ئەمێریکا ھەڵەکانی ڕاستدەکاتەوە

وتار/ 18/06/2020 497 جار بینراوە

لاوان عوسمان

ئەمێریکا ھەڵەکانی ڕاستدەکاتەوە

لاوان عوسمان
ئەم گفتوگۆیەی نێوان ئەمێریکا و عێراق کە دوێنێ ١١ی حوزەیران دەستیپێکرد زۆر گشتگیر دەبێت و تێیدا زۆر کەیس شەنوکەو دەکرێت. ئەمەی کە ناونراوە گفتوگۆ زیاتر لە سەپاندنی ویست دەچێت وەک لە گفتوگۆی نێوان دوو وڵات! ئەنجامی ئەم حیوارە پێشبینی لێ دەکرێت کە موصطەفا کاظمیی بباتە واشنطۆن و رێککەوتنێکی رەسمیی مۆرکراو لە نێوان دوو وڵاتەکەدا لێ بێتەدی.

عێراق لە بەردەم گۆڕانکاریی گەورە دایە، کە ئەو گۆڕانکارییانە بەلایەنی زۆرەوە لەبەرژەوەندیی خەڵک و دژی بەرژەوەندیی حیزبە دەسەڵاتدارەکانە لێرەدا دوو ئەگەر ھەن:

یەکەم، گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر ئەوەی کە گفتوگۆیان دەربارە کردووە، ئەمەش وا دەکات کە ببینی بە شاھیدی کەمبوونەوەیەکی زۆر لە کاریگەریی ئێران و ئەو سیاسییانەی کە لەسەر لەشی ماندووی عێراق دەژین، بەھۆی کشانەوەی زۆرێکیان لە کاری سیاسیی و لەبەرچاوان ونبوونیان بەو پێیەی کە رۆڵیان تەواو و سەردەمیان بەسەرچووە. ئەمەی کە گوتمان عیبارەتە لە دادانەوەی پەردەی  بەسەر خراپتریین ماوەی حوکم لە وڵاتێکدا کە تەمەنی ٧٠٠٠ ساڵە بە ڕێگەیەک کە دەکرێت ناوی بنێین' کۆتاییەکی سلمیی'.

رێگەی دووەم کە دەکرێت بگیرێتەبەر رێگەیەکی تۆقێنەر دەبێت بۆ گەندەڵ و بکوژان لە عێراقدا. بەو واتایەی ئەگەر نەگەشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو کەیسانەی کە گفتوگۆیان لەسەرکردووە و حکومەتی عێراقیی ھەر بەلای ئێراندا دایشکاندەوە ـ کە من ئەمە پێ ئەگەرێکی لاوازە ـ ئەوا کۆتاییەکی ترسناک دەبینن. لێ رێگەکان ھەرچۆنێک بن ئەوان ھەر گەیشتوون بە کۆتایی ھەروەک شاعیر دەڵێت( و من لم يمت بالسيف مات بغيره تعددت الاسباب والموت واحد).

ئێران گەشتووە بە خراپریین دۆخ لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا، ئەو لە لایەکەوە سەرقاڵە بە کێشە و دابەشبوونە زۆر و زەبەندەکانی ناوخۆی وڵاتەوە و لە لایەکیشەوە دەبینێت کە چۆن پرۆژە فراوانخوازییەکەی دادەرمێت بە بێئەوەی بتوانێت هیچ کارێک بکات. ئەو دەبینێت کە چۆن گەلی لوبنانی راپەرییون و خۆی و ھاوئاوازانیشی رەتدەکەنەوە و لەولاشەوە دۆخی بەشار ئەسەدی ھاوپەیمانیشی دەبینێت کە چۆن لاواز بووە و چیتر رووخانیشی وەک دەڵێن: قاب قوسين او ادنى .بەپێی چەند راپۆرتێک لیرەی سوریی گەورەتریین رێژەی دابەزیینی بەخۆوە دیوە ' بەھۆی یاسای قەیصەرەوە' و بەوەدا ئیتر ئابووریی سوریا لە دۆخی دارووخان دایە.

وە ئەو دۆخی دۆستەکانی دەبینێت لە عێراقدا، و ئاگادارە کە چۆن ھەندێکیان خەریکن کە لەڕێی دەوڵەتانی کەنداوەوە لای ئەمێریکا واسیطە بکەن سا بەڵکو پارێزراو بن لەوەی کە بەرێوەیە و ھەندێکی تریشیان خۆیان حەشارداوە و و ھیچ دەنگێکیان لێوە نایەت.

ئەمێریکا دەیەوێت کە رزگاری ببێت لەم چیینە سیاسییەی کە ھەرخۆی ھێنانیە سەر حوکم، تا لەدواییدا بوونە پەڵەیەکی شەرم بە ناوچاویەوە! چۆن نابنە پەڵەی شەرم کە ھەر ئەوان بوون تریلیۆنێک و سێصەد ملیاریان بەفیرۆداوە لەو کاتەوەی کە حوکمی عێراقیان گرتووەتە دەست؟ جا چۆن نابن بە پەڵەی شەرم لە کاتێکدا تا ئەوەش رۆشتوون کە ھەشتا و چوار ملیار دۆلار وەکو یارمەتیی بگەیەنن بە رژێمەکەی پیۆنگ یانگی کۆریای باکوور کە بە دژبەری ئەمێریکا دادەنرێت؟ ئەمانە و شتگەلی تری زۆر کە وادەکەن ئێستا ئەمێریکا شەرم بکات لەو کارەی کە ١٧ لەمەوبەر کردی، کاتێک ھات و ئەمانەی کرد بە دەسەڵاتدار بەسەر گەلی عێراقەوە.

کەیسی داگیرکردنی عێراق بە ھەموو جۆرێک بەدوای ئەمێریکاوەیە، ئێستاش دوای ١٧ ساڵ لەو داگیرکردنە ھێشتا دەماقاڵێ و شەڕەقسەکان لەسەری بەردەوامن، بۆ نموونە؛ ئەو شەرەقسەی چەند رۆژی پێشوو کە لەنێوان کۆڵن پاوڵی وەزیری دەرەوەی سەردەمی بۆشی کوڕ و ترامپدا روویدا کاتێک ئەوی یەکەم گوتی: من دەنگم بە ترامپ نەداوە و ئەو کەسێکی شایستە نییە! ئەوە بوو ترامپ لە وەڵامدا وتی: تۆ ئەو کابرا نیت کە گوتت رژێمی پێشو و رووخاوی عێراق چەکی کۆکوژی ھەیە' کە نەشیبوو' و بەوە ئێمەت تووشی شەرێکی خوێناویی و ماڵوێرانکەر کرد؟ دەبینیت خوێنەری ئازیز کە چۆن کەیسی عێراق جۆرەھا کێشەی بۆ ئەمێریکا درووستکردووە؟ بەو پێیە ئەمێریکا دەیەوێت ھەڵەکەی ٢٠٠٣ ی راستبکاتەوە بە لابردن و گۆڕیینی ئەوانەی ئەوێ کاتێ ھێنانی.

ئەمێریکا دوای ئەوەی کە لە قۆناغگەلی جیاجیادا ـ کە من لێرەدا نامەوێت باسی بکەم- ئەم رژێمەی پاراست ئێستا چیتر گەیشتووە بەو بروایەی کە پارێزبەندیی خۆی لەسەری ھەڵگرێت.

ئەو دەبینێت کە چۆن دەوڵەت دیلە بەدەست گرووپگەلی میلیشیایی و عوصبەویی چەکدارەوە کە ئەو گرووپانەش بۆ خۆیان ئامرازن بەدەست ئێرانەوە و ئەویش لەرێگەیانەوە ھەرەشە لە ھاوپەیمانانی ئەمێریکا لە کەنداو و ناوچەکە دەکات، تا کار بەوە گەیشت کە ئەمێریکا ئەمە بە: ھەرەشە بۆ سەر ئاسایشی نیشتیمانیی ئەمێریکا وەصف بکات. دواجار ھەڵسووکەوتەکانی ئەم گرووپە سیاسییە چیتر تەحەمول ناکرێت، درەنگ یان زوو لادەبرێن

نوێترین نوسینەکانی لاوان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌