میكانیزمی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو
وتار/
10/06/2019
684 جار بینراوە
ئارام عەلی سەعید
میكانیزمی كۆنگرەیەكی سەركەوتوو
ئارام عەلی سەعید
كۆنگرە گۆچانێكی سیحری نییە بەفڕێدانی هەموو دونیا بگۆڕێت، دوگمەیەكی
كارەبایی نیە بەپەنجە پیانانێك دڕ بەتاریكی بدات و لامپای ئومێد
داگیرسێنێت، بەڵكو میكانیزمێكە بۆ یەكخستن و بەڕێوەبردنی كۆی ئەو پێدراوە
فیكریی و ئیداری و سیاسیی و گوِڕانكارییە ستراتیژیانەی بڕیارە لەدونیایەكی
گۆڕاوو نوێدا حزب بۆ هەنگاوی ئایندەی پەیڕەوی لێ بكات، یەكێك لەو تێگەیشتنە
هەڵەو باوانەی ئێمەی كورد بۆ كۆنگرەی حزبەكانمان هەمیشە پەیڕەوی لێ دەكەین
كۆنگرە تەنها لە گۆڕانكاری كۆمەڵێك شكڵیاتی حزبی و دەمووچاوو بكەری
جیاوازدا دەبینین، هەموو خەمێكمان ئەوەیە چەند كەس بەرینە ناو كۆنگرەو كێ
بەركەناربێت و كام ڕوخسار سەركردایەتی داهاتووی حزب بكات، یان كۆنگرە بە
كون و كەلەبەر گرتن حاڵی بووین، بەبڕوای من ئەمانە تێنەگەیشتن و تێنەفكرینە
لە ماناو مەدلوولی حزبایەتی، نەبوونی ڕۆشنبیری سیاسییە بۆ ململانێ و
تێكەڵبوون بەڕەهەندە قووڵەكانی فراوانكردنی حزب و دروستكردنی ئیرادەی
گۆڕانكاری و ئیدارەی سەركەوتوو.
لەڕاستیدا گەرەكە حزب لەو ماوەیەی كە
دەكەوێتە نێوان كۆنگرەكانی سەرقاڵی داڕشتنی سیاسەتی ئامانجدارو بیركردنەوە
لە میكانیزمێكی ئیداری گۆڕاوو پێشكەوتوو دیراسەكردنی نێوەندو ئۆرگان و
دەزگاكانیدا بێت بۆ دەسكاریكردنیان لە هەر ئەگەرێكی خێرا كەدێتە پێشەوە،
نابێ حزب پەشێوو شڵەژاو یان دردۆنگ بێت لەبڕیاری گۆڕانكاریی بنچینەیی
خۆی،نابێ لێگەڕێ و پێویستە كار بۆ بەكەلتووركردنی هۆشیاری نوێ و پێشخستنی
عەقڵی سیاسیی و برەوی فیكری كادیران و ئەندامان بكات تائامادەیان بكات بۆ
بەشداری و تێگەیشتنێكی قووڵتر لە مەهامی كۆنگرەو ئەرك و بەرپرسیارێتیەكانی و
شێوازی بڕیاریاردان لەو چەندڕۆژەی كە تاووتوێی پەیڕەوو دیدگاكانی حزب
دەكرێت و شرۆڤەی دۆزینەوەی دەرچەی گونجاوتر دەكرێت لە پرۆگرامەكانیدا لەناو
هۆڵی كۆنگرە.
ئەمە تائەم لەحزەیەش لای حزبی كوردی وەك پێویست
نەخەمڵیوە، چونكە پەیوەستە بەگەشەی عەقڵی سیاسیی و بیریكردنەوەی دوورمەوداو
سەلیقەی سیاسەتوانەكانیانەوە، ڕاستەوخۆ گرێدراوە بەجیهانبینی و ئاستی
تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویی مونەزیرەكانیەوە یان ئەوانەی خۆیان بەدڵسۆزو
پارێزەری پرەنسیپەكانی حزب دەزانن.
دەشێ حزب لەسەروبەندی بەر لە كۆنگرە
لەبری ئەوەی سەرقاڵی ڕازیكردن و دڵڕاگرتن بێت كەتاوەكو چ ئاستێكی پلەبەندی
حزبی كورسیەكانی ناوهۆڵ پڕ بكاتەوە بیر لەوە بكاتەوە لەڕووی نەوعی و
هۆشیاریی و ڕۆشنبیری ناو كۆنگرە بۆ موناقەشەی پرسە چارەنووسسازەكان خاوەن
تواناكان بەشداری پێ بكات، بەهێندەی ئەوەی خەمی لای ژمارەبێت بالەڕووی
چۆنیەتیەوە خاوەن دیدگاو عەقڵە كراوەو ئەزموونكراوەكان لەكۆن و نوێ
كۆبكاتەوە.
لێرەوە دەرچوون لە چەقبەستوویی و دووركەوتنەوە لە شەڕی
سایكۆلۆژیی و كۆتایی هێنان بە گرێكوێرەی گروپگەرایی زەمینەیەكی ڕەخساوترو
دەلاقەیەكی نوێی ئومیدە بۆ كۆنگرەی سەركەوتوو.
حزبی سیاسیی مۆدێرن
لەبری ئەوەی بكەوێتە ژێركاركردی مۆدێلاتی گۆڕانكاری كە مەرج نیە بۆ هەموو
هێزێكی سیاسیی وەك یەك بێت، پێویستە بیر لەچارەسەرو دۆزینەوە میكانیزمی
گونجاوو بژاركردنی خەوشەناوخۆییەكانی بكاتەوە بە ئەندازەی ئەوەی بۆی
دەستەبەرە، دەكرێ گوێ لەڕەخنەو دەنگی ناڕازییەكان بگرێت، ئاوڕ بەلای پلانی
ڕابڕدوو بداتەوەو بەرنامەڕێژی داهاتوو بكات، دەگونجێ لێرەوە كۆتایی
بەدڵەڕاوكێ و گومانەكان بهێنرێت، گوتاری نوێ بەرهەم بێت لەژیانی سیاسیی و
ڕێكخراوەییدا، حزب دەتوانێت تەواوی ئەو دەمارانە ببڕێت كە لەغیابی
بیركردنەوەی عەقڵانیدا وەك قایرۆس بڵاوبوونەتەوە بەجەستەی پیربوویدا،
تاڕێڕەوی نزیكبوونەوەی سات بەساتی لەمەرگی سیاسیی بگۆڕن و لەگۆڕنەنرێت.
سەركردەو بنكردەی حزب هەموو دەرگیری كۆمەڵێك كۆسپ و كێشەی درێژخایەن و
ناڕێكی بوون لەنێوخۆدا كەبەردەوام حزبەكانمان لەژێر تاقیكردنەوەیەكی كاتیدا
دەبینین و بێ دەرەتانین لەگەیاندنی حزب بۆ كەناری ئارامی، چونكە لە هەموو
قۆناغێكدا بەهۆی نەبوونی سیستمێكی دەستەجەمعی واقیعی وادەزانین قۆناغی
ڕاگوزەر" ئینتیقالی" حزب و سیاسەتەكانی و مانەوەیەتی تا قۆناغێكی دی، ئەمە
دەیان ساڵە بێ چارەسەر ماوەتەوە، بگرە زۆرجار دراوەتە دەست قەدەر، بەبڕوای
من نوقسانیەكان لێرەوە دروست بوون، ناكۆكی و بەریەككەوتن و جەدەلە بێ
ئەنجامەكان لەمانەوە سەرچاوەیان گرتووە، پشتگوێخستن و نەخوێندنەوەی
ڕەخنەوپێشنیارەكان بەشێكن لەم گرفتانە.
پێموابێت گەر تەواوی ئەمانە بۆ
حزبێكی سیاسیی وەك كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان ڕاست نەبێت لانیكەم كۆمەڵ
جیگایەكی هەیە لەنێو حەوشەی پشتەوەی ئەم ڕەخنانەو هەر بێدەنگی كردنێك لێیان
بۆ كۆنگرەی چوارەم دووبارە بوونەوەی هەمان ئەزموون و گەیشتنە بە هەمان
ئەو ڕێگایانەی كە ئەوسەرمان لێ دیارنیە، هەرچۆن بێت بۆ ئەم كۆنگرەیە
بەخۆمان دەڵێین ئاسۆیەك دەبینین و ئێمە چاوەڕوانی بەجێهێشتنی ئێستاو گەیشتن
بە داهاتوویەكی نموونەیی دەكەین.
نوێترین نوسینەکانی ئارام عەلی سەعید
-
ئارام عەلی سەعید
03/03/2021
-
ئارام عەلی سەعید
27/02/2021
-
ئارام عەلی سەعید
10/06/2019
-
ئارام عەلی سەعید
14/09/2018