ئایا باسكردنی مێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەكان زەروورەتی ئەم قۆناغەیە؟!

وتار/ 03/03/2021 443 جار بینراوە

ئارام عەلی سەعید

ئایا باسكردنی مێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان زەروورەتی ئەم قۆناغەیە؟!
چەند سەرنجێك بۆ ئەوبەڕێزانەی بێبایەخ لەم مێژووە دەڕوانن
ئارام عەلی سەعید
ماوەیەكە دەستمداوەتە كۆڵین و پشكنین و زیندووكردنەوەی بەشێك لەمێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان، ئەمەش پرسیاری زۆری لای هەندێك لەهاوڕێ و دۆستەكانم لەیارو نەیار دروستكردووە، بەشێكیان پشتیوانی و دەستخۆشی دەكەن و هەندێكیش پێیانوایە ئەم كارەی من گەڕانەوەیە بۆ دواوەو كای كۆن بەباكردنە یاخود من وەك عاتیفە دەست بۆجووڵەپێكردنی ئەم مێژووە دەبەم و خۆم خەریك دەكەم بە بابەتێكەوە كەسوودێك نەبەدۆخی سیاسیی و كۆمەڵایەتی دەگەیەنێت نە كتێبخانەو فەرهەنگی كوردی پێویستی بەمجۆرە كارانەیە، بۆیە بەپێویستمزانی بەچەند سەرنجێك وەڵامی ئو بەڕێزانە بدەمەوە كەمێژووی بزووتنەوە ئیسلامییەكان و هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی دوێنێیان بەپێداویستی ئەم قۆناغە نابینن:
یەكەم: یەكێك لەو زیانانەی كورد كردوویەتی لەمێژووی خۆیدا نەنووسینەوەی ڕووداوەكان و تۆمارنەكردنی یاداشتەكانە كەلەسەرخاكی كوردستان لەناوخۆو دەوروبەر ڕوویانداوە، بۆیە هەركەس شارەزای مێژوو بێت نرخی كۆی ئەو بابەتە مێژووییانە لەڕووی سیاسیی و كۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ژیانكردنی كۆمەڵگاوە دەزانێت ئیدی هەركەس و لایەنێك بێت، كەواتە بەهای هەریەكەیان لەلای بەهیچ سامان و سەرمایەیەكی ماددی ناپێورێت، لەبەرئەوەیە قورسایی تۆمارە مێژووییەكان لەتەرازووی ویژدانی ئەوانەدا هێزوپێزیان هەیە كەبۆ ڕاستیەكان بیردەكەنەوەو بڕوایان بەخۆیان هەیەو شانازی بە بوونیانەوە دەكەن و بابەتیانە واقیعەكە وەك خۆی دەپێون و دەرك دەكەن و هەست ڕادەگرن ئینجا حوكم دەدەن.
دووەم: بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستان وەك پێویست نەیانتوانیوە ئەرشیفی ڕابردووی خۆیان بكەن و لە كۆڵینەوەو شەنوكەوكردنی ئەومێژووەوە ڕوئیای ڕوونی خۆیان لەمڕۆدا بەیان بكەن، ئەمەش بۆشاییەكی مەعریفی بۆ دروستكردوون و زیاتر لەگەڵ بابەتەكانی ڕۆژ مامەڵە دەكەن و بەخێرایی تێپەڕدەبێت، گەربێت و خەمی نووسینەوەو ئەرشیفكردنی ئەم مێژووە لای توێژەرانی بوارەكە لەكۆڵنەنرێت چەندساڵێكی دی سەرچاوەمێژووییەكانیان ون دەبن و شتێكی ئەوتۆ نامێنێتەوە بۆ تۆماركردن و نووسینەوە، بۆیە من لەو سۆنگەیەوە بایەخی پارچە كاغەزێك و بیرەوەرییەكانی پێشمەرگەیەك و ئەوانەی لەناو ڕووداوە سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكاندا بوون لەلام زۆر گەورەترە لەوەی كەخۆم بەبابەتگەلێكی لاوەكی یان زارەكی ڕۆژانەوە خەریكبكەم و ئایندەیەكی لێ چاوەڕوان نەكەم كە خزمەت بێت بە دین و ژینی خۆم و دەوروبەرو كۆمەڵگاكەم.
سێیەم: هەرهێزێك ئاگای لەدوێنێی نەبێت لەمڕۆ تێناگات و پلانی بۆ داهاتوو نییە، ئەمەش یەكێكە لەو زیانە گەورانەی بزووتنەوەی سیاسیی و چەكداری كورد كردوویانەو بزووتنەوە ئیسلامییەكانی كوردستانیش وەك پێویست دەركیان نەكردووەو زیاتر لایەنە دینییەكە كەدەڵێن هەرچیمانكردووە بۆ خودابووە زاڵبووە بەسەرلایەنە مێژوویی و سیاسییەكەداو بەشێك لەكارەكتەرە سیاسییەكانیان كەمتەرخەمبوون لە تۆمارو یاداشتكردنی ڕووداوەكاندا، كەواتە هەر هەوڵێك بۆپڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە لەئێستادا تەواوكاری پرۆژە ئیسلامییەكەی ئەوانەو خەمخۆری لەمكارە هەستكردنە بەبەرپرسیارێتی مێژوویی و ئەخلاقی ئاینیی و پێكەوەژیان و كاری دەستەجەمعیلەپێناو ستراتیژێكی گشتیدا.
چوارەم: من سوپاسی بەشێكی زۆر لەسەركردەو كادیرانی حزبە ئیسلامییەكان و بەشێك لەمامۆستایانی زانكۆو توێژەرانی بواری مێژوو و نوخبەی ڕۆشنبیران و هاوڕێ و هاوپیشەكانم دەكەم كە نرخی ئەمكارەیان لایەو ڕاستەوخۆ پشتیوان و هاندەرمن لەو هەوڵانەی دەیدەم، ئەوانە بایەخی نووسینەوەو بەفەرهەنگكردنەوەی پرس و بابەتەكانیان لایەو لەوە تێدەگەن كە ئەمكارانە چ خزمەتێكی بەكەلەپووری ئیسلامیی و مێژووەكەیان دەكات، من ئەمان بەبەشێك لەسەركەوتنی ئەو پرۆژانەی لەگەڵ بەشێك لەهاوڕێكانم دەستمانداوەتێ دەزانم و جوامێرییان بەرزدەنرخێنم.
پێنجەم: ئەوەی سەرنجمداوە ئەوانەی زیاتر ئیش لەسەر ساردكردنەوەو هێواشكردنەوەی ئەو هەوڵانە دەكات یان ڕێگرە لەپێشڤەچوونیان زیاتر لەوانەن كە خۆیان بەشێك نەبوون لەڕووداوەكان و غیابیان هەبووە لەنێوگۆڕەپانەكەدا یاخود لەڕووی ئایدۆلۆژیی و فیكریی سیاسییەوە بەكاروچالاكی و هەوڵی ئەو بزووتنەوانە خۆشحاڵنەبوون و ئیشیان لەسەر پەراوێزخستن و لاوازییانكردووە، ئەمەش وادەكات توانج لەنووسین و هەوڵ و ماندووبوونەكانمان بدەن، بۆیە من هێندەیان پێدەڵێم لێمانگەڕێن و وەك خۆتان هیچتان پێناكرێت مەبنە بەشێك لە كۆسپ و لەمپەر لەبەردەم پرۆژەگەلێكدا كەئیش بۆ بیناكردن دەكەن نەك هەڵوەشاندنەوەو بەرەو دواگەڕانەوە.
 لێرەوە داوام لەهەموو ئەوانەیە دەركی ڕاستیەكان دەكەن و مێژوو لایان ئاوێنەی ئەمڕۆیە سەربە هەر گروپ و دەستەو حزبێكی سیاسیی مەدەنی و شۆڕشگێڕی هەن بابێن بەهەموولایەك خەم لە نووسینەوەی مێژووی كارەسات و ڕووداوو بەسەرهاتەكانی ڕابردوومان بخۆین تاوەكوو لەزارو قەڵەمی خۆمانەوە بڕژێنە سەر ڕووپەڕی كاغەز نەك وەك ئەوە ڕووداوانەی پێشووتر كەزیاتر نەیارو بێگانەكان نووسیانەتەوەو تەپوتۆزی گومان و تەمومژی ویستە دەروونی و حەزە كەسیەكانیان تەحەكومی كردووە لەو تۆمارەمارانەداو حەق بەناحەق و ڕاستی بە درۆو پێچەوانەكانیشیان كراوە.

نوێترین نوسینەکانی ئارام عەلی سەعید

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌