مەترسی پێشێلکارییەکانی پێشمەرگە لەسەر ئایندەی کوردستان!

وتار/ 21/11/2016 680 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

مەترسی پێشێلکارییەکانی پێشمەرگە لەسەر ئایندەی کوردستان!
ئیبراهیم عەباس
هەر چەندە هەڵدانەوەی پێشلکارییەکانی مافی مرۆڤ، کە بەهۆی جەنگی دڕندانەی داعش، هێزەکانی پێشمەرگە ئەنجامی داون، یان ناچار بەکردنیان بووە، قورسن و مەترسین بۆ سەر ژیان و ناوبانگی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕەنگە باجی لە دوا بدرێت، بەڵام مادەم هەرێمی کوردستان، بەهۆی دەخالەتی مرۆیانە بەهۆی ئاوارەبوونی خەڵکی کوردستان لە ١٩٩١، ئەنجومەنی ئاسایش بریاری ٦٨٨ بۆ پاراستنی کوردەکان و دابینکردنی ناوچەیەکی ئارام دەرکرد و لەو ساتەوە تا ئێستا، ئەمە بووە بە ڕێسایەکی نێودەوڵەتی و دژ بە ڕژێمەکان بەکاردەهێنرێت، هەروەک ئەوەی تا ئەم ساتەوەختە کوردستان دەپارێزێت، کۆمەڵگای نێودەوڵەتییە.
لەبەر ئەم هۆکارە پێویستە کورد و هێزە چەکدارەکانی پابەندنی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەجەنگ بن، کارێک نەکرێت دژی یاسا نێودەوڵەتییەکان بێت و بەهانە نەدرێتە زلهێزەکانی دونیا.

ڕاستە داعش، هەرچی بەهای ئایینی و مرۆڤایەتی بوو لە جەنگدا ڕەچاوی نەکرد، نەک یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەجەنگی لەبەرچاو نەگرت، بگرە داوای داگیکردنی جیهانی دەکرد، بەم هۆیەشەوە دوژمنەکانی لە سوریاوە بۆ عێراق و بە هێزە ئازاکانی پێشمەرگەشەوە، ناچار بە پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ کرد تا ئەو جێگایەی، ڕێکخراوە گەوەرەکانی دونیا لەسەر ئەم پێشلکاریانە بێنەدەنگ و ئیدانەی هێزەکانی پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن.
سوکایەتیکردن بە دیلەکانی داعش لە هەندێک دۆخدا، سوکایەتی بە تەرمەکانیان و نیشاندانیان لە دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک و سایتی یوتوب، ڕاکێشانی جەزنازە بەدوای ئۆتۆمبێل وەک ئەوەی لە ڕووداوەکەی ئەم دوایەی کەرکوک ڕوییدا، ڕوخاندنی ماڵی عەربەکان و وێرانکردنی گوند و ئاوەدانییەکانیان، پێشێلکاری گەورەن بەرامبەر مافەکانی مرۆڤ و پێویستە بەر لە هەر ڕێکخراو و دەزگا ڕاگەیاندنەکانی دونیا، ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کوردستان، باسیان بکەن، هەر ئەوەندەش نا، هەقە ڕاگەیاندنەکانی ئێمە، هۆشیاری زۆر لەسەر چۆنیەتی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی مەدەنی لە جەنگدا بە پێشمەرگە ئازاکان و هێزە چەکدارەکان بدەن.

ئەوەش ڕاستە هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ لە دوو ساڵی ڕابردوودا، زۆرتر لەسەر ڕوخاندنی گوند و خانووی عەرەبەکان لە ناوچەکانی جەنگ، لە کەرکوکەو تا ڕەبیعە هاتونەتە دەنگ، خۆیان مەیدانییەن هاتوونەتە ناوچە کێشە لەسەرەکان و شاهید حاڵەکانیان دواندوە و پیشتیان بەو ڤیدیۆی تۆرە کۆمەڵایەتی سایتەکان و وێنەکانی مانگە دەستکردەکان بەستووە و تومەتباری پێشمەرگە دەکەن کە تا ئێستا چەندان گوند و بەسەدان خانووی عەرەبەکانیان ڕوخاندووە و پارێزگاریشیان لە کوردەکان کردووە، بەڵام چونکە هێشتا جەنگ کۆتایی نەهاتووە و ناشزانرێت تەنانەت لە ئەگەرى دەرپەراندن و کۆتایی داعش لە عێراق، چی ڕوودەدات و کورد و هێزە ئازاکانی پێشمەرگە ڕووبەڕووی چ جەنگ و چارەنووسێک دەبنەوە، ئەوەی گرنگە گەڕانەوەیە بۆ یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بەجەنگ و پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان، پاراستنی سەروماڵی خەڵک لە جەنگ و لە ئاشتیدا.

هەقە حکومەتی هەرێم خۆی یان لانی کەم ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە ڕێگای ڕاگەیاندنەکان و تەنانەت مەیدانیەن هوشیارییەکی باش بدەن بە پێشمەرگە بۆ پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
دەکرێت ڕاگەیاندنەکانی کوردستان، پەردە لەسەر ئەو پێشێلکاریانە هەڵبدەنەوە کە ناشاردرێنەوە، چونکە ئەوەتا هیومان ڕایتس وۆچ لە ڕاپۆرتەکانیاندا دەڵێن، بۆ سەلماندنی پێشلکارییەکان و ڕووخاندنی ماڵ و گوندی عەرەبەکان لەو جێگایەی شاهیدعەیان نەبێت، پشت بە وێنەکانی مانگە دەسکردەکان دەبەستن.

ئەوەی لە دوو ساڵی ڕابردوو لە پێشلکاری ڕوویداوە، کارێکی ترسناکە و کارتێکی بەهێزە لەدەست کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دژ بە دەسەڵاتدارانی کورد و تەنانەت دژ بەخەڵکی کوردستان و هەرێمەکەمان، تا ئەو جێگایەی ڕاپۆرتەکانی هیومان ڕایتس وۆچ و ئەمنستی ئینتەرناشیوناڵ، بەسن بۆ ئەوەی هەرکاتێک کۆمەڵگای نێودەوڵەتی مەبەستی بێت، هەروەک چۆن لە پەنای بەرگری لە مافی مرۆڤەوە ڕووبەڕووی بەعس و سەدام و سلۆبۆدان میلۆسۆڤیتج و سەرکردەی وڵاتە عەربەییەکان بوونەوە، یان گەلەکانیان دژیان هاندا، هەر کاتێکیش مەبەستیان بێت، هەمان کارت دژی دەسەڵاتی کوردیش بەکاربهێنن، هەرکاتێکیش ئەمە ڕوویدا کوردستان بەجۆرێک لێی زەرەرمەند دەبێت، چارەنووسی هەرێمەکەشمان دەخاتە مەترسی.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌