داتاشینی پۆست دەبێتە كۆسپی بەردەم چاكسازی
وتار/
11/09/2019
555 جار بینراوە
هیوا سەید سەلیم
داتاشینی پۆست دەبێتە كۆسپی بەردەم چاكسازی
هیوا سەید سەلیم
قسەوباسەكان بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە لایەن كابینەی تازەی حكومەتی هەرێمی كوردستان گەرمن، جا نازانرێت ئایا لە هەرێمی كوردستان چاكسازی دەكرێت یان هەر لە چوارچێوەی قسەو بەڵێن دەمێنێتەوە؟ ئەمەیان زەمەن ساغی دەكاتەوە.
لە نێو ئەو پرسەی كە پێی دەوترێت چاكسازی وە لە نێو ئەو مشتومڕانەدا، باس لە لادانی چەندین بەربرس دەكرێت كە گوایە لە پۆستەكانیان دوردەخرێنەوە ، ئەویش گوایە ئەوانە لە گەندەڵیەوە تێوەوگڵاون، تەنانەت باس لە دەستگیركردنی چەند كەسێكیش دەكرێت،لێرەو لەوێش دەبیستین كە دەوترێت، ئەمە هێشتا هەنگاوی یەكەمن هی تریشی بەدواوە دێت.
بەڵام ئەوەی سەبارەت بەو پرسە جێگای تێبینیە ئەوەیە كە كابینەی تازە بۆ لادانی گەورە گەندەڵەكان پەنای بردۆتە بەر ئاڵوگۆڕی لە پۆستەكان، بۆ ئەم كارەش چەندین پۆستی تازەی داتاشیوە، كە ئەو پۆستانە لە لایەك بۆ رازیكردنی لایەنەكانە لە نێو لایەنكانیش بۆ رازیكردنی دڵی ئەوانەیە كە لە پۆستی پێشوو لادەدرێن.
ئەگەر لەسەرووی هەڕەمی حكومەت و سەرۆكایەتی هەرێم بڕوانین زیادكردنی ژمارەی جێگرەكان و داتاشینی پۆستی وەك یاریدەدەر گەورە ڕاوێژكار نەك هەر پێویست نەبوون و ناشبن، بگرە ئەمانە دەبنە فشار لەسەر میزانیەی گشتی، چونكە ئەو كەسانەی دەچنە ئەو پۆستانە پێویستیان بە تەڕخانكردنی مووچەی زۆر و نەسریەو و پاسەوان و بارەگا و خانوو دەبێت.
هەموو لایەك دەزانین كە پرۆسەی چاكسازی كە لە كابینەكانی ڕابردوو لەبەردەم دوو ئاڵنكاری مەزن دابووە، یەكەمیان نەبوونی ئیرادەی سیاسی و حكومی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی.
دووەمیشیان بێ متمانەی خەڵك لە پرسی چاكسازی، لە ئێستادا كە یەكەمیان قۆناغی باشی بڕیوە، نابێت حكومەت كارێكی وابكات كە لە بێ متمانەی خەڵك بەو هەنگاوانە زیاتر بكات، چونكە داتاشینی ئەو جۆرە پۆستانە و پەیڕەوكردنی سیاسەتی ڕازیكردن دەچێتە ئەو چوارچێوەیە.
لە ئێستادا هەرێمی كوردستان نەك هەر پێویستی بە داتاشینی ئەو هەموو پۆستە زۆرە نیە، بەڵكوو دەبوو كابینەی تازە كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان بكاتە پێشینەی كارەكانی خۆی، چونكە هەموو لایەك دەزانین كە هەرێمی كوردستان پێویستی بەو هەموو وەزارەتە نیە ئەمەیان هی سەردەمی كابینەی بنكە فراوانەكەیە كاتێك لایەنەكانی پێ ڕازی كرا.
بە كەمكردنەوەی ژمارەی وەزارەتەكان زۆرێك لە پۆستی زیاد بەرۆكی ئەو كابینەیان بەردەدا، بەڵام نەك ئەم كارەیان نەكرد بگرە خەریكە پێچەوانەكەی دەكرێت، كە ئەمەشیان ئاڵنكاری بۆ بەرنامەی چاكسازی حكومەت درووست دەكات.
سروشتی ئەو جۆرە حكومەتانەی كە زیاتر لە لایەنێك تیایدا بەشداری دەكات هەمیشە دەبێتە كۆسپ بۆ جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەتەكە، وەك چۆن دەبینین كابینەی تازە ماوەیەكی زۆری بەرێكرد تا بە داتاشینی پۆستی تازە و زیاد، لایەنەكانی پێ رازیكرا ئینجا حكومەتەكە تۆزێك كەوتە سەر سكەی كاركردی خۆی كە هێشتاش ماویەتی بە تەواوی دەست بكات بە كارەكانی خۆی.
كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، وێڕای ئەو هەموو بەڵێنانەی كە پێشتر پێكهێنەرەكانی ئەو كابینەیە سەبارەت بە چاكسازی بە خەڵكیان داوە، خراوەتە بەردەم مەحەكی چاكسازی، ئەگەر حكومەتی تازە ئەو كارە بكات كفنی مەرگی خۆی دەفرۆشێتەوە، ئەگینا چاڵ بۆ مەرگی خۆی لێدەدان. چونكە بێزاری خەڵك لەدەست گەندەڵی و نادادی لە هەرێمی كوردستان گەیشتۆتە لوتكە، ئیدی لەوە دەرچووە خەڵك بەرگەی ئەو هەموو گەندەڵی و نادادیە بگرێت.
نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم
-
هیوا سەید سەلیم
11/09/2019
-
هیوا سەید سەلیم
18/08/2017
-
هیوا سەید سەلیم
19/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
10/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
12/04/2017
-
هیوا سەید سەلیم
16/02/2017