هاواری‌ شه‌قام و ترس له‌ ئاینده‌ی‌ دیموكراسی

وتار/ 14/12/2016 799 جار بینراوە

عمر علی‌ محمد

هاواری‌ شه‌قام و ترس له‌ ئاینده‌ی‌ دیموكراسی

ئه‌گه‌ر له‌ ئێستادا سه‌رنجی‌ شه‌قامی‌ كوردی‌ بده‌ین ده‌بینین شه‌قامێكی‌ خرۆشاوه‌، رۆژانه‌ فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان و چین و توێژه‌ جیاوازه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هه‌ریه‌كه‌ بۆ مه‌به‌ستێك دێنه‌ ده‌ره‌وه‌و به‌ رێپێوان و ناڕه‌زایی‌ ده‌ربڕین به‌ شێوازی‌ جۆراوجۆر داوای‌ مافه‌كانیان ده‌كه‌ن، ئه‌و خۆپیشاندان و رێپێوانانه‌ی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌كرێت له‌ زۆر روه‌وه‌ جیاوازن له‌وانه‌ی‌ كه‌ له‌ به‌هاری‌ عه‌ره‌بیدا روویاندا، به‌ڵام ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ كوردستان به‌ڕێوه‌ ده‌چن پێویسته‌ به‌ بایه‌خه‌وه‌ سه‌یر بكرێن و پشت گوێ نه‌خرێن و هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ مه‌ده‌نی‌ و دیموكراسیه‌كه‌دا چاره‌سه‌ر بكرێن و رێگه‌ له‌وه‌ بگیرێت كه‌ به‌ره‌و توندوتیژی‌ بڕوات یان لایه‌نی‌ بێگانه‌ ده‌ستیان تێ بخات، چونكه‌ ئه‌گه‌ر بڕیاربێت سیستمی‌ سیاسیی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا له‌سه‌ر بنه‌مای‌ دیموكراسی‌ بێت، ده‌بێت گرنگترین شتێك لای‌ حكومه‌ت ده‌نگی‌ هاوڵاتیان بێت، چونكه‌ ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی‌ ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان و حكومه‌تیان پێكهێناوه‌، هه‌موویان به‌ ده‌نگی‌ خه‌ڵك رۆیشتوون و هه‌ریه‌كه‌ش به‌پێی‌ ئاستی‌ به‌ده‌ستهێنانی‌ ده‌نگه‌كان به‌شداری‌ له‌ حكومه‌تدا كردووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ دیموكراسیی‌ مانای‌ كێڕانه‌وه‌ی‌ ده‌سه‌ڵاته‌ بۆ گه‌ل، كه‌واته‌ پارته‌ سیاسیه‌كان و به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی‌ كه‌ به‌رپرسیاریه‌تی‌ گه‌وره‌یان له‌ ئه‌ستۆدایه‌ له‌نێو حكومه‌تدا زۆر پێویسته‌ به‌ته‌نگ ناڕه‌زایی‌ و خۆپیشاندانه‌كانی‌ هاوڵاتیانه‌وه‌ بن و گوێیان بۆ بگرن و له‌ گرفته‌كانیان تێ بگه‌ن.

له‌ ئێستادا ئه‌گه‌ر سه‌یری‌ خۆپیشاندانه‌كان بكه‌ین ده‌بینین زۆر به‌ شێوازێكی‌ مه‌ده‌نی‌ و دوور له‌ توندوتیژیه‌ . له‌ سیستمنی‌ دیموكراسیدا هه‌موو چین و توێژێك مافی‌ خۆیه‌تی‌ كه‌ داوای‌ مافه‌ مه‌ده‌نیه‌كانی‌ بكات، له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ له‌ كوردستاندا دروست كردنی‌ حكومه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای‌ ده‌ستكه‌وتی‌ هه‌ڵبژاردنه‌، كه‌واته‌ هه‌موو ئه‌و پارتانه‌ی‌ كه‌ ئێستا له‌ ده‌سه‌ڵاتدان ده‌بێت ئه‌و راستیه‌ بزانن كه‌ له‌ ئاینده‌دا كه‌ هه‌ڵبژاردن ده‌ست پێ‌ ده‌كاته‌وه‌ ده‌بێت هه‌موویان چاوه‌ڕوانی‌ ده‌نگی‌ هاوڵاتیان بن هه‌تا ده‌نگیان پێ‌ بده‌نه‌وه‌. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌و پارته‌ سیاسیانه‌ی‌ كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدان زۆرتر به‌رپرسیارن له‌ ئاست چه‌سپاندنی‌ دادپه‌روه‌ری‌ و شه‌فافیه‌ت و پێشكه‌شكردنی‌ خزمه‌تگوزاری‌ به‌ خه‌ڵك و دابینكردنی‌ ئارامی‌ و ئاسایش و بوونی‌ پرۆژه‌ی‌ گه‌شه‌پێدان له‌ بواری‌ جۆربه‌جۆردا بۆ پێشخستنی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌.

به‌شێكی‌  زۆری‌ ناڕه‌زایه‌تیه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ له‌ ئه‌مڕۆدا به‌هۆی‌ ئه‌و سیستمی‌ پاشه‌كه‌وت كردنی‌ مووچه‌یه‌وه‌ دروست بووه‌ كه‌ حكومه‌ت نزیكه‌ی‌ دوو ساڵه‌ په‌یڕه‌وی‌ ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ش هیچ بنه‌مایه‌كی‌ یاسایی‌ و ده‌ستوری‌ نیه‌، ئه‌وه‌ش به‌ ته‌واوی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ داواكاری‌ گشتی‌ دا ده‌ركه‌وت كه‌ وتی‌ ئه‌م سیستمی‌ پاشه‌كه‌وته‌ بڕیارێكی‌ یاسایی‌ نه‌بووه‌و ده‌بێت پێداچوونه‌وه‌ی‌ پێدا بكرێت، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ ئه‌گه‌ر سه‌رنج بدرێت، له‌دوای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ له‌ 23ی‌ حوزه‌یران له‌نێو په‌رله‌ماندا گرفت دروست بوو به‌مه‌ش پشێوی‌ كه‌وته‌ ناو كوتله‌كانی‌ په‌رله‌مان و دواجاریش پارتی‌ رێگه‌ی‌ له‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان گرت كه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ هه‌ولێر و به‌مه‌ش شه‌رعیترین دامه‌زراوه‌ی‌ هه‌رێم له‌كار خرا كه‌ سه‌رچاوه‌ی‌ یاسادانانه‌، ئه‌و یاسایه‌ش له‌دوای‌ ئه‌م رووداوه‌ دراوه‌، كه‌واته‌ بڕیاره‌كه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی‌ یاسایی‌ نیه‌، پاش ئه‌م بڕیاری‌ پاشه‌كه‌وتی‌ مووچه‌یه‌ كه‌ بڕیارێكی‌ كتوپڕ و بێ‌ پاساوه‌، هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌تایبه‌تی‌ فه‌رمانبه‌ران باری‌ گوزه‌رانیان تێكچوو به‌ره‌و هه‌ژاریه‌كی‌ خراپ هه‌نگاویان نا، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ گرفته‌كه‌ گوازرایه‌وه‌ بۆ ناو هه‌موو یه‌كه‌ كارگێرَِیه‌كانی‌ حكومه‌ت و حكومه‌تی‌ تووشی‌ جۆرێك له‌ ئیفلیجی‌ كردووه‌ و به‌مه‌ش ئیراده‌ی‌ دڵسۆزی‌ و ئینتیما و خۆشه‌ویستی‌ بۆ حكومه‌ت و نیشتمان و نه‌ته‌وه‌ی‌ به‌ره‌و لاوازی‌ بردوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ داخه‌ سه‌ره‌ڕای‌ زانیاری‌ حكومه‌ت به‌ ته‌واوی‌ ئه‌و كێشانه‌، بێ‌ وه‌ڵام ماوه‌ته‌وه‌و سووره‌ له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی‌ و ئاماده‌ نیه‌ له‌و بڕیاره‌ پاشگه‌ز بێته‌وه‌، ئه‌مه‌ش مه‌ترسی‌ ئه‌وه‌ی‌ لێ‌ ده‌كرێت كه‌ كوردستان به‌ره‌و كۆتایی‌ دیموكراسی‌ هه‌نگاو بنێ‌ و جارێكی‌ تر به‌ نیاز نه‌بێت بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سندوقه‌كانی‌ ده‌نگدان.

نوێترین نوسینەکانی عمر علی‌ محمد

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌