سیاسەت لە سەردەمی "ھەڵپەڕین"دا

وتار/ 19/11/2016 743 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

سیاسەت لە سەردەمی "ھەڵپەڕین"دا

 

پارتی نە حیزبێکی خاوەن مێژوی پڕ سەروەریی شۆڕشگێڕییە، نە ھێزێکی ئایدیۆلۆژیی و خاوەن فیکرییشە، ھێزێکە دو سێ کەس لەجیاتی ھەمویان بیردەکەنەوە، ئەوانی دەوروبەری ئەو دو سێ کەسەش شتێک ناڵێن لە چوارچێوەی رای ئەو دو سێ کەسە دەربچێت. ناگەڕێینەوە دور، لە چەند ساڵی رابردو پارتی بانگەشەی چەند شتێکی کردوەکە ھەمویان شکستخواردو بون. دو سێیەکیان باس دەکەین:
- بەر لە ھەرشتێک پارتی شکستی بە سیاسەتی بەغداد-ھەرێم ھێنا کە لە سەرەتادا وایان پێشبینیی دەکرد خۆیان ببنە گەمەکەری سەرەکیی، چونکە پارتی تێیدا داڕێژەی یەکەم نەبو، جەلال تاڵەبانییش لە بەغداد کاریگەرتر بو. پارتی نەیدەتوانی ئەمە قبوڵبکات، بۆیە زو بوە نێچیری تورکیا وەک رکابەری سیاسەتەکانی ئێران لە عێڕاق.
- سیاسەتی نەوت بەتەواوی شکخستی خوارد. ئەو سیاسەتە لە بەرژەوەندیی پارتیی داڕێژرابو، ویست و رای خەڵکی لەگەڵ نەبو، بۆیە؛ دواجار تێکشکا.
- سیاسەتی ئابوریی سەربەخۆ بوە سیاسەتی ملکەچکردن بۆ تورکیا و بەغداد.
- سیاسەتی گەشەپێدانی وێنەی سەرۆک وەک سەرۆکی پان-ناسیۆنالیست لەگەڵ شۆڕشی رۆژئاڤادا مرد.
- سیاسەتی ھەرێمیی؛ پێشخستنی پەیوەندیی لەگەڵ تورکیا و دواجار تورکیا ھەرێمی لە بەرانبەر مەرحەمەتی داعش بەجێھێشت و وەڵامی تەلەفۆنەکانی سەرکردایەتیی پارتیشیان نەدەدایەوە.
- سیاسەتی پەیوەندیی نێودەوڵەتی؛ لە ھەر رۆژێک زیاتر ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی لە ھەرێمی کوردستان نیگەرانە؛ دوای شەڕی داعش دەرکەوت ھەرێمی کوردستان جگە لە ماکیاژێک بۆ ناشیرینیی و چەتەگەرییەکانی حوکمڕانیی دڵڕەقی ھەرێم، شتێکی دیکە نییە و ھەرێم نەیتوانی جێی متمانە بێت.
- سیاسەتی دەوڵەتی کوردیی لە ئێستادا سیاسەتی مانەوەیە، پارتی ھیچ شتێکی نەماوە تا بانگەشەی بۆ بکات جگە لە گوتاری دەوڵەتی کوردیی کە لە بنەڕەتدا دەوڵەت نە رادەگەیەنرێت، نە کەسیش پشتیوانیی دەکات. تاکە ھیوای پارتیی ئەردۆغان بو بەڵام ئەو زیاد لە جارێک دژایەتیی کردوە. لای ئەمریکا، دەوڵەتی کوردیی پرسێکی لاوەکییە و جێی گرنگیپێدان نییە. رێککەوتنەکانی ئەم دوایییەی ئەمریکا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم، ھەمویان لە خزمەتی یەکپارچەیی خاکی عێڕاقن. ئەمریکا پێی وایە دەوڵەتی عێڕاق بۆ خۆی دەوڵەتێکی شکستخواردوە کە ھۆکاری زۆربەی ئەو کێشانەیە کە ئێستا ھەن، ناکرێت لە تەنیشتی عێڕاقەوە دەوڵەتێکی دیکەی شکستخواردوتر دروستببێت کە ناسەقامگیریی ناوخۆیی و ھەرێمیی زیاتر دەکات.
ئێستا، پێمان ناوەتە قۆناغێکی نوێ؛ قۆناغێک کە سەرۆکی پارتیی کە لە واقیعیشدا وەک سەرۆکی ھەرێم مامەڵە دەکات، بێباکیی خۆی لە گەل و ھێزە سیاسییەکان رادەگەیەنێت و پێیان دەڵێت "ھەڵپەڕن" و چی دەکەن بیکەن، بزانن کام لا دەیباتەوە.
ئەوە دوا قۆناغە لە حوکمڕانیی ماکیاژکراو و ناشیرینی کوردیی، دوا قۆناغی چەتەگەرایی سیاسیی و ئابورییە.
ئەگەر ھێزە سیاسییەکان رێکنەکەون، بەرمیلە باڕوتی ھەرێم تەنھا دەنکە شکارتەیەکی ماوە بۆ ئەوەی بتەقێتەوە.
تەقانەوەی ئەو بەرمیلە باڕوتە، رونە زەرەرمەندی یەکەم نوخبەی سیاسیی گەندەڵە. گەل زۆربەی لە لە چینی ھەژارانن، ھیچیان نییە لەدەستیبدەن.

نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌