عومەری سەید عەلی و کوڕەکانی کاک نەوشیروان چییان لە گۆڕان دەوێت؟

وتار/ 08/09/2019 681 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

 عومەری سەید عەلی و کوڕەکانی کاک نەوشیروان چییان لە گۆڕان دەوێت؟
کەمال چۆمانى


بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارە لەڕێی هەڵبژاردنەوە هەندێک گۆڕانکاریی بکات. لە راستییدا گۆڕان تەنها هەندێک پۆست پڕدەکاتەوە، جارێکی تریش شەرعییەت دەداتە زیاتر بەبنەماڵەییکردنی بزوتنەوەکە. هەردو کوڕەکەی رەحمەتیی کاک نەوشیروانیش پێویستییان بە کەسایەتییەک هەیە کە لەڕێیەوە بتوانن زیاتر جێپێی خۆیان قاییم بکەن، هەروەک چۆن لە دو ساڵی رابردودا تا رادەیەک تەواوی نەیارەکانیان لەو بزوتنەوەیەدا وەدەرنان، یان بێکاریگەر و پەراوێزیان خستن.

رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان عومەری سەید عەلی لە کاتی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە تا ئەمڕۆ بەشی هەرە زۆری شکستەکانی ئەو بزوتنەوەیەی بەردەکەوێت:

– لە ساتی چارەنوسسازترین ساتی مێژوی دوای ئازادکردنی/داگیرکردنی عێڕاق بۆ گەلی کوردستان لە ساتی ریفراندۆمدا نەیتوانی بڕیارێک دروستبکات. نە توانی ببێتە هۆکار بۆ راگرتنی کارەساتی ریفراندۆم، نە توانیشی ببێتە هێزێک لە پشت ریفراندۆم. بێلایەنییەکەی تا رۆژی دەنگدان مایەوە، دواتر خۆی دەنگیدا. کەواتە بەشێکی شکستی ریفراندۆم بەر گۆڕان دەکەوێت. کاک نەوشیروان لە ژیاندا بوایە یان بە هێز و بڕواوە پشتیوانیی دەکرد، یان بە هێز و بڕواوە دژایەتیی دەکرد. ئەمەش ئەگەری هەبو چارەنوسی ریفراندۆمی بە ئاراستەیەکی دی بردبوایە.

– لە ساتی وەرگرتنی ئەو پۆستەوە گۆڕان توشی دابەشبونێکی گەورە بوە، تەنانەت خودی وەرگرتنی پۆستەکە وای کرد ئەو هێزە دابەشببێت. نەیتوانیوە لەگەڵ ناڕازییەکان بچوکترین لێکتێگەیشتن دروستبکات.

– گۆڕان دو هەڵبژاردنی یەک-بە-دوای-یەکی دۆڕاندوە، بەڕێز عومەری سەیید عەلی نە هیچ گۆڕانکارییەکی کرد، نە خۆشی دەستیلەکارکێشایەوە لە بەرانبەر شکستەکانیدا.

– بزوتنەوەی گۆڕان لەدوای وەرگرتنی ئەو پۆستەوە لەلایەن عومەری سەیید عەلییەوە رۆژ-بە-رۆژ زیاتر بەبنەماڵەیی دەبێت کە ئەوە مەترسیی هەرە گەورەیە لەسەر حیزبایەتیی لە هەرێمی کوردستان کە خودی دامەزرێنەر کاک نەوشیروانی رەحمەتیی تەواوی ژیانی دژایەتیی کردوە.

– بزوتنەوەی گۆڕان لە سەردەمی عومەری سەیید عەلییدا تەواوی ژورەکانی لەکارکەوتن. سیاسەت لەو حیزبەدا بوە سیاسەتی گروپ و دەستە و باندەکان.

– کاک نەوشیروان پەیمانیدا کە ‘سەرکردەی تا مردن’ لەناو گۆڕاندا کۆتایی بێت، کەچی عومەری سەیید عەلی ١٠ ساڵە لە هەڕەمی دەستەڵاتی ئەو حیزبە دایە و دیسانیش دەیەوێت ببێتەوە رێکخەری گشتیی. رونتر دیسانیش گروپێک لەناو گۆڕاندا دەیانەوێت بیکەنەوە رێکخەری گشتیی.

– گروپێک لە گەنجانی گۆڕان، گەنج بە تەمەن ئەگەرنا بە عەقڵییەت لە پیرەکان زۆر پیرترن. لە کاتی هەڵبژاردنی رێکخەری گشتیی نوێ، بونە بەشێک لە ململانێکان و پاڵیان دایە پشت دو کوڕەکەی کاک نەوشیروان بۆ لێدان لەوانی دی، بەو هیوایەی خۆیان لەو خولەی هەڵبژاردندا ببنە رێکخەری گشتیی، کەچی ئێستا خۆیان قوربانیی ئەو سیاسەتەن کە خۆیان دو ساڵ لەمەوبەر پشتیوانییان کرد.

– بەڵێ، بەڕێز عومەری سەیید عەلی پیاوێکی شۆڕشگێڕ و قوربانیدەر بوە، لە زۆر ساتدا هەڵوێستی جدیی هەبوە. یەکێکە لە دامەزرێنەرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان. بەڵام دەبێت لە کۆتایییەکانی تەمەنیدا پیاوی چاکسازیی و ریفۆرم بێت، ببێتە نمونە بۆ ئەوانیدی، نمونەیەکی جوان.

– کوڕەکانی نەوشێروان مستەفا و عومەری سەید عەلی دۆخێکیان دروستکرد کە کەس بیر لەو پۆستە نەکاتەوە، ئەو پۆستە بەوەکالەت لەلایەن عومەری سەیید عەلییەوە بەڕێوەدەبرێت ئەگەرنا لە بنەڕەتدا دو کوڕەکە زۆربەی بڕیارەکان دروستدەکەن. ئەگەر پێشتر هەندێک بەربەستیان بۆ دروستکرابن، ئەوا لەو خولەدا ئەو کەسانە دەهێننە پێشەوە کە زیاتر لە خۆیان نزیکن.

– ئەو بزوتنەوەیە و سەرکردایەتییە تەنها بیریان لای پۆستەکانە، هیچ بیریان لای بەرنامە و ستراتیژ و فیکر و ئایدیۆلۆژیای ئەو بزوتنەوەیە نییە. ئەو بزوتنەوەیە لە دامەزراندنیدا باشترین کادیری هەبو، لە ماوەیەکی کورتیشدا دەیان کادیری ئازاد و لێهاتو و زیرەک پەیوەندییان پێوە کرد. ئێستا ئەو بزوتنەوەیە دوژمنی کادیرە ئازاد و خاوەن روئیاکانی خۆیەتی. ئەو بزوتنەوەیە چیتر بزوتنەوەیەک نییە بەدوای دونیایەکی دی بگەڕێ بۆ هەموان، تەنها دەیەوێت دونیا بچوکەکەی خۆیان بگۆڕن. چیتر بزوتنەوەیەک نییە خەمەکانی هەژاران و پەراوێزخراوان و خوێندکاران و گەنجان و کابانی ماڵ بخوات، بزوتنەوەیەکە خەمی گروپبەندیی و تەکەتول و کەسە نزیکەکانی خۆیان دەخوات. ئەو بزوتنەوەیە چیتر بزوتنەوەی کاک نەوشیروانی رەحمەتیی نییە، ئەو بزوتنەوەیە لە ئێستادا لەو حیزبانە دەچێت کە کاک نەوشیروان تەواوی ژیانی دژایەتیی کردن.

– بزوتنەوەی گۆڕان هیوایەکی گەورە بو، ئێستاش هیوایەکە لای هەندێک خەڵک کە هیچ هیوایەکیان بە یەکێتیی و پارتیی نییە، بەڵام ئەو هیوایە بچوکەش کە ماوە لە چەند مانگ و ساڵی داهاتودا بەتەواوی دەمرێت. بەڕێز عومەری سەیید عەلیی و کوڕەکانی کاک نەوشیروان لەوە زیاتر چییان لە گۆڕان دەوێت کە جیاوازییەکانیان لەگەڵ پارتیی و یەکێتیی رۆژ دوای رۆژ کەمتر دەکەنەوە؟.

نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌