توركیای دوای ریفراندۆم
وتار/
12/04/2017
970 جار بینراوە
هیوا سەید سەلیم
توركیای
دوای ریفراندۆم
هیوا
سەید سەلیم
زۆرێك لە چاودێران بە بێ
گەڕانەوە بۆ مێژووی دامەزراندنی كۆماری توركیا وسەرەتاكانی نووسینەوەی دەستوری ئەو ولاتەوە و خوێندنەویان
بۆ ململانێ مێژوویەكانی ناوخۆی توركیاو ئەو گۆڕانكاریانەی بەسەر دەستووری ئەو توركیاداهاتوون، دێن هەلسەنگاندن بۆ دەرنجامەكانی ریفراندۆمی 16
نیسان دەكەن، بۆیە ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە زۆر راگوزەر دەبێت و بەچاوی بەڵێ یان نەخێر
سەیر دەكرێت كە لە راستیشدا هەر ئەوەندە نیە بگرە دەرنجامەكانی ئەو راپرسیە لەگەڵ
خۆی پرسیار گەلێكی زۆر هەڵدەگرێت كە لێرەدا باسیان دەكەین.
جارێ زۆر پێویستە بزانین كە
ئەو دەستورەی كە بڕیارە لە توركیا لە رێگەی ریفراندۆمەوە هەموار بكرێتەوە كە ئەگەر
دەنگی بەڵێی بۆ بدرێت، هەمان ئەو دەستوورە
نیە كە لەسەردەمی حوكمی كەمال ئەتاتورك كە دامەرێنەری كۆماری توركیا و ئەندازیاری
سیستەمی علمانیەتی ئەو ولاتەیە نووسیویەتەوە ، چونكە لەماوەی نزیكە سەدەیەك لە دامەزراندنی
كۆماری توركیا و دوای كۆتایهێنان بە دەوڵەتی خەلافەتی عوسمانی ئەو دەستوورە جگە لە
هەمواركردنەوەی، سێ جاریش كودەتای سوپای لە
دژ كراوە وە چۆنێك وویستویانە و لە بەرژەوەندیان بووە دەستكاریان كردووە دایاڕشتۆتەوە.
توركیای كۆماری و دەستوور:
لە
سالی 1924 دوابەدوای راگەیاندنی كۆمار لە توركیا دەستورێك نووسرایەوە كە بریتی بوو
لە (105) ماددە، لە نێو ئەو دەستوورەدا دەسەلاتێكی زۆر بە سەرۆك كۆمار
درابوو، كەسەرۆكی ئەوسای توركیا كەمال ئەتاتورك بوو، ئەتاورك لەسەر دەمی جەنگی جیهانی یەكەم ئەفسەرێكی ناو سوپا بوو دوای جەنگی جیهانی یەكەم
كۆتایی هێنا بە دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی، ئەگەر بێین بەراوردێك بكەین بە دەسەلاتەكانی
ئەوسای سەرۆك كۆمار لەگەڵ پرۆژەی هەمواركراوی دەستووری ئێستا كە خراوەتە راپرسی و
بە پرۆژەی ئەردۆغان ناسراوە، تێدەگەین كە
خاڵی هاوبەش لە نێوان هەردووكیان(ئەتاتوركی جاران و ئەردۆغانی ئێستا) دەسەلاتی سەرۆك كۆمارە، لە دەستووری توركیا كە لە ئەتاتورك هاتووە، سەرۆك
كۆمار جگە لە پۆستەكەی فەرماندەی گشتی هێزەكانی سوپایە، دەسەلاتی دانانی سەرۆك وەزیرانی
دەبێت، هیچ بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران ناچێتە بواری جێبەجێكردنەوە تا واژۆی سەرۆك
كۆماری لەسەر نەبێت، ئەم دەسەلاتانە لە كاتێك دابوو كە سەرۆك لە پەرلەمان هەڵدەبژێررا،
دوای نزیكەی سەدەیەك ئەردۆغان كە لە ساڵی 2007 ئەو دەستوورەی هەمواركردەوە بەشێوەیەك كە ئەو بتوانێت لە لایەن خەڵكەوە بۆ سەرۆك كۆماری هەڵبژێردرێت، هاتووە بە هەمان شێوەی ئەتاتورك دەسەڵاتەكانی خۆی
لەرێگەی دەستووریەوە بەرفراوان دەكات، ئەویش
گوایە سیستەم لە پەرلەمانیەوە دەگۆڕێت بۆ سەرۆكایەتی!!
كەمال
ئەتاتورك لەگەل هەموو ئەو دەسكەوتانەی بۆتوركیای بەدەستهێنا بەتایبەت لە ڕاگەیاندنی
كۆماری توركیا و نووسینەوەی دەستوور و ڕاگەیاندنی دەستورێكی علمانی، بەڵام نەیتوانی لە دوای خۆی توركیایەكی سەقامگیر بۆ
نەوەكانی دوای خۆی دابمەزرێنێت، توركیا وێڕای كێشەكانی لەگەل گەلی كورد لە ماوەی
دامەزراندنیەوە تا ئێستا سێ كودەتای سەربازی بەسەرداكراوە كە سیستەمی حوكمڕانیان گۆڕیوە
وە ئەمەو دواجاریش و كودتاكەی 15 تەموزیش كۆمەڵێك كێشەی بۆ توركیا درووستكردووە، جا كاتێك
توركیا دێت هەموواری ئەو دەستوورە دەكاتەوە كە بەم هەموو هەوراز و نشێوە تێپەڕیوە
بێگومان دەرنجامەكەی هەرچی بێت بێ كێشە نابێت.
توركیا
و ریفراندۆم :
وەك باسمان كرد كە لە توركیا
زیاتر هەمواری دەستوور لە دوای كودەتای سەربازی كراوە بەدەر لەو هەموارەی ساڵی
2007 كە بۆ گۆڕینی شێوازی هەلبژژاردنی سەرۆك ئەنجامدرا، ئەمجارەیان چونكە حزبی دەسەلاتدار
پارتی دادوگەشەپێدانAKP نەیتوانی بە مسۆگەركردنی
367 دەنگ دەستوركە لە رێگەی پەرلەمانەوە هەمواربكاتەوە، بۆیە پەنای بۆ ئەنجامدانی
ریفراندۆم دەبات، لەو پرۆسەی ریفراندۆمەدا هەژدە ماددەی هەمواركراو كە زۆربەیان بریتین
لە بەرفراوانكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆك لە 16 نیسان دەخرێنە بەر دەستی میللەت تا دەنگی
بەلێ یان نەخێری لەسەر بدات.
كورد
و ریفراندۆم:
كورد لە باكووری كوردستان
كە بەشە هەر زۆرەكەی پارتی دیموكراتی گەلان نوێنەرایتی دەكات كار بۆ نەرێی دەستوور
دەكات، ئەویش هۆكاری زۆر هەیە كە بۆ چی هەدەپە دەنگی نەرێ بە دەستوور دەدات ؟
وە زۆر جاریش رەخنە ئەوەیان لێدەگیرێت كە دەبوو دوای هەلبژاردنی 7
حوزەیران هەدەپە ئەو دەرفەتە باش بقۆزێتەوە و لەگەل ئاكپارتی رێكبكەتیایە، ئەم رەخنەیەش
نیشانەی بێ ئاگای بێت یان تانەدان بێت لە هەدەپ زۆر نابەجێیە، چونكە ئەوانەی پەیامە
پێنج خالیەكەی (ئۆجالان)یان بە بیر بێت، كە
لە نەورۆزی 2014 ڕیگەیاند، دەزانن كە ئەگەر AKP وەڵامی بۆ
ئەو پەیامە بە ئەرێ دابایەوە و لەو دەستوورە
تەنیا جێگای بۆ مافی هاولاتی بوونی هاولاتی كورد بكرایەتەوە كە ئۆجالان لەو پەیامەی
داوایكردبوو ، ، ئێستا توركیا پێویستی بەو ڕاپرسیە نەدبوو، وە بە ئاسانی ئەو پرسە لە پەرلەمان زۆرینەی بەدەست
دەهێنا، بۆیە كاتێك دەستوور نەك هیچ مافێكی بۆ كورد تێدا نەبێت، بگرە دیكاتۆرێك بۆ گیانی كورد درووست
بكات، نەرێی كورد لەبەرامبەر دەستوور ئەركێكی
نیشتمانیە، ئەو كوردانەشی كە ناچن دەنگی نەرێ بدەن ، بگرە بایكۆتی ریفراندۆم دەكەن وەك حزبەكانیان ڕایانگەیاندووە، ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ئەكەپە دەكەن.
دەرەنجامەكانی
ریفراندۆم:
هەموو ئەو پێشبینیانەی دەكرێت
بۆ دەرنجامەكانی ریفراندۆم لە توركیا، بە
تایبەت ئەوانەی كە ناوەندەكانی راپرسی ئەنجامی دەدەن، ئەوەمان پێدەڵێن كە دەنگەكان
زۆر لەیەكەوە نزیكن و جیاوازیەكی ئەوتۆیان نیە، بەڵام ئەوەی كە ئۆپزسیۆنی دەسەڵات
( پارتی دیموكراتی گەلان و پارتی گەلی كۆماری) ترسی لێی هەیە، ئەوەیە كە پارتی
دادوگەشەپێدان بە كەلك وەرگرت لەو دۆخە ناهەموارەی درووستی كردووە، بە پەنابردنە بە فرتوفێڵ دەستكاری دەرنجامەكان
بكات، بەتایبەت كە ئەمجارەیان پرۆسەكە وەك پێویست لەژێر زوومی چاودێرانی بیانی نابێت
.
ماوە بڵێین توركیای دوای
ریفراندۆم توركیای پێش ریفراندۆم نابێت، جا دەرەنجامەكان بەهەر لایەك دابكەون، چونكە لەسەر ئاستی دەرەوە توركیا
ناتوانێت ئەوەی بۆ بەڵێی ریفراندۆم تێكیداوە بە ئاسانی چاكی بكاتەوە، لە ئاستی
ناوخۆش ئەگەر ئەردۆغان بە بەڵێ بیباتەوە زیاتر تووشی غرور دەبێت و توركیا بە ئاڕاستەیەكی
خرابتر سەركێشی دەكات، چ جای ئەوەی ئەگەر
بدۆڕێت ئەوا زۆر خرابتر لەوە دەكات كە لە دوو ساڵی رابردوو كردویەتی، لە شەڕو ويرانەی شارەكان بگرە تا گرتن و زیندانیكردنی
خەڵكانی نەیاری خۆی و بەرتەسكردنەوەی ئازادیەكان و فشار بۆسەر میدیا.
نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم
-
هیوا سەید سەلیم
11/09/2019
-
هیوا سەید سەلیم
18/08/2017
-
هیوا سەید سەلیم
19/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
10/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
12/04/2017
-
هیوا سەید سەلیم
16/02/2017