ریفڕاندۆم بۆ گيرانەوەی سوڵتان
وتار/
03/02/2017
606 جار بینراوە
هیوا سەید سەلیم
ریفڕاندۆم
بۆ گيرانەوەی سوڵتان
هیوا
سەید سەلیم
وا
بڕیارە سەرەتای مانگی نیسانی ئەمساڵ لە توركیا پرۆژەی دەستوری هەمواركراو بخرێتە بەردەم
ڕاپرسی بۆ دەنگدان بە بەڵێ یان نەخێر ، شایانی باسە مانگی ڕابردوو پەرلەمانی توڕكیا
نەیتوانی دەنگی پێویست بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور لەناو پەرلەمان بەدەست بێنێت ، كە
دەكاتە (367) دەنگ لە كۆی (550) دەنگی كۆی
گشتی ئەندامانی پەرلەمانی توركیا ، بۆیە دواجار لە رێگەی ئەنجامدانی (راپرسیەوە) یەكلا
دەكرێتەوە .
ناوەڕۆكی
پرۆژەكە بریتیە لە گۆرینی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانیەوە بۆ سیستەمی سەرۆكایەتی
، لەو بارەیەشەوە دەستوری تازەی توركیا ئەگەر لە وێستگەی ریفراندۆم دەنگی بەڵێی بەدەستهێنا
، ئەوا سەرۆكی توركیا دەبێتە خاوەنی زۆرترین
دەسەڵات كە لە مێژووی سەد ساڵی كۆماری توركیا دەسەڵاتی دەستووری وای بەخۆیەوە نەبینیوە،
هەرلەوەی سەرۆك دەبێتە باڵاترین هەرەمی دەسەلاتی جێبەجێكردن واتا پۆستی سەرۆكی
حكومەت نامێنێت و سەرۆك كۆمار كابینەی وەزاری پێكدێنێت ، جێگر بۆخۆی دیاری دەكات ، هەر سەرۆكی كۆماریش میزانیەی وڵات دیاری دەكات و بۆ پەسندكردن دەیداتە
پەرلەمان ،ئەندامانی دادگای دەستوری دیاری دەكات ، بریار لەسەر ئەنجامدانی هەلبژاردن دەدات .
ئەم
دەسەڵاتانەی لە پرۆژەی هەمواركراو بە سەرۆك كۆمار دراوە ، وایكردووە زۆرێك لە چاودێران
بە گومانەوە بڕواننە هەمواركردنەوەی دەستوری توركیا ، وە واشی دەبینن كە ئەو دەستورە
كاڵایەكە بە باڵای (رەجەب تەیب ئەردۆغان) ی سەرۆك كۆماری ئێستای توركیا بڕاوە ، هەر
بۆیەشە یەكێك لە رۆژنامەنووسە دیارەكانی توركیا ناوی ناوە (پرۆژەی كۆماری ئەردۆغانی
).
لە توركیادا بەرپرسانی ئەكەپە
دەمێكە دەزانن كە پرۆسەی هەمواركردنەوەی دەستور پرۆسەیەكی ئاسان نیە ،بۆیە هەرچی لە
توانیان دابوو بۆ سەرخستنی ئەو كارەیان ئەنجامیاندا و ئێستاش هەربەردەوامن ، تا لە
ریفراندۆم دەنگی زۆرینەی بەڵێ بەدەست بێنن ، سەرەتا لە شوباتی ساڵی 2013 پەنایان بۆ
ئیمرالی برد ، تا سوود لە پێگەی (ئۆجالان) ببینن بۆ مسۆگەركردنی دەنگی كوردانی باكوور لە
پشتیوانیكردنیان بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور ، بەڵام كاتێك بینیان دەرنجامەكانی هەڵبژاردنی
پەرلەمان لە حەوتی حوزەیرانی 2015 لە بەرژەوەندی ئەوان نەشكایەوە ، وە هەدەپە بە (81)
كورسی گەیشتە پەرلەمانی توركیا ، ئەردۆغان
و حزبەكەی نەك هەر نەچوونە ژێرباری قەبوولكردنی دەرنجامەكانی هەڵبژاردن بگرە كاریان
بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن كرد و پشتیشیان كردە پرۆسەی ئاشتی ئیمڕاڵی و لە كەشێكی
ئیرهابی هەلبژاردنیان دووبارەكردنەوە .
هەلوەشاندنەوەی پرۆسەی ئاشتی لە
لایەن دەوڵەتی توركیا بەهۆی ئەوە بوو كە لە
هەلبژاردنی پەرلەمانی (2015) هەموو حساباتی ئەردۆغان كورتیان هێنا ، چونكە ئەكەپەیەكان
پێیان وابوو بە (400) كورسی دەگەنە پەرلەمان ، ئەوسا نە بۆ پێكهێنانی حكومەت و نە
بۆ هەمواری دەستوور پێویستیان بە هیچ لایەنێك نابێت ، وە ئەوان هەدەپە بە هۆكاری ئەو
كورتهێنانە دەزانن ، چونكە ئەردۆغان و حزبەكەی هەرگیز باوەریان نەدەكرد ئەمەی دوایی
بتوانێت بەربەستی هەڵبژاردن كە 10% بوو تێبپەڕێنێت ، كە ئەمەش روویدا زۆربەی دەنگەكانی
هەدەپە دەگەڕێنەوە بۆ پارتی دادوگەشەپێدان
، بەڵام بینیمان پێچەوانەكەی دەركەوت ، بەوەی هەدەپە لە هەڵبژاردنی 2015 جگە لەو دەنگانەی
كە لە هەڵبژاردنەكانی ڕابردوو لە شارە كوردیەكان دەدرا بە ئەكەپە و حزبەكانی تر، هەدەپە
توانی دەنگی دیموكراتخواز و چەپ و لیبرالەكانی توركیاش بۆخۆی مسۆگەر بكات ، بەتایبەت
ئەوانەی كە دژ بە سیستەمی سەرۆكایەتین لە توركیا، كە ئەمەیان درووشمی سەرەكی هەدەپە بوو لەو هەڵبژاردنە .
دوای چەند مانگ لە هەلبژاردنی
حەوتی حوزەیران ، هەلبژاردنی پەرلەمان لە توركیا دووبارەكرایەوە دەنگەكانی هەدەپە لە 81 بوو بە 59 دەنگ ، بەڵام هەمدیسان ئەكەپە
نەیتوانی بەتەنیا دەستوورهەمواربكاتەوە بۆیە ئەمجارەیان بە پشتیوانی پارتی نەتەوەپەرستی
توركیا (مەهەپە) دەستی داوەتە ئەم پرۆسەیە ، ئەوەی كۆسپی گەورەشە لەبەردەم مسۆگەركردنی
دەنگی بەڵێی ریفراندۆم دەسەڵاتەكانی سەرۆك كۆمارە ، كە زۆریك لە چاودێران پێیان وایە
ئەگەر ئەردۆغان ئەمەی بۆ بچێتە سەر ، ئیدیبە سوود وەرگرتن لە پێگەی خۆی، توركیا بەرەو
دیكتاتۆریەت دەبات و سەردەمی سوڵتانەكان بۆ توركیا دەگێڕێتەوە .
ریفراندۆم، توركیا بەرەو دۆخێكی
زۆر هەستیار دەبات ، بۆیە زۆرێك لە چاودێران پێیان وایە ئەو پرۆسەیە دەرنجامەكەی هەرچی
بێت ناتوانێت زامنی سەقامگیری سیاسی و ئابووری و ئەمنی توركیا بكات ، ئەگەر ریفراندۆم
دەنگ بێنێت ، دەستور دەستی ئەردۆغان بۆ تەسفیەكردنی
نەیارانی و باڵادەست بوونی لە پێگەی سەرۆك كۆماری زیاترئاوەڵادەكات ، وەئەگەر دەنگیش
نەهێنێت ، ئاسان نابێت کە ئەردۆغان و حزبەكەی دەستەوستان دابنیشن ، ئەوەی تا ئێستا دیارە دەسەڵات لە توركیا زۆر
بە بەرنامە كار بۆ سەرخستنی بەرنامەی خۆی بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور لە ڕێگەی ریفراندۆمەوە
دەكات ، بەوەی فشاری زۆری خستۆتە سەر نەیارانی لە حزبە ئۆپۆزسیۆنەكان ، هەر لە زیندانكردنی پەرلەمانتاران و هاوسەرۆك و هەلسوڕاوانی
حزبەكان و داخستنی كەناڵ و ئاژانسەكان كە هەمیشە رۆڵیان هەبووە لە چاودێریكردنی پرۆسەی
هەڵبژاردن .
ئێستا تێیدەگەین كە ئەوەی ئەردۆغان
و حزبەكەی لەبەرامبەر هەدەپە ئەنجامی دەدات ترسە لە پێگەی جەماوەری ئەو حزبە ، بۆیە
لەو دوو سالەی دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانیەكانهاوسەرۆكەكانی هەدەپ و زۆربەی
زۆری سەرۆك شارەوانیەكان و 12 لە پەرلەمانتاری ئەو حزبە و ژمارەیەكی زۆر هەڵسوڕاوانی
دەخاتە زیندان ، بەڵام لەگەڵ ئەمانەشدا هەدەپە
بۆ دژایەتی گۆرینی سیستەم كاری خۆی دەكات ، ئەو هەڵوێستەشیان لەوە سەرچاوە دەگرێت
كە لە دەستوری هەمواركراو شوينێك بۆ مافەكانی كورد نەكراوەتەوە و ترسیشیان لە دەسەلاتی
ئایندەی سوڵتان هەیە .
نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم
-
هیوا سەید سەلیم
11/09/2019
-
هیوا سەید سەلیم
18/08/2017
-
هیوا سەید سەلیم
19/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
10/05/2017
-
هیوا سەید سەلیم
12/04/2017
-
هیوا سەید سەلیم
16/02/2017