بارزانی بۆ ناچێت بۆ تاران؟

وتار/ 29/01/2017 894 جار بینراوە

عارف قوربانى

بارزانی بۆ ناچێت بۆ تاران؟
عارف قوربانى


لە رابردوودا پەیوەندیی نێوان حیزب و لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێران، پەیوەندییەكی توندوتۆڵ بوو، لە ساكارترین دەربڕیندا دەكرێت بڵێین بەهۆی ئەوەی ئێران دەوڵەتێكی شیعی بووە و عێراق و سەدامیان وەك گەورەترین لەمپەر و دیواربەندی سوننی لە بەردەم خۆیان دەبینی، بەو هۆیەوە كە حیزبە كوردییەكانی باشوور لە دژی عێراق بوون، ئێران لە روانگەی ئەو تێزەوە كە (دوژمنی دوژمنەكەم دۆستمە)، كوردی عێراقی وەك دۆستێك دەبینی.

سەرباری ئەو راستیەی كە پێشكەوتنی بزووتنەوەی كورد لە هەر پارچەیەكی كوردستان دەبووە هاندەر و یارمەتیدەر بۆ گەشەكردنی بیری نەتەوەیی كوردی پارچەكانی تر، ئێران بێ‌ گوێدانە مەترسیی گەشەكردنی بزووتنەوەی كورد لە رۆژهەڵات، كۆمەكی بە شۆڕش و راپەڕینەكانی باشووری كوردستان دەكرد. تەنانەت لەكاتی شكستی شۆڕش و لێقەومان و ئاوارەیی خەڵكی باشووردا بەفریای خەڵك دەكەوت، لە ساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و تاوانەكانی ئەنفالدا سنوورەكانی بەڕووی میدیای جیهاندا كردەوە تا ئازار و مەینەتیەكانی كورد ببینن و رۆڵی گەورەی هەبوو لە ناساندنی كورد و كێشەكەی لە عێراق. 

لە راپەڕین و لە كۆڕەوی خەڵك و دواتریش لە بنیاتنانی یەكەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەرێتی كوردی، لە مامەڵەكردنی راستەوخۆی لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پێش هەموو وڵاتانی تری ناوچەكە و جیهان كردنەوەی نوێنەرایەتی ئێران لە هەولێر و سلێمانی، لە ئاستی باڵادا پێشوازیكردن لە وەفدی حكومەتی هەرێم و بەرپرسە باڵاكانی كوردستان. كردنەوەی دەرگاكانی لە سەردەمی ئابڵۆقەی ئابووری و تا روخانی سەدام، لە زۆر رووەوە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان ئامانجی ستراتیجیی ئێران بووە. 

دوای رووخانی سەدام و كەوتنی عێراق، هاوكێشەكان پێچەوانە بوونەوە، بەجۆرێك كە ئەمجارە پشتیوانیكردنی بەغدا بوو بە ئامانجی ستراتیجیی ئێران. دەبوو هەرێمی كوردستان ئەم هاوكێشەیە بەباشی بخوێنێتەوە، ئەوەی لەبەرچاوبێت كە لەهەر ئەگەرێكدا هەرێمی كوردستان یان هەر حیزب و لایەنێكی سیاسی كوردی هەڕەشە بێت لەسەر سیستەم و پرۆسەی حوكمڕانی عێراق، ئەوە ئێران راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ دەكەوێتە دوژمنایەتیكردنی.

ئێستا بەدەر لەوەی هەرێمی كوردستان كێشە و ناكۆكی لەگەڵ بەغدا هەیە كە ئەمە تا ئەندازەیەك كاریگەری لەسەر هەڵوێستی ئێران دەبێت، بەڵام لە دیدی ئێرانەوە خەریكە هەرێمی كوردستان خۆی دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر خودی ئێران. بێگومان لە حاڵێكی وادا ئێران هەروا دانانیشێت رۆڵی تەماشاكەر ببینێت. لای هەموو لایەك روونە ئێران بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانی و بۆ گەیشتن بە ئامانجە ستراتیجیەكانی دەست و پەلی هاویشتووە بۆ زۆر جەمسەری ئەم دونیایە، چۆن هەروا بە ئاسانی لێدەگەڕێت مەترسییەك لە بندەستی خۆیەوە گەشە بكات.

بۆیە ئەگەر هەرێمی كوردستان گۆڕینی سەرنجی ئێران و رەواندنەوەی ئەو گومان و نیگەرانیانەی هەیەتی نەكاتە ئەولەویەتی خۆی، بە دڵنیاییەوە لە ئێستا بەدواوە ئێران كێشە و گیروگرفتی زۆرمان بۆ دروست دەكات و دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئەزموونی كوردی لە باشووری كوردستان. هەرێمی كوردستان بەو قەیرانە سیاسی و دارایی و كێشە ناوخۆییانەیەوە بەرگەی كێشەی تر ناگرێت.
 
بۆ ئەوەی هەڕەشە و مەترسییەكان لە خۆمان دووربخەینەوە، پێویستە پێش هەر شوێنێكی تر، رێگەی تاران بگرینەبەر. وەك چۆن پێشتر لەو تێڕوانینە ستراتیژییەوە كە پێمان وابوو (توركیا تاكە دەروازەی بەستنەوەی كوردستانە بە جیهانەوە)، مام جەلال و كاك مەسعود و نێچیرڤان بارزانی چەندین ساڵ و لە چەندین كەناڵەوە كاریان كرد بۆ گۆڕینی سەرنجی توركیا بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان كە ئەوكات سەركردەكانی هەرێم وەك سەرۆك خێڵیش پەسەند نەدەكران لە توركیا، سەرئەنجام بە تێگەیشتن و بە دروستكردنی بەرژەوەندیی هاوبەش، نەك هەر نیگەرانییەكان رەوینەوە، بەڵكوو كاریگەرییەكانی بەجۆرێك بوو كە سەركردەكانی باشوور (مام جەلال و بارزانییەكان) رۆڵی گەورەیان هەبوو لە قەناعەتپێهێنانی توركیا لە گرتنەبەری رێگەی ئاشتی بۆ چارەسەری پرسی كورد لە توركیاش.

ئەگەر ئەوكات بایەخی توركیا و درككردن بە پێویستیی پەیوەندییەكی دروست لەگەڵ ئەو وڵاتە، لە تێڕوانینێكی ستراتیژییەوە بووبێت بۆ بەستنەوەی كورد بە جیهانەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە ئێستاش ئێران لەبەر مەترسیەكانی لەسەر ئەزموونەكە و ئایندەی كورد لەم ناوچەیە، بایەخی لەوكاتەی توركیا زیاترە بۆ هەرێمی كوردستان. رەواندنەوەی نیگەرانی و دروستكردنی متمانە و دڵنیاییدان بە ئێرانیش كارێكی مەحاڵ نییە.

تەنانەت ئەگەر بەشێوەیەكی بابەتیانە كێشەكانی ئێستای هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و كێشەكانی ئەوكاتەی لەگەڵ توركیا بەراورد بكەین، بەدڵنیاییەوە گرتنەبەری رێی ئێران و كردنەوەی دەرگای تاران بەڕووی چارەسەردا ئاسانترە وەك لە گۆڕینی دیدی توركیا بۆ قبوڵكردنی كورد لە ناوچەكە و داننان بە قەوارەی هەرێمی كوردستان. كورد بۆچی توانی ئەو گۆڕانكاریە لە بیر و تێڕوانینی توركەكاندا دروست بكات، بۆ ناتوانێت بەرچاوی ئێران رۆشن بكاتەوە؟ بەڵام كێشەكە ئەوەیە هەرێمی كوردستان هیچ هەنگاوێكی بەو ئاراستەیە نەناوە. ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەوە نییە كە هەستیان بە نیگەرانییەكانی ئێران نەكردبێت، چونكە جیا لە پێویستیی خوێندنەوەی هاوكێشەكان و تێگەیشتنی هەرێم لە ناسینی پێشهات و هاوكێشە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەكان، بەرپرسانی ئێرانیش لە چەندین بۆنەدا ئاماژەی مەترسیداریان خستووەتە ڕوو دژ بە هەرێمی كوردستان.

ناكرێت بەچاوێكی كەمبایەخ لەو هەڕەشە و نیگەرانیانەی بەرپرسە سەربازییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران بڕوانین و بێباك بین لەو وڵاتە، پێویستە ئەوەش بزانین كە هەرێمی كوردستان هیچ قازانجێك ناكات لە قوڵبوونەوەی كێشە و ناكۆكییەكانی لەگەڵ ئێران، بۆیە ئەركمانە بەدوای رێگاكانی ئاساییكردنەوە و رەواندنەوەی نیگەرانی و مەترسیەكانیدا بگەڕێین كە ئەوەش لە هەمانكاتدا بەرپرسیارێتی سەرشانی بەرپرسانی هەرێمی كوردستانە. 

زیاتر لە ساڵێكە باس لە چوون و نەچوونی بارزانی بۆ ئێران دەكرێت، هەر جارەی بە پاساوێكەوە دیدارەكان هەڵدەوەشێنەوە، گەرچی بارزانی عەسای سیحریی پێ نییە تا بە سەردانێك كۆتایی بە هەموو مەترسیەكان بهێنێت، بەڵام نەچوونیشی هیچ خزمەت بە چارەسەر ناكات و كێشەكان ئاڵۆزتر دەبێت و دواجار لەسەر حسابی ئەم میللەتە كۆتایی دێت. بۆیە وەك بەرپرسیارێتیەكی ئەم قۆناغە پێویستە زیاد لە جارێك ئەو رێگەیە بگرێتە بەر، تا ئەمەش بە دەردی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم نەچێت كە لەماوەی ئەم ساڵ و نیوەدا زۆرترین داواكاری ئاراستەی بارزانی كرا كە دەتوانێت كێشەكان چارەسەر بكات و پێویستە ئەو موبادەرە بكات، لەكاتی پێویستدا بەدەنگ ئەو داواكاریانەوە نەچوو، تا لە دۆخێكدا دەستپێشخەری نواند كە وەك پێویست لایەنەكانی تری كێشەكە بە دەنگییەوە نەهاتن.

ئەمەی ئێرانیش وای لێدێت، ئەگەر ئێستا تا كێشەكان زۆر ئاڵۆز و تا ناكۆكییەكان زۆر قووڵ نەبوونەتەوە، بارزانی خۆی مەلەفی پەیوەندییەكی دروست لەگەڵ ئەو وڵاتە نەگرێتە دەست، بەدڵنیاییەوە دەگەینە دۆخێك كە ئەوكات هەوڵەكانی دەبنە كەپنەكی پاش باران. 

نوێترین نوسینەکانی عارف قوربانى

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌