وتووێژی عێراق ـ ئەمێریکا و چەند سەرنجێک

وتار/ 06/06/2020 456 جار بینراوە

لاوان عوسمان

وتووێژی عێراق ـ ئەمێریکا و چەند سەرنجێک

لاوان عوسمان
ڕۆژی دووشەممە، ٩/٦/٢٠٢٠ وەفدێکی باڵای گفتوگۆکاری ئەمێریکیی دەگەنە بەغدادی پایتەخت، بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ گشتگیرەکەیان لەگەڵ حکومەتی نوێی عێراقدا، و تیایدا پێداچوونەوە بە رێککەوتننامەی سۆفیای نێوانیان دەکەن کە لە ٣٠ ماددە پێکھاتووە و بە ڕێککەوتننامەی ئاسایش ناسراوە و لە ساڵی  ٢٠٠٨ و لەسەردەمی ویلایەتی یەکەمی نوریی مالیکیی ـ دا ئیمزایان کرد.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمێریکا ئەمجارە بە نیازی ڕێککەوتننامەیەکی گشتگیرترە لەوی پێشوو، وە گرنگتریین ئەو تەوەرانەی کە بڕیارە لەسەری ڕێکبکەون بریتیین لە( پەیوەندیی سیاسیی و ئابووریی و سەربازیی و ھەواڵگریی و کلتوریی، سەروەری خاکی عێراق، و دەستێوەردانەکانی ئێران لە عێراقدا و چارەنووسی حەشدی شەعبیی، و دادگاییکردنی بکوژانی خۆپیشاندەرانی عێراق).
ویلایەتە یەکگرتووەکان دەیەوێت، بگاتە رێککەوتنێک دەربارەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا وەک وڵاتێکی خاوەن بریاری سەربەخۆ نەک وەکو ئێستا کە بڕیاری پەیوەست بە چارەنووسی ٣٧ ملیۆن عێراقیی لە تارانەوە بدرێت. چیتر ویلایەتە یەکگرتووەکان توانای بێدەنگییلێکردنی نەماوە لەبەرامبەر دەستبەسەراگرتنی عێراق لەلایەن ئێرانەوە، عێراقێک کە خۆی ئازادیکرد(یان ئەوەی دەڵێن:داگیری کرد) لە ڕژێمەکەی صەدام. بەپێی چەند ئامارێک ویلایەتە یەکگرتووەکان لەدوای ٢٠٠٣وە ٣ ترلیۆن دۆلاری لە عێراقدا خەرجکردووە سەرباری ئەوەی کە ٤٥٣٣ سەربازی کوژراوە و ٣٢٣١٠ سەربازیشی برینداربووە.

ئەمێریکییەکان دەیانەوێت چاوێک بخشێننەوە بە پەیوەندییە ئابوورییەکانیان لەگەڵ عێراقدا و نیازی یارمەتییدانی عێراقیان ھەیە چونکە ئەوی دووەم لە ئێستادا زۆر پێویستی بەو یارمەتییە ھەیە، و ئابوورییەکەی نزیکی داڕووخان دەبێتەوە، ئەمەش بەھۆی بوونی گەندەڵییەکی زۆر و ئەو بەرزو نزمییانەی لەم دواییەدا لە نرخی نەوتدا بەدیکرا. ئەمێریکییەکان ئاگاداری جووڵەکانی ئێرانن لە عێراقدا و دەزانن کە ئەوی دووەم بەتەواوەتیی دەستیبەسەر بریاری سیاسیی بەغدادا گرتووە، وە عێراقی کردووە بە دەرچەیەک بۆ خۆ دەربازکردن لە سزاکانی ئەمێریکا! ئەوان دەزانن ئێران و ھاوئاوازەکانی دۆلار و دراوە قورسەکانیان لە عێراقدا نەھێشتووە و بەرێگەی جیاواز ھەموویان ھەناردەی ئێران و لوبنان کردووە. ئاگاشیان لەوە ھەیە کە چۆن کەشتییە ئێرانییەکان بەھەڵکردنی ئاڵای عێراق و دانانی تیمێکی کەشتیوانیی عێراقی بە فڕ و فێڵ نەوتی ئێران بە کڕیاران دەفرۆشن! ئەمێریکییەکان ئاگایان لێیە کە چەندین ئۆفەر خراوەتە بەردەست عێراق تا بە نرخێکی گونجاو گازی سرووشتیی و کارەبا بکڕێت، بەڵام ئەو ھەر لە ئێرانی دەکڕێت بە نرخێک کە پێنج بەرامبەری نرخی بازاڕە.

چارەنووسی میلیشیا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران تەوەرێکی تری گفتوگۆکە دەبێت، چونکە ویلایەتە یەکگرتووەکان پێشتر بە ئاشکرا گوتویەتی: کە چیتر بوونی ئەو گرووپە چەکدارانە لەژێر ھیچ ناوێکدا قبووڵ ناکات. پرۆسەی نەمانی ئەو گرووپە چەکدارانە لە شەوی ٣/١/٢٠٢٠ واتە لە ساتی کوشتنی قاسمی سولەیمانیی و ئەبومەھدییەوە دەستیپێکردووە لێ کەی کۆتایی پێدێت، ئەوە شتێکە کە بەس خودا دەیزانێت، و بریاردەرانی ئیدارەی ئەمێریکیی. لە ساتی کوژرانی سولەیمانیی و موھەندیسەوە ئەو گرووپانە لێکترازانێکی زۆر لە ڕیزەکانیاندا بەدیدەکرێت و جیاواز لە جاران یەکدەنگییان پێوە دیار نییە، وەک دەگوترێت: قیبلەنماکەیان ونکردووە! جیا لە قاسمی سولەیمانیی ئەبومەھدیی تاکە کەس بوو کە دەیتوانی ھەموو ئەو گرووپانە پێکەوە ئاراستە بکات، واتە ڕێکخەری ئاواز(ضابط الإيقاع) یان بوو، وە لە غیابی ئەودا ئەو جیاوازی گوتارە کە ئێستا ھەستی پێدەکرێت دەرکەوت.

خاڵێکی ترکە بڕیارە گفتوگۆی لەسەر بکرێت؛ دەربارەی چارەنووسی ئەوانە دەبێت کە دەستیان بەخوێنی خۆپیشاندەرە عێراقییەکان سوورە، جیا لەوە نووسەری ئەم دێڕانە ئاگادارە کە لە ماوەی رابردوودا جووڵەیەک لە ئاستی نێودەوڵەتییدا درووستبووە و چەند گەنج و کەسایەتیی ئازادییخوازی عێراقیی بە ڕێگەی یاسایی لە دادگای تاوانی نێودەوڵەتیی داوایان لەسەر ھەموو ئەو کەسانە تۆمارکردووە کە لە ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا دەستیان بە خوێنی ھاوڵاتییەکی عێراقیی سوور بووبێت.

نوێترین نوسینەکانی لاوان عوسمان

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌