کۆنگرەی پێشوەختی بزووتنەوە (نەشتەرگەرییە گەورەکە)

وتار/ 05/03/2019 542 جار بینراوە

ئاری عەبدولەتیف

کۆنگرەی پێشوەختی بزووتنەوە (نەشتەرگەرییە گەورەکە)
بۆ ئەندامانی باسک، واجبە بیخوێننەوە ....!


پاش ئەو قەیران و کێشە ناوخۆیی و پرەنسیپیانەی ڕووی لە بزووتنەوە کردۆتەوە، بزووتنەوە ناچاری بەستنی کۆنگرەی پێشوەخت دەبێتەوە، هەرچەندە کۆنفرانسی دوو ساڵە، کە بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا ببەسترێت، دەسەڵات و هێزی نابێت بۆ تێپەڕاندنی کێشە و خوێنبەربوونەکانی و لە ئێستادا لە لایەن زۆرینەی شورا یان لە کارنامەی کۆنفرانسدا، دەبێت بە ڕوونیی و دوور لە شەرم و خۆدزینەوە و خواردنی حەبی موسەکین، لیژنەی باڵای کۆنفرانس یان ئەندامانی بەشدار، دەنگ لەسەر هاتنە پێشەوەی کۆنگرە بدەن کە دەبێت بە کۆنگرەی (12)، ئەمە لە کاتێکدایە کە وادەی کۆنگرە زیاتر لە ساڵێکی ماوە و کۆنفرانسیش چەندین مانگ تێپەڕیوە بە سەریدا.
پرسی چارەی بنەڕەتیی و کۆتاییهێنان بە نەزیفی جەستەی بیماری بزووتنەوەی ئیسلامیی و هەستانەوە و پاراستنی ئەم جەستە شکۆمەندەی پێنج دەیە لە جوامێریی و چەتر و پێشەنگایەتیی کاروانی جیهاد و خەباتی ئیسلامخوازیی لە هەرێمی کوردستان، بە عەقڵی موماتەڵە و موبادەرەی بێتام و کۆڕ و کۆبوونەوە و پێکەنینی سەناعیی شورا و ڕێکخستن و دەستهێنان بە سەری ڕوتاوەی مەڵبەندەکاندا چارە ناکرێت، ئێستا ئیتر بەسیەتی پینەوپەڕۆ و ئازاردانی ڕۆحی ئەو هەموو ڕیجال و سەرکردە و شەهیدەی تا لە ژیان بوون نەیانهێشت تۆز بەری بینی ئەم حیزبی دایکە بگرێت، چاوەڕوانیی پیر بوو، دڵ بە بەریەوە نەما، دەبینین هەر ڕۆژە و کێوێکمان دەڕوخێ، پیاوێکمان دڵی ئەشکێ، سەرکردەیەکمان ناچار بە هەڵهاتن و ژیانی خەڵوەت دەکرێ، دەبێت بڕیار بدرێت لە کۆنگرەی پێشوەخت و بە زوویی ئەم بڕیارانە بدرێ:
1- داڕشتنەوەی پەیڕەو و پرۆگرامێکی واقیعیی و سەردەمیانە کە ڕێک بێتەوە لەگەڵ دنیای نوێ و کاری ڕێکخراوەیی، بە مەرجی پاراستنی میتۆد و بنەما شەرعییەکان و شەرعیەتی مێژوویی و ئەسالەتی بزووتنەوەی ئیسلامی.
2- وەک خودی ڕابەری گشتیی بڕیاریداوە و پەیڕەویش ڕێگا نادات، لە دوو خولی ڕابەریی خۆی هەڵبژێرێتەوە، بەربژێرێکی دیکەی پایەداری شەرعزان و سیاسەتوان دیاریی بکرێت بۆ پۆستی یەکەمی بزووتنەوە، کە مەرج نییە زاراوەی (ڕابەر) بمێنێت و بکرێتە سکرتێر یان سەرۆک یان خادم یان پەیماندار یان هەر زاراوەیەکی تر کە ڕێبەریی حیزب بکات.
3- بە سیستماتیککردنی بزووتنەوە دوور لە شیعار و قسە و بە کردەیی و کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، نەک گەڕەلاوژێ و بە بای شان پۆست وەرگرتن و بەخشینەوەی پلە و ڕوتبە وەک سەربازگەیەکی داڕوخاوی موعەلەب و تڕۆهات.
4- بچووکردنەوەی هەیکەلی حیزب و گەورەکردن و فراوانکردنی کار و پڕۆژە و وەبەرهێنان و پەیوەندیی و هێڵ و ڕەهەندە جیاوازەکانی کاری ڕێکخراوەیی، ئەویش بە دوورکەوتنەوە لە دانانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامی (م. س) و شورا و مەڵبەند و ئۆرگان و بارەگای تاڵ و بێ حاڵ و داخستی دەیان ڕادیۆ و دوانگەی یەک کیلۆمەتریی و کۆکردنەوەیان لە یەک کەناڵی گڵۆباڵمیدیادا.
5- دروستکردنی (یەکەی ژمێریاریی) یەکی پیشەیی و تەندروست، لە ئەهلی دەستپاک و شەفاف و خاوەندیدی ژێرخان و سندوقی ئەمانەت، تا وەک پێنج دەیە لە ڕابڕدوو پارە و پولی ئەم بزووتنەوە ئیسلامییە ئەگەر (250) دیناری تەبعیش بێت بە هەدەر نەڕوات و مۆڵێک، بینایەک، بەنزینخانەیەک ... تد، ی پێ بونیاد بنرێت.
6- داوەتکردنەوە و بە زۆری ئیمان هێنانەوەی سەدان و هەزاران سەرکردە و کادری دانیشتووی دڵشکاو لە سەرانسەری وڵات، کە زۆرینەیان ئەگەر هەمووشیان نەبێت، دەورانێک هێز و شکۆ و نوکی ڕم و شمشێری دوو دەم و قەڵەمی پەرێزپاک و بە بڕشت بوون بۆ کاروانی بزووتنەوە، کە دڵنیام بێنەوە، بزووتنەوەی نەوەدەکان لە ترۆپکێکی تری عیززەت و ڕەقەمحیسابێکی تری سیاسییدا خۆی دەبینێتەوە و لە داهاتووشدا، قەرەبووی ئەو هەموو نسکۆ و نیوەڕووت و بیماریی و دواکەوتنە دەکاتەوە.
لە پێناو نوسینەوەی کارنامەیەک بۆ هەم کۆنفراس و هەمیش کۆنگرە، خاڵی گرنگتر هەیە، هەڵی دەگرم، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە و بە دەنگی بەرز دەیڵێم، بەستنی کۆنگرەی پێشوەختە لە ماوەیەکی نزیکدا و وەک سەرۆکی فراکسیۆنی ڕابردووی بزووتنەوە کە هێشتا گەرمیی لە جەستەی خزاویدا ماوە و وەک کادرێکیش ئەم بۆچوون و داواکارییە ڕادەگەیەنم.

ئاری عەبدولەتیف

نوێترین نوسینەکانی ئاری عەبدولەتیف

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌