یەکێتی و گۆڕان بەسە خزمەتکردن بە مەسرور بارزانی
وتار/
19/02/2021
467 جار بینراوە
كهمال چۆمانی
یەکێتی و گۆڕان بەسە خزمەتکردن بە مەسرور بارزانی
كهمال چۆمانی
یەکێتیی و گۆڕان، لەناو یەکێتییش بەتایبەتتر هەرسێ تاڵەبانییەکە؛ قوباد و
بافێل و لاهور، پێدەچێ لەگەڵ مەسرور بارزانیی بن لەو بەناهەق-حوکمدانەی ئازادیخوازانی
بادینان، چونکە ئەو بەیاننامانەی تا ئێستا دەریانکردون هیچی نەبۆتە کردار و هەڵوێستی
جدیی -قوباد تاڵەبانی تا ئێستا بەیاننامەشی دەرنەکردوە-. ئەوەتا نێچیرڤان بارزانییش
گوماندەخاتە سەر دادگایییەکە و پرسیار لە دادگەریی دەکات، چ مانای هەیە یەکێتیی و
گۆڕان دەترسن مەسرور بارزانیی لێییان توڕە بێ.
ئەگەر هەڵوێست و کردارەکانتان ناگۆڕن، ئەوە ئێوە نەک هەر شەریکن، بەڵکو تەواوکەری بڕیارەکەن.
ئەو بڕیارە بە ناوی حکومەتە کە ئێوە بەشێکن لەو حکومەتە. مەسرور بارزانی بە ناوی
حکومەتەوە کارەکان دەکات نەک بە ناوی حیزبەکەی یان خۆیەوە. بەیاننامە و قسە لە ئەمڕۆدا
بۆ ئێوە کە لەناو حکومەتن، زۆر بێمانایە بێ نیشاندانی ئەو هەڵوێستە.
یەکێتیی و گۆڕان وەک سەرکردایەتیی و مەکتەب سیاسیی و جڤات، وەک رێکخەر و
هاوسەرۆکان، ئینجا وەک تیمتان لەناو حکومەت، بەڕونی حوکمە نادادگەرانەکە رەتبکەنەوە
و بڕیارێکی کۆنکریتیی بدەن؛ یان هەڵوەشاندنەوەی بێقەید و شەرت، یان هەڵپەساردنی بەشدارییتان
لە کابینەی پیاوێکی دڵڕەقی تاکڕەو. ئینجا، ئەگەر پارتیی و مەسرور هەر سورن لەسەر قەرارەکەیان،
چونکە ئەوە قەرارێکی سیاسییە نەک قانونی، دەبێت بکشێنەوە و داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت
بکەن.
لەوە بترازێ، ئێوە یەکێتیی و گۆڕان، بافێل و لاهور و قوباد تاڵەبانییەکان،
عومەری سەیید عەلیی و جڤات و ئەندام پارلەمانەکانی یەکێتیی و گۆڕان و د رێواس فایەق،
بەقەد بەشدارییتان لە حکومەت، ناهەقیی ئەو نادادگەرییەتان بەردەکەوێت. لە راستییدا
نەک هەر ناهەقییەکەتان بەردەکەوێ، بەڵکو شەرعییەتدەدەن ئەو نادادگەرییە.
ئەگەر ئەو هەڵوێستە نەنوێنن، لەو مەسەلەیەدا وەک مەسرور بارزانیی تەماشاتان
دەکەم. هەڵوێست بە واتای بەیاننامە نایەت، بە واتای ئەوە دێت کە باسمکرد. دوبارەی
دەکەمەوە، ئێوە یان قبوڵتان بێ وەک هاوکاری بارزانیی لەو قەرارە تەماشاتان بکەین، یان
رایبگەیەنن کە ئێوە دژ بە زیاتر بەپۆلیسیکردنی کوردستانن و لەو حکومەتە دەکشێنەوە
و دەچینە هەڵبژاردنەوە بۆ ئەوەی ئەو دڵڕەقە تاکڕەوە لە سەرۆکایەتیی حکومەت لاببەین.
تێبینی: هەمومان یەکێتیی باش دەناسین، بەڵام لەو روداوەدا، پێویستە هەمومان
باشتر بیناسین، یان بیسەلمێنن لای کەم لە پرسی ئازادیی و دیموکراسییدا کەمێک لە
پارتیی جیاوازن، یان بیسەلمێنن کە ئەو جیاوازییەشیان کوشتوە و هاوکاریی مەسرور
بارزانیین. ئەمڕۆ رۆژی دەرخستنی ئەو جیاوازییانەیە، سبەی درەنگە. سبەی کەس بڕواشتان
پێ ناکات کاتێک دادگای تەمیز لەژێر فشارەکانی گەل و کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی بڕیارێکی
تر دەردەکات.
نوێترین نوسینەکانی كهمال چۆمانی
-
كهمال چۆمانی
19/02/2021
-
كهمال چۆمانی
16/11/2020
-
كهمال چۆمانی
08/09/2019
-
كهمال چۆمانی
25/03/2019
-
كهمال چۆمانی
28/02/2019
-
كهمال چۆمانی
09/07/2018