بەرەو راستکردنەوەی غەدرەکانی سەر پێشەوا قازی
وتار/
27/03/2017
1250 جار بینراوە
ئیبراهیم عەباس
بەرەو راستکردنەوەی غەدرەکانی سەر پێشەوا قازی
ئیبراهیم عەباس
ئەدەبیاتی سیاسی کوردی، لەوەتەی حزبی مۆدێرنی کوردی لە کۆتاییەکانی
سییەکانی سەدەی رابردوو دروستکراوە، قبووڵکردنی مێژووی سەرکردە نەمرەکان نەبووە، بەقەد
ئەوەی داتاشینی مێژوویەکی نوێی بۆ رێبەرو سەرکردەکانی حزبەکان بووە، کە زۆرجاریش زێدەرۆیی
بۆ بە ئەفسانەکردنی چەند سەرکردەیەک کراوە، لەبەرامبەریش کار بۆ سرینەوە رێبەرە راستەقینەکانی کوردستان کراوە.
ئەم چەند ساڵەی دوایی ئیدارەدانی خراپی هەرێمی کوردستانی
لێدەرچێت، کە گەندەڵی، هەستی نەتەوەی خەڵکی کوشت، پێشتر و بەدرێژایی زیاد لە نیوسەدە
خەبات، لای تێکۆشەرە راستەقینەکانی کوردستان و تەنانەت کۆی گشتی خەڵکیش چرای بیریان
سەرکردەو رێبەرە راستەقیینەکانی کوردستان بوون، کە بە تێکوشان و خۆنەویستی و گیانفیدایان
لەمێژوودا، رێگای خەبات و تێکۆشانیان بۆ سەدان هەزار گەنج و لاوی کوردستان نیشاندا.
وابزانم ئێستا لەجاران زیاتر ئەو راستییە دیارە کە حزبی
کوردی چەندە کاری بۆ بەکاریزماکردنی سەرۆک و سەرکردەکانی خۆی کردووە، هێندەو زیاتریش
رۆڵی مێژوویانەی رێبەرە مێیژووییەکانی وەک پێشەوا قازی محەمەد یان پەراوێز خستووە.
هەر کەسێک مێژووی سەرکردەکانی کوردی خوێندبێتەوە، دڵنیایە
لەوەی قازی محەمەد یەکێکە لەو سەرکردانەی کورد کە دەستی بەخوێنی براکان سوور نییەو
مێژووی خۆی و خانەوادەکەشی بەدرێژایی چوار سەدە لە پێشرەوایەتی موکریان*1 و بەشێکی
زۆری خەڵکی کوردستان هێندە مایەی شانازییە کە بەکردەو بیری روناکیان، چرایەک بوون
و لە خزمەتیان بە ئایینی ئیسلام و خەڵکی کوردستان مایەی شانازییەکی بێوێنەن.
کارە ناوازەکانی قازی لە خۆبەخشی و خزمەتی خەڵکدا کە
دواتر تێکۆشان و دامەزاندنی حزب و راگەیاندنی کۆماری کوردستانی*2 دێتە سەر و سەرئەنجامیش
بۆ پاراستنی گیانی خەڵک خۆی رادەستی دوژمنان دەکات و خەڵک مهاباد و کوردستانی رۆژهەڵات
لە رەشەکوژی شاهەنشای ئێران دەپارێزێت*3، نەک شایانی ئەوە نییە مێژووەکەی بشێوێنرێت،
بەڵکو شەرفمەندی قازی شایانی پێگەیاندنی نەوەکانی کورستانە.
چەند مانگ پێش ئێستا مامۆستایەکی ئایینی ئازیز پێشنیاری
ئەوەی کردبوو، وێنە سەکردەکانی تر لە فەرمانگە حزبییەکان و دەمودەزگانی هەرێمی
کورستان لابدرێن و لە جێگەی ئەو وینەی پێشوا قازی هەڵبواسرێت و لەم رێگایەشەوە بگەرێنەوە
سەر نەهجی پێشەوا کە لەخزمەتکردنی کوردستاندا کەم وێنەیە.
بەرای من گەر بتوانرێت ئەو پێشنیارە لەناو حزبەکانی
کوردستان کۆدەنگی لەسەر هەبێت، بۆ ئایندە چەند سودێکی گەورە بە نەوەی نوێ و هەرێمی
کوردستان دەکات، چونکە:
١: پێشەوا خوێندەوارترین سەرکردەی کورد بووە
و وەکو چرایەکی زانست وابووە، ئەمەش نەوەی نوێ بۆ خوێندەواری هاندەدات.
٢: پێشەوا مامۆستای ئایینی بووە و بەڕاستی
خواپەرست بووە و خزمەتی ئایینی ئیسلامی کردووە، بەڵام جیاوازی بە هیچ پێکهاتەو ئایینێک
نەکردووەو تەنانەت خۆی دەرسی ئیینگلیزی و فەرەنسی لای مەسیحییەکان خوێندووە. گەر پەیرەوی
لەم رەوشتەی پێشەوا بکرێت، گیانی یەکتر قبووڵکردن زیاتر دەچەسپێت و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش
زیاتر پشتیوانیمان دەکات.
٣: حەزی بەخوێن رشتن نەبووەو تەنانەت بۆ
پاراستنی خەڵک گیانی خۆی بەخشی، ئەمەش دەبێتە هۆی حەرامکردنی رژانی خوێنی براکان بەدەستی
یەکتری.
٤: کۆمارەکەی داڵدەی ئازادیخوازن و بارزانییەکانی
داوەو وتەیەکی بەناوبانگی کاتی داگیکردنی ئەوەبووە، کە کوردستان ماڵی هەر کوردێکە،
ئەم خاڵەش دەبێتە هۆی خزمەتکردنی هەرێمی کورستان بە کورد و پێکهاتەکانی تری
کوردستان و وێنەی باشووری کوردستان بۆ هەموو کوردێک جوانتر دەکات.
٥: بەکردەوە پێشەوا دەکرێت بکرێتە کۆکەرەوەی
ئەو پەرش و بڵاوییەی ناو سەکردەکانی کورد، کە هەریەکێکیان کار بۆ بە کاریزماکردنی
سەرکردەکانی خۆیان دەکەن.
٦: قازی و براو ئامۆزاکانی نەک بەپارەی کۆمار
دەوڵەمەند نەبوون و ماڵی خەڵکیان نەخوارد، بەڵکو سەروەت و گیانی خۆیان بە کوردستان
بەخشی، ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی گەندەڵی بووەستێت و چاو لە پێشەوا بکرێت.
٧: گەر چاو لە پێشەوا بکرێت، سیستەمی بە بنەماڵەکردنی
حزبە کوردییەکان، کە ئێستا باشترین رەواجی هەیە کۆتایی دێت.
هیوادارم روانگەو راییەکانی ئەم وتارەم لای هەر خوێنەرێک
بە بایەخەوە وەربگیرێت، بۆ ئەوەی ئێستاو لەکاتی گونجاوتردا لای خەڵک بەفراوانتر
کاری لەسەر بکرێت، ئەمەش دوو سوود دەگەیەنێت:
١: ئەو غەدرە مێژووییەی حزبەکانی کوردستان لە
قازی و مێژووی کۆماری کوردستانیان بە کردووە راست دەکرێتەوە.
٢: بەکردوە مێژووی قازی کە مایەی شانازییەو بەراستی
دەکرێت لەزۆر بواری ئیداری و دەوڵەتداری و شۆرشگێری سودی لێوەربگرین، لەگەڵ هەڵواسینی
وێنەکەی دەکەوێتە رۆژەڤ.
سەرچاوە:
*١ ؛: ویکیپیدیا
*٢ ؛: ماڵپەری رێبەرانی کورد
*٣ : ویکیپیدیا
نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس
-
ئیبراهیم عەباس
13/08/2022
-
ئیبراهیم عەباس
05/09/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/08/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/05/2021