و یاساکانی تری هەرێم دەستپێدەکەمەوە.
کوردستان ئاوەدان، سەربەرزی بۆ خەڵکی کوردستان.

 

 


تێبینی: هەر دەزگایەکی راگایەندن ئازادە لە بڵاوکردنەوەی، دەست لەکارکێشانەوەکەم .


نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌