"كۆمەڵی دادگەری كوردستان" لەبەردەم ئەزموونێكی مێژووییدا
وتار/
27/02/2021
406 جار بینراوە
ئارام عەلی سەعید
"كۆمەڵی دادگەری كوردستان" لەبەردەم ئەزموونێكی مێژووییدا
ئارام عەلی سەعید
لەمێژووی بزووتنەوە ئیسلامیەكانی كوردستاندا لەدوای كۆتاییهێنان بە قۆناغی
چەكداری له 2003 ئەمە یەكەم ڕووداوە كە بزاڤێكی ئیسلامیی دەست بۆ حەزفكردنی چەمكێك بەرێت كە قوربانی ماددی و مەعنەوی
زۆری لەماوەی نزیك بە پەنجاساڵی ڕابوونی ئیسلامیدا لەپێناودا بەخەرجداوە، بزاڤێك كەلەسەر
ماناو مەدلوولی هەمان چەمك دامەزراوەو ماڵجیایی خۆی لەبزووتنەوە شۆڕشگێڕییە نەتەوەیی
و نیشتیمانیە كوردستانییەكانی دی پێكردوو، بزاڤێك نزیك بەهەزارشەهیدو سەدان بریندارو
تەزحیەی لەپێناوی ئەم وشەیەدا پێشكەشكردووە، لە "بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیی
ـ ەوە بۆ كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان" ئەمە یەكەم گۆڕانكارییە كە تاوەكوو دەیەیەك
بەرلەئەمڕۆش باسكردن لێی هێڵی سوورو كاری
كەسنەكردەو بگرە دەستبردن بووە بۆ موقەددەسێكی نەگۆڕ.
ڕووداوەكانی مێژوو لەژیانی مرۆڤدا بریتین لەكۆمەڵێك گۆڕانكاریی و سەرهەڵدانی
پرس و كاركردیان لەسەر وەرچەرخانێكی نوێ هەبووەو ئاڕاستەو بیركردنەوەو دونیابینییەكی
جودا لەپێشووی خۆیانی بەرهەمهێناوەتەوە، تائەو ئاستەی دەسكاری بەشێك لەبیركردنەوەو
دیدگاو هاوكێشە سیاسیی و ئیدارییەكانی كردووە.
لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لابردنی پاشگری"ئیسلامیی" لەو ڕستەیەی كە
هەڵگری شوناسی ناوی حزبێكی وەكو"كۆمەڵی ئیسلامیی كوردستان" بوو كۆمەڵێك
قسەو تێگەیشتن و لێكەوتەی جودای بەدوای خۆیدا هێنا ناكرێت ئەم پرسە هەروا بەسانایی
تێپەڕێت و دەرهاویشتەكانی ئارگیۆمێنت و جەدەل و خستنەڕووی فرەیی بیروڕای لەبارەوە
تەرحنەكرێت، گەرەكە ڕۆژانەو هەفتانە توێژینەوەو كۆنفرانس و سیمینارو دیالۆگی میدیایی
دەربارە بكرێت.
ئەم باسە زەمەنێكە مشتومڕو گفتوگۆی لەسەر دروستبووە بەتایبەتی لەژێر كاركردی
ئەو گۆڕانكارییانەی بزووتنەوە ئیسلامییە پێشینەكانی بەشێك لەوڵاتانی عەرەبی و
دراوسێكانی هەرێم بەسەرخۆیانیاندا هێناوە، بێگومان چەمكی"ئیسلامیی" وەكوو
فۆڕم بەبەراورد لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی دونیاداو ململانێ سیاسیی و كۆمەڵایەتیەكان
ئەندازەیەك وەك كۆسپ و لەمپەرێكی بەردەم گەشەكردنی ئەم بزووتنەوانە وێناكراوەو هەریەكەیان
بۆخۆی لەناوخۆو دەرەوەی خۆیان ڕووبەڕووی ئیشكالیەتی تایبەتمەند بوونەتەوەو بووەتە
پرسێكی جددی و مایەی مشتومڕبووە تاوەكوو چارەسەری بابەتیانەی بۆ بدۆزرێتەوە.
ئاوێتەبوونی ئیسلامییەكانی كوردستان بەكێبڕكێ و ململانێ سیاسییەكان و بەشدارییان
لە هەڵبژاردنەكان و بەشێك لەكابینە ئیدارییەكانی هەرێم و دەستەبەربوونی كۆمەڵێك
مامەڵەی دەرەكی بۆیان بەتەواوەتی ئەم پرسەی كردە ئەمری واقیع، بۆیە لەدوای ساڵی 2003
وە بەشێك لە دەستەبژێرە سیاسیی و ڕۆشنبیرەكانی ناوخۆی ئەم حزبانەو دەرەوەی خۆیشیان
ئیشیان بۆ بەدیلی چەمكی "ئیسلامیی" كردووەو زەمینەیان بۆسازاندووە، تاوەكو
ڕێگوزەری سیاسیی و فەرهەنگی و میدیاییان ئاسانتربێت و ڕووبەری پێڕاگەیشتن و ململانێكانیان
فراوانبكەن بۆ هەموو شوێنێك، بۆیە بەئیلهاموەرگرتن لەو بزووتنەوانەی ئەم پاشگرەیان
لابردووەو سەركەوتووبوون ئەمانیش هەوڵیانداوە بە كەرەستەو میكانیزمەكانی سەردەم بگەنە
هەرەمی دەسەڵات.
ئەوەی لەدوانیوەڕۆی 19ی شوباتی
2021 كۆمەڵی ئیسلامیی لە كۆنگرەكەیدا بە زۆرینەیەكی ڕەها جێبەجێیكرد قۆناغی یەكەمی
ئەو هەنگاوەیە كە ناوی حزبەكەی گۆڕی بۆ"كۆمەڵی دادگەری كوردستان"، واتە
دەروازەی گۆڕانكاریی خرایە سەرپشت و خۆی خستە ژێر باری ئەركێكی قورس و بەرپرسیارێتییەكی
مێژوویی.
ئەوەی گرنگەو ماوەتەوە ئەم هێزە دەستی بۆبەرێت لایەنە
كردەییەكەیەتی كە لەلایەك ئاتاج بە كۆمەڵێك بكەری هەڵسوڕاوی تێگەیشتوو پێگەیشتووەو
كارەكتەری بەهێزو خاوەن دیدگاو هۆشیاریی سیاسییە، لەلایەكی دی پێویستە شێوازی جووڵەو
هەنگاوەكان بەئاڕاستەیەكە وەكوو پێویست پێشوازی لێبكرێت تاوەكوو ڕووبەڕووی پەرچەكردارو
ناڕەزایەتی دەستەجەمعی نەبێتەوە لەئاستی شەقامی ئیسلامییدا لە كوردستان، چونكە ئەم
قۆناغە سەرەتاییەی جگە لەوەی زۆرینەی ناوخۆی حزب تەبەنییان كردووە بەڵام قودرەتی سەرۆكایەتی
و تواناڕۆشنبیرییەكەی مامۆستا عەلی باپیر بۆخۆی بەجددی هەیمەنەی بەسەر ئەم گۆڕانكارییەدا
هەبووە، كەواتە لەم سەرەتایەوە بوێریی و لێهاتووییە دوای نیوسەدە حزبێكی سیاسیی ئیسلامیی
گۆڕانكاری لەمشێوەیە بكات.
نوێترین نوسینەکانی ئارام عەلی سەعید
-
ئارام عەلی سەعید
03/03/2021
-
ئارام عەلی سەعید
27/02/2021
-
ئارام عەلی سەعید
10/06/2019
-
ئارام عەلی سەعید
14/09/2018