سەبارەت بە بەیاننامەکەی مەسعود بارزانی

وتار/ 20/11/2016 716 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

سەبارەت بە بەیاننامەکەی مەسعود بارزانی

 

مەسعود بارزانی بەیاننامەیەکی دەرکردوە، خودی بەیاننامەکە کە لەژێر فشاری جەماوەر دایە، خراپ نییە. دەستخۆشی بۆ خۆپیشاندانەکان کە توانیان بارزانیی بێنە دەنگ، هەرچەندە گوتبوی "هەڵپەڕن و حیسابتان بۆ ناکەم". ئاساییە، قسەیەک بو راوێژکارەکانت توشی ئەو هەڵەیان کرد، وای دادەنێین. لەبیریشی دەکەین.
لەوە دەگەڕێین، کاتی موزایەدات و وەبیرهێنانەوەی ئەوە نییە کە چی گوتوە و چی کردوە، بەڵام ناوەڕۆکەکە گرنگە.
بەڕێز بارزانی، مێژو گەواهیی بۆ ئەو سەرۆکایەتیی پارلەمانە دەدات کە بە راستی خاوەنی ئیرادە بون و قبوڵیان نەبو ئیرادەی تاکڕەوی و ناشەرعییەت بچەسپێت، هەر بۆیە، ئەوان هۆکاری قەیران نەبون بەڵکو تاکە هۆکاری پێشخستنی دیموکراسیی بون، ئەگەر ئەنجامی پڕۆسەکە لە خزمەتی دیموکراسیی کۆتایی بێت، من دڵنیام لەوە. دڵنیام چونکە ئەمڕۆش نەبێ سبەی ئەو ئیرادەیەی یوسف محەمەد سەرکردایەتیی کرد سەردەکەوێت. ئەوەی پارلەمان کردی، رێی راستەقینەی حوکمڕانیی دیموکراتیکە. رێگا راستەکەیە و پێویستییان بە پشتیوانییە. پارلەمان کێشەی دروستنەکرد، بەڵکو دەیویست کێشە دروستنەبێت.
بەڕێز بارزانی، دەبێت جەنابت لە خۆت بپرسی هۆکاری چی بو پارلەمان ئەو هەوڵەی دا، بێگومان پۆستی بەڕێزتان. بۆیە گرنگە، چۆن ئازایانە ئەو بەیاننامەیەت دەرکردوە و داوای چارەسەرکردنی گرفتەکان دەکەیت، داواشبکە کە پارلەمان کاراببێتەوە بێ ئەوەی داوای گۆڕینی سەرۆکایەتیی پارلەمان بکەیت. خۆشت و حیزبەکەشت، قبوڵی ئەوە بکەن کە قانونی سەرۆکایەتیی هەرێم لە پارلەماندا هەمواربکرێتەوە و سیستەم بکرێتە پارلەمانیی. دڵنیابە سیستەمی پارلەمانیی لە قازانجی خۆشتانە چونکە ئەمڕۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی بکرێت جەنابت ناتوانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ببەیتەوە. بۆیە؛ من دڵنیام جەنابت دەتەوێت ببیتەوە سەرۆکی هەرێم، تاکە رێگا بۆ ئەوەی تۆ ببیتەوە سەرۆکێکی شەرعیی، رێگەدانە بە پارلەمان کاری شەرعیی خۆی بکات. تۆش، دەتوانی لەدوای هەموارکردنەوەی قانونەکە، لە پارلەماندا ببیتەوە سەرۆکی هەرێم هەڵبژێردراو لە پارلەمان. من دڵنیام بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامییش ئەوە قبوڵدەکەن کە جەنابت ببیتەوە سەرۆکی هەرێم دوای هەموارکردنەوەی قانونی سەرۆکایەتیی لە پارلەمانی کوردستان و گۆڕینی سیستەم بۆ سیستمەی پارلەمانیی. ئەوکات، تۆ هەندێک دەستەڵات لەدەستدەدەیت، بەڵام خۆت و حیزبەکەت هێندە قوڕساییتان هەیە کە لە سیاسەتی هەرێم و عێڕاقدا بەکاریگەریی بمێننەوە. ئەگەر ئەوە نەکەن، دڵنیابە بشبیتەوە سەرۆک، پێویستت بە خۆسەپاندن دەبێت و بەناشەرعیی سەرۆکایەتیی دەکەیت، تەنها سەرۆکی بەشیک لە پارتییەکان دەبیت.
تا ئەو کێشەیە چارەسەرنەکرێت، کێشەکانی دیکە چارەسەرناکرێن، هیچ حکومەتێک کاریگەر نابێت ئەگەر سیاسەت لە هەرێمەکەدا کاریگەر نەبێت. بۆ ئەوەی پارلەمان و حکومەت کاریگەر بن، دەبێت سیاسەت جوڵەبکات و ئیشبکات. ئەوکات، ئەگەر ئیرادەی راستەقینە هەبو، دەتوانن بەهەموان کێشەکان چارەسەربکەن. كێشەکانی هەرێم کێشەی طائیفیی و مەزهبەیی و ئێثنیکیی و ئایدیۆلۆژیی نین تا کێشەی قوڕس بن چارەسەرنەکرێن. هەرێم پێویستیی بە گۆڕانی رادیکاڵە نەک چاکسازیی. من بڕوام بە چاکسازیی نەماوە و نییە، بەڵام قبوڵیدەکەم، بۆ تێپەڕاندنی قەیران، هەزارانی وەکو من چاو لە زۆر شت دەپۆشین، بۆ ماوەیەک.
دڵنیاتدەکەمەوە، ئەگەر ئەو رێگایە هەڵنەبژێرن و بزوتنەوەی گۆڕان وکۆمەڵی ئیسلامییش ئەوەندە سازشە نەکەن، ئەوا دۆخی کوردستان بە ئاقاری پێکدادانی سەربازیی دەبێت. حیزبەکەت هەرچەندە پێیوابێت بەهێزن و دەتوانن سەرکوتی خۆپیشاندەران و دەنگی ناڕازیی بکەنەوە، دڵنیابە ناتوانن. بەهاری عەڕەبیی سەلماندی هیچ سوپایەکی بەهێزی ناوچەکە نەیتوانی روبەڕوی دەنگی ناڕازای بێتەوە. ئەو دەنگە ناڕازییانە هەر لە سلێمانیی نین، ناو حیزبەکەت پڕە لە دەنگی ناڕازی. هەر مامۆستایان برسیی نین، کادیرانی حیزبەکەت زۆر هیلاک و ماندون و متمانەیان بە هیچ نەماوە.

نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌