لە کاتێکدا حیزبەکان شەڕی پۆست دەکەن پارتی کوردستان دەباتەوە

وتار/ 25/03/2019 702 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

 لە کاتێکدا حیزبەکان شەڕی پۆست دەکەن پارتی کوردستان دەباتەوە

بۆ پارتیی دیموکراتیی کوردستان، هەرگیز پۆستی پارێزگاری کەرکوک و وەزیری داد لە بەغداد، تەنانەت سەرۆک کۆماری عێڕاقیش نە گرنگ بونە و نە گرنگیش دەبن. هیچ لەو پۆستانەش بۆ پارتیی گرنگ نین کە یەکێتیی و گۆڕان شەڕیان لەسەر دەکەن. پارتی لە هەرێمی کوردستاندا هەردو سەرۆکایەتیی هەرێم و حکومەت، راوێژکاریی ئەنجومەنی ئاساییش و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی بە لاوە گرنگن چونکە ئەو پۆستانە نەخشەی سیاسەتی ناوخۆ و هەرێمیی و عێڕاقیی و دەرەکیی هەرێمی کوردستان دادەڕێژن. بۆ پارتیی، ئەو پۆستانەی کە یەکێتیی بە نمونە داوایان دەکات، یان گۆڕان پێداگریی لەسەر کردن، هەرگیز بەهایەکیان نییە.

ئەو پۆستانەی یەکێتیی و گۆڕان داوای دەکەن و وەریدەگرن، وەک فەرمانبەری پارتیی وەریدەگرن نەک بتوانن نەخشەی سیاسەتی هەرێم دابڕێژن، بێگومان دونیابینییان کەمێک رەنگدانەوەی بەسەر دەبێت. گرنگترین شت ئەوەیە خۆی بە نوێنەری “ناسیۆنالیزم”ی کوردیی و نوێنەری خەڵکی هەرێمی کوردستان و حیزبە سیاسییەکان بزانێت. پارتی لە ئێستادا هەمو توانایەکی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی چۆن مەلا مستەفای بارزانیی نوێنەرایەتیی خەڵکی هەرێمی کوردستانی دەکرد لە شەستەکان و سەرەتای حەفتاکان، ئاواش مەسعود بارزانیی بتوانێت ئەو نوێنەرایەتییە بکات.

کە بەرهەم ساڵح بو بە سەرۆک کۆماری عێڕاق، هۆکاری هەرە سەرەکیی پارتیی بۆ دژایەتییکردنی کاندیدکردنی بەرهەم ساڵح لەوەوە سەرچاوەی نەدەگرت کە پارتیی بیەوێت ئەو پۆستە بباتم بەتایبەت کە پارتی هیچ کاندیدێکی ناو بنەماڵەی بارزانیی نەبو بۆ ئەو پۆستە، بەڵکو لەوە سەرچاوەی گرتبو کە پارتیی نایەوێت لە عێڕاق، ناوچەکە و جیهاندا وا دەربکەوێت کە هێزی تر هەن دەتوانن پارتیی بوەستێنن و هاوپەیمانێتیی عێڕاقیی، ناوچەیی و جیهانیی بەهێزتریان هەبێت.

گۆڕان و یەکێتیی زۆر خەشیمانە کەوتونە ناو ململانێی وەرگرتنی پۆست. گۆڕان دڵی بەوە خۆشە رێککەوتنێکی باشی لەگەڵ پارتیی کردوە چونکە پۆستی باشی وەرگرتوە، بەڵام هەرگیز گۆڕان ناتوانێت کاریگەرییەکی ئەوتۆی هەبێت لەسەر سیاسەتی گشتیی هەرێمی کوردستان. کاتێک گۆڕان تەنها ئۆپۆزسیۆن بو، کاریگەرتر دەیتوانی پارتیی و حکومەتی هەرێم ناچاربکات گوێ بە دونیابینییان بدات. بۆ نمونە، ئەوە کاریگەریی بزوتنەوەی گۆڕان بو لە کابینەی ٢٠٠٩ زۆر لە پڕۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لەناو حکومەتدا بەناچاریی جێیان کرایەوە، پڕۆژەی زیاتر بۆ ناوچە و شار و شارۆچکەکان تەرخانکران، قانونی بودجە لە پارلەمان گفتوگۆی لەسەر کرا و هتد… بەڵام ئێستا پارتیی لەگەڵ تورکیا، ئێران، هێزە عێڕاقییەکان، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا -ماوەی داهاتو دەبینن پارتیی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سوریاش پێشدەخات- و دونیا سیاسەتەکانی بە ویستی خۆی دادەڕێژێت، کەچی یەکێتیی و گۆڕان خەریکی ئەوەن کام پۆستیان پێ دەدرێت.
ماوەی رابردو لە پارلەمانی کوردستان پۆستی لیژنەکانی پارلەمان دیاریکران، جوڵانەوەی نەوەی نوێ زۆر هەرزەکارانە خۆیان بە قوربانیی تەماشاکرد و هەندێک هەڵایان دروستکرد تا وای نیشانبدەن کە ئەوان بەرگریی لە خەڵکی کوردستان دەکەن، کەچی نەوەی نوێ قسەیەکی لەسەر ئەوە نییە کە پارتیی زۆربەی پۆستە باڵاکانی کوردستان دەبات. ئەوان کە لەسەر دو پۆستی سادەی لیژنەکانی پارلەمان بە مێزی پارلەمان دەکێشن، با بزانین لەسەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەرێم و راوێژکاری ئەنجومەنی ئاساییش بارزانیین چ قسەیەکیان هەیە؟

پارتی زۆر لێزانانە هەمو هێزەکانی ناچارکرد کە خەریکە مەسعود بارزانیی وەک رێبەری گەلی کورد لە باشوری کوردستان دەناسێنن، هەر بۆیەشە یەکێتییەکان و گۆڕانەکان داوا لە مەسعود بارزانیی دەکەن کە براگەورایەتیی بنوێنێت و کێشەکان چارەسەربکات، بێئاگا لەوەی خودی کێشەکان مەسعود بارزانییە کە لە ٢٠١٣ەوە تەواوی پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی پەکخست، لە ٢٠١٥ کوردستانی گەڕاندەوە قۆناغی شەڕی ناوخۆ و ریفراندۆمێکی شکستخواردوی ئەنجامدا کە کوردستانی تا سەر لێواری روخانی تەواوەتیی برد.

ئێستا پارتی ئامانجەکانی بەدەستهێناوە؛ یەکێتیی و گۆڕان وەک فەرمانبەری پارتیی خۆیان دەبینن، جوڵانەوەی نەوەی نوێ خەریکی شتی بچوکە، کۆمەڵی ئیسلامیی هێشتاش چاوەڕێیە پارتیی خێری پێبکات و وەزارەتێکی لە حکومەتی تازە بداتێ و یەکگرتوش بە هۆی ناڕونیی سیاسەت و کۆنترۆڵکردنی لەلایەن تورکیا، ئیخوان و پارتییەوە ناتوانێت خاوەنی سیاسەتی سەربەخۆی خۆی بێت. لەو چوارچێوەیەدا، هەموان خەریکی شتی سادە و بچوک و ململانێی بێتامی یەکترن و پارتییش کوردستان دەباتەوە.

نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌