بزووتنەوەی ئیسلامیی، بۆ كۆنگرە نابەستێت؟

وتار/ 25/07/2021 320 جار بینراوە

ئاری عەبدولەتیف

بزووتنەوەی ئیسلامیی، بۆ كۆنگرە نابەستێت؟

 
بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی بزووتنەوەی ئیسلامیی، ھەر چوار ساڵ جارێك دەبێت كۆنگرە ببەسترێت، بەم پێیە ٢٠٢٠/٧/٢٥ دەبوایە دوانزەھەمین كۆنگرە ببەسترایە و ئەندامانی كۆنگرە ئەبدێتی پەیڕەو و ئۆرگان و سیاسەت و ستراتیژی حیزبەكەیان بكردایە.
لەوەھا ڕەوش و قۆناغێكدا، لە گرنگ گرنگترە بزووتنەوەی ئیسلامیی وەك حیزبێكی مەبدەئیی و میتۆدیی و مەنھەجیی، بە پەیڕەو كاربكات و پرەنسیپی سەرەكیی خۆی كە قورئان و سوننەتە، بكاتە ڕێبەر و خۆی لەم نائۆرگانیك و خزانە دەربازبكات و سەركردایەتییەكی جۆریی و ئیرادەخواز ھەڵبژێرێت تا لەم ھەلومەرجەدا، پرس و پرۆسە و پێھەنگاوەكانی دنیای نوێ ھەڵسەنگێنێت و میكانیزم و گوتاری پڕ بە بەر، بە باڵایاندا بدورێت.
بە پێی ئاماژە و خوێندنەوەكان بڕیار نییە بەم زوانە كۆنگرە ببەسترێت، كە ئەویش بیركردنەوە و نێتی بەشێكە لە سەركردایەتیی و ڕابەری ئێستا، بە فاكتەر و بیانووی جۆراوجۆری وەك پەتای كۆرۆنا، كە ئەمەش پێشێلی پەیڕەوە و قۆرخكردنی دەسەڵاتە و لادانە لە سیستەمی كاری رێكخراوەیی ھەر پارتێك، ئەوەشی ڕووبەڕووی ئەم پێشێل و یاساشكێنییە دەبێتەوە، چاوگی سەركردایەتیی ئەم حیزبەیە، ھاوكات خودی ڕابەری گشتیش، كە لە بنەڕەتدا بڕوام نییە بیانووەكان تەواو بن و ھۆی تر ھەن لەوانە، لەدەستدانی كورسی و ترس لە دەرنەچوونەوە و بەرژەوەندییە مادیی و تاكەكەسییەكان و حوبی زوھور و وابەستەگی ھەندێك لە سەركردایەتیی بۆ مەقامی ڕێبەریكردن و كوێخایەتیی
دەبوو كۆمەڵێك ھەموار لە پەیڕەودا بكرێت و دەست ببرێت بۆ خاڵی جەوھەریی و دەستكاریی گوتار و ھەیكەل بكرێت و تەنانەت ھەندێك گۆڕانی ڕیشەیی و چارەنوسسازیش ئەنجام بدرێت، تەنانەت بڕیار بوو وشەی ڕابەر لە ئەدەبیاتی ئەم حیزبەدا بە یەكجاریی ھەڵبگیرێت و بخرێتە ئەرشیف و لە بری مەكتەب سیاسیی، ئەنجومەن یان بۆرد یان خۆبەری سیاسییش پێكبێت، بەڵام نە لیژنەی باڵای كۆنگرە دەنگ و لێدوانی ھەیە و نە سەركردایەتییش لە كۆبوونەوە دەورییەكانیدا قسەیەكی ھەیە، بە تایبەت كۆبوونەوەی ئەمرۆی سەركردایەتیی بزووتنەوە، لە شاری سلێمانی.
ئەمە لە كاتێكدا، بڕیار بوو ڕێزدار (عیرفان عەلی عەبدولعەزیز) ڕابەری ئێستا كە دوو خولە ڕابەرایەتیی دەكات و كۆتایی بە ویلایەتی ھاتووە خۆی بەربژێر نەكات و بە پێی پەیڕەو كار بكات، وە ھەر خۆیشی بە نامەی دەستخەت و واژووی خۆی پێش ساڵێك نوسیویەتی و ناردویەتی بۆ مەكتەبی سیاسیی كە لەم كۆنگرە خۆم بەربژێر ناكەمەوە، كە ئەمەش بەھێزترین ئاماژە و ئێنەرژیی ئیجابییە، بۆ سەركەوتنی كۆنگرە، كە كەسی یەكەم بڕوای بە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستكردنی دەسەڵات ھەبێت، كە خودی خۆی بە شەفافیی ڕایگەیاندووە كە ئامادەی چۆڵكردنی پۆست و كورسییەكەی ھەیە، پێچەوانەی زۆرێك سەركردەی یەكەمی حیزبەكان كە مردن كورسیەكانیان پێ چۆڵ دەكات، بەڵام دیسان ئەمەش بەڵگوبن كراوە و خودی ڕابەریش لە ئێستادا بێدەنگە.
ھەرچەندە لیژنەی باڵای ئامادەكاری كۆنگرەی دوانزە، لە ئامادەكاریی و سەردان و بزاوتی خۆیدابوو لە ساڵی ڕابردوودا و ئەگەر لە وادەی خۆیدا كۆنگرەی ببەستایە ئەوا نیوەی سەركەوتنی بەدەست دەھێنا، بە ھەمان باریش ئەم لیژنە ھەڵوێست و لێدوانی نوێی نییە بە تایبەت بۆ سبەی كە (٧/٢٥)ە و ڕۆژی كۆنگرەیە.
بزووتنەوەی ئیسلامیی، حیزبی كۆنگرە و گۆڕانكارییە و یەكەمین حیزبی كوردستانیش بوو كە تەواوی دانیشتن و گفتوگۆكانی لە رێی كەناڵی میدیاییەوە بە ڕاستەوخۆ و بێ سانسۆر پەخش كردووە، زۆرترین ڕابەری گۆڕیوە پێش كۆچی دواییان و لە میانی ڕۆژانی كۆنگرەكانیشیدا، بەوپەڕی شەفافیەت و گیانی ڕەخنەوڕەخنەلەخۆگرتنەوە كۆتایی پێھێناوە.
ناشاردرێتەوە بزووتنەوەی ئیسلامیی لە دۆخێكی باشدا نییە و دەیان و سەدان دەنگی ناڕازیی ھەن و بەشێكیش لە سەركردایەتیی بە ناوی (ھێڵی گۆڕانكاریی)، لێدوان دەدەن و وتەبێژ و پەیجیان ھەیە و داوای گۆڕانكاریی و چاكسازیی دەكەن، بەشێك لە كادر و ئەندام و مەڵبەند و ئۆرگان و ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنگەری ئەم حیزبەش لە لایەكی ترەوە ناڕازیین لە ئەدای بزووتنەوە، ئەمە جگە لە بوونی دەیان سەركردە و كادری پێشكەوتووی ماندوو، كە چەندین كۆنگرەیە ماڵیان ھەڵبژاردووە و كار ناكەن و ھەندێكیشیان وازنامەیان ڕاگەیاندووە.
ناكرێت ئیدی سەركردایەتیی ئەم حیزبە، ھێندە خەمسارد و بێخەم و خوێنمەیو بێت، ناكرێت نەتوانێت بە كۆدەنگیی و كۆی دەنگ و زۆرینە بڕیار بدات، ناكرێت بڕیاری كۆتایی لە دەستی یەك و دواندا بێت و ڕای گشتیی و دەنگی شەقامی بزووتنەوە ھەژماری بۆ نەكرێت، ناكرێت ئەوەی دەوترێت لەسەر ئەم حیزبە لە لایەن و دۆست و نەیارەوە لەسەر سیاسەت و پەیوەندییەكان و داھات و خەرجیی و قۆرخكاریی دەسەڵات و چەقبەستوویی، ھەروا وەك گیزەی مێشولەی تەمموز بە لای گوێی سەركردایەتیی ئێستادا بڕوات و وابزانن ناوخۆی حیزب شامی شەریفە.
كۆنگرە دەبێت ببەسترێت، كە ناشیبەستن دەی چاكی بكەن، ئەگەریش ھەر دەڵێن كۆنگرە گرنگ نییە و دەبێت بگەرێینەوە بۆ سەرچاوگی دەسەڵاتی تەشریع و حەلوعەقد و پارێزبەندیی ئاینیی و چی و چی، دەی من ھەمووی بێدەنگ دەكەم و تا سەد ساڵی تر عافێتتان بێت و خۆتان لە قیادە بن و بەڵام دەستێك بھێنن بە جەستەی تەمگرتووی ئەم حیزبەدا و لكی نارێكیی و ستراتیژی ھەڵە و گۆشتی سەرەتانیی ئەم ھەیكەلە ئۆرگانییە بتاشن، دەی لانی كەم گوتارێكی نوێ، میدیایەكی بەھێز، شەفافیەتێك لە داھات، ھەنگاوێك بنێنن و جەموجۆر خۆتان ڕاوەشێنن، دەی ھەڕ ھیچ نەبێت دوو سەركردایەتیتان جاروبار دوو وتار، دوو لێدوان بدەن، دەی لانی كەم كۆنفرانسێك، پلینیۆمێك، ببەستن و خەڵكەكە كۆبكەنەوە و لە ھەمویان گوتارێكی نەوعیی نوێ دابڕێژن و ھەر ھیچ نەبێت لە سۆشیالمیدیا شاشەیەك بە كوالێتیی دامەزرێنن كە توانای كەناڵێكی پاوەرمیدیای ھەبێت.
ئاخر ئیتر شەرمە بەم جۆرە سیاسەتكردن، بەم شێوازە حیزبایەتیی، بەم بێدەسەڵاتیی و بچووكییە بەردەوامیدان بە تەمەنی حیزبێك كە نەوەدەكان دووەم و سێیەم ھێزی ئەم ھەرێمە بووە.
خۆ ناشكرێت ھەر قسە بكەین و گوێیەك نەبێت بۆ بیستن، لەوانەیە ھەندێك بڵێن ئەمە قسەی ڕاگەیاندن و فەیسبوك نییە و كێشەیەكی ناوخۆییە، دەی ئیتر دەبێت بە ئاشكرا بڵێین كێشەمان ھەیە و چارەسەری دەكەین، خەڵكیش ئەو ڕاستییە دەزانێت ئیتر پێویست بە شاردنەوە ناكات، ئەگەرنا ئەی ناڵێن ئیوە ئێستا خاوەنی چەند كورسیی پەرلەمانن؟ ئەگەریش دەڵێین قورسایی ھێز بە دەنگ و كورسیی ناپێورێت، دەی خۆ دەتوانیین لە شەقام و میدیا و لە بەرەی خەڵك و كۆمەڵگە نوزە و قسەیەكمان ھەبێت، كاریگەرییەك دانێین لەسەر ئەم خاك و نیشتیمانە!
ئەنجامدانی كۆنگرە، مەرجە و بۆ نوێبونەوە و ئەبدێتە، ئەنجامنەدانی لە توانای ھیچ ھێز و كەسێكدا نییە و سازش لەو بارەیەوە، پێشێلی پەیڕەو و كوشتنی حیزبە، ڕاستە دەبێت كۆنگرە گۆڕانكاریی بكات و دۆخی پاسیڤ و شەلەل و گەنەخوازیی و گەندەڵییەكانی تێپەڕێنێت، بەڵام ئەم وتارە شوێنی ئەوە نییە و تەنیا مەبەستی ئەوەیە بڵێ دەبێت بزووتنەوەی ئیسلامیی، وەك حیزبی دایك و چەتری ڕابوونی ئیسلامیی كوردستان و داینەمۆی پارێزگاریی لە ئیسلام و شكۆی كورد و خاكی كوردستان، كۆنگرە ببەستێت، ئەگەر نا...
ھەر دەبێت بیبەستێت!.
ئاری عەبدولەتیف

نوێترین نوسینەکانی ئاری عەبدولەتیف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌