کوردستان لە خەباتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ حوکمی بنەماڵە

وتار/ 19/02/2020 1464 جار بینراوە

ئازاد مەحمود

کوردستان لە خەباتی شۆڕشگێڕییەوە بۆ حوکمی بنەماڵە

ئازاد مه‌حمود
ڕەنگە لە مێژووی خەباتی سیاسی و چەکداری و تەواوی بزوتنەوە شۆڕشگێڕییەکانی دونیادا کەم بزوتنەوەی رزگاریخوازی دونیا هەبێت ، ئەوەندەی بزوتنەوە چەکدارییەکانی ناو مێژووی کوردی باشور خەباتە چەکدارییەکانیان بۆ مەبەستی خراپ بەکارهێنابێت ، کە دەڵێم بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد مەبەستم لە هەردوو هێزی " یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان " ە . ئەم دوو هێزە کە لە سەردەمی حوکمی دیکتاتۆری سەدام حوسێن لە عێراق وەکو دوو هێزی ڕزگااریخواز و شۆرشگێڕ دەست بە خەبات دەکەن و جگە لە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگای کوردی لەو سەردەمەدا ، دەتوانن ڕای زۆری جیهانیش بە لای خۆیاندا ڕابکێشن و دروشمی زۆرو زەوەندی لە چەشنی " ئازادی_دیمکوراتی _مافی مرۆڤ _عەدالەت _.... هتد " لەگەڵ خۆیاندا هەڵدەگرن و دواتر لە عانی سزا جیهانییەکانی سەر سەدام حوسێن باشوری کوردستان دەکەوێتە دەست ئەم دوو هێزەو بە فعلی دەبن بە دەسەڵاتداری یەکەم بەسەر میلەتەکەوە .

ئەوەی جێگەی تێڕامانە هەر زوو گۆڕانکاری گەورە لە سروشتی ئەم دوو هێزە بەسەر کۆمەڵگاکەدا دێت و دۆخێک دروست دەکەن کە نە لە چاوەڕوانی کۆمەڵگاکەدا دەبێت و نە لە گەڵ ئامانج و دروشمەکانی هەردوو هێزەکەدا یەکدەگرێتەوە ، پارتی و یەکێتی لە سەردەمی حوکمڕانی خۆیان لە دوای کەونتی سەدامەوە تاوەکو ئەمڕۆ جگە لەو هەموو خراپەکاری و گەندەڵی و جەردەیی و کوشتن و ترساندنەەی کە بەسەر میلەتەەکی دێنن ، هەرزوو سروشتی سیاسی وڵاتەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی هەرە ترسناک دەکەنەوە کە دەبێت بە ژانێکی هەرە ترسناک بۆ سیستەمە سیاسییەکەی وڵآتەکە ، ئەویش بابەتی " بە بنەماڵەیی کردنی سیستەمی سیاسی " ییە . لایەن هەردوو بنەماڵەی دەسەڵاتداری ناو هەردوو حزبەکەوە ، پارتی بە هەوڵ و تەماحە سیاسییەکانی مەسعود بارزانی و یەکێتیش بە کارە پلان بۆ دانراوەکانی بنەماڵەتی سەرکردە کۆچکردوویەکان و هوردوڵاش لە ڕێگای دەسەڵاتی تەشریعی و بێدەنگی دەسەڵاتی دادوەری لەوەدا سەرکەوتو بن کە هەرزوو سیستەمی سیاسی هەرێم بکەنە سیستەمێکی سیاسی بنەماڵە و پاشان پارتی دیموکرات بە سود وەرگرتن لە زۆرینەی پەرلەمانی بناغەی سیستەمیکی بنەماڵیی وای داناوە کە ڕەنگە زەحمەت بێت بتوانرێت بە خەباتی مەدەنی پایەکانی بشکێنرێت .

مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە دوای کەوتنی سەدامەوە بوو بە سەرۆکی هەریم بە دەسەڵاتێکی زۆرەوە و هەتا کاتی ڕیفراندۆمی هەریم بەردەوام بوو ، بارزانی لە دوای ڕیفراندۆمەەکەو ئەو زەختە نێودەولەتییەی کە لەسەری بوو بۆ واز هێناان بەوەوە نەوەستا کۆتایی بە تەمەنی سیاسی خۆی بێنێت و وەکو کۆنە پێشمەرگەیەک لە ماڵەوە دابنیشێت ، بەڵکو هەرزوو خەباتە ترسناکەکەی خۆی دەست پێکرد بۆ حوکم کردنی سێبەر لە هەرێم و هەم بۆ ئەوەش بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە هەرێم لە نێوان بنەماڵەکەی خۆی دەرنەچێت ، کوڕەکەی خۆی کردە سەۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و برازەکەی خۆشی کردە سەرۆکی هەرێم و وەکو دەوترێت نیازی هەیە خۆشی وەکو مەرجەع بمێنێتەوەو بۆ ئەوەش دەیەوێت مەرجەع بوونی خۆی بکاتە فەرمی و ئاشکرا ، دۆخە ترسناکەکە تا ئێرە نییە ، بەڵکو دۆزی ترسناک لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە پارتی لە ئێستادا زۆرینەی پەرلەمانی کوردستانە ، ئەم زۆرینەیە لە بری ئەوەی بەکاربێنێت بۆ چەسپاندنی پایەکانی سیتەمیکی دیمکوراسی ، بەڵام هەموو ڕای گشتی کۆمەڵگای کوردی و چاودێرانی سیاسی سورن لەسەر ئەوەی ئەم خولەی پەرلەمان پارتی بە یەکجاری تەوریسمی سیاسی بەسەر کۆمەڵگای کوردیدا دەسەپینێت و لە ڕێگای دانانی دەستورەوە دەسەڵاتێکی زۆر دەبەخشێتە دەسەڵاتی جێ بەجێکردن و هەموو هیواکانی سیستەمی پەرلەمانی لە ناوە ئەبات کە سەردەمانێک ئەم سیستەمە هیوای دیموکراسی خوازانی کۆمەڵگای کوردی بووە .

ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە کە سیستەمە بنەماڵەیەکەی پارتی تەنها بابەتیک نییە کە عیلاقەی بە حوکمداری هەرێمەوە هەبێت و بەس ، بەڵکو ئەم سیستمەمە وەکو نەخۆشییەکی گوێزراوە بۆ ناو هەموو بەشە سیاسیەکانی ماڵی سیاسی کورد گوێزراوەتەوە ، یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کە ئەگەرچی لە ئێستادا لە بەرامبەر پارتی لە حوکمکردنی هەرێم دۆڕاندوویەتی و تەنها حزبەکەی خۆی بەڕێوە دەبات و لەگەڵ ناوچەی سلێمانی کە هێزی دەسەڵاتداری ناوێتی ، ئەمیش لە ناو خۆیدا جگە لە حزبێکی بنەماڵە شتێکی تر نییە . لە دوای مردنی " جەلال تالەبانی " بنەماڵەکەی تاڵەبانی کە پێکدین لە کوڕ و برازا و خێزانەکەی دەستیان گرتووە بەسەر هێزەکەداو کە هەم بڕیارە سیاسییەکان لای ئەمانەو هەم ئابوری حزبەکەی لە ژێر دەستی بنەماڵەکەدایە ، کوڕەکانی تاڵەبانی ئەگەرچی پۆستی حزبییان نییە ، بەڵام بۆخۆیان دەسەڵاتداری بێ چەند و چوونی ناو حزبەکەن و و هەر خۆیان سیاسەت دەکەن . جگە لە یەکێتی بزوتنەوەی " گۆڕان " کە سەردەمانێک دیموکراسیترین هێزی ناو کۆمەڵگاکە بوو ، وە مەبەستی هەرە سەرکی دروستکردنیشی لە لایەن کۆچکردوو " نەوشیروان مستەفاو کۆمەڵێک سیاسی ترەوە ، بۆ بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتی بنەماڵە بوو ، بەڵام لە دوای کۆچیی دوایی سەرکردەکەیانەوە بە شێوەیەکی زۆۆر چاوەڕواننەکراوو پێشبینی نەکراو حزبەکە دەکەوێتە دەست کوڕەکانی نەوشیروان مستەفاو بەوەش بەشێ هەرە زۆری کاراکتەرەکانی ناو حزبەکە واز دەهێنن و ئەوەش خەباتی پارتی و یەکێتی بۆ چەسپاندنی سیستەمە سیاسییە بنەماڵەییەکەیان ئاسانتر دەکات .

سیستەمی سیاسی بنەماڵە لە کوردستان سیستەمێکی ترسناکە ، ئەم سیستەمە لە گەڵ سروشتی کۆمەڵگاکە ناگونجێت ، جگە لەوەی سیستەمەکە لەگەڵ ئامانجە سیاسییەکانی یەکێتی و پارتی سەردەمی شاخ یەک ناگرێتەوە ، هەروەها دەبێت هۆی مەحروم کردنی کۆمەڵگاکە لە بەشداری سیاسی ، ئەم سیستەمە وا دەکات تەنها ئەندامانی ئەو بنەماڵانە بتوانن بەشداری سیاسەت بکەن و کەسی تر ئەو مافەی نەبێت ، واتە حوکمداری لێرەدا پێویستی بە کەسانی دڵسۆز و شارەزا نییە ، کور و کوڕەزاکانی تاڵەبانی و بارزانی هەرچییەک بن هەر ئەوان مافی ئەوەیان هەیە وڵاتەکە ببەن بەڕێوە ،
گەر یەکێک لە ئەندامانی ئەم بنەماڵەیە دەست پاک نەبێت و نەخوێنەوار بێت یان پیاو کوژ و زۆردار ، ئەوا هێشتا هەر ئەو مافی ئەوەی هەیە حوکمداری بکات چونکە ئەندامی بنەماڵەکەیە ، لێپرسینەوە لەم سیستەمەدا غائبە ، سیستەمەکە بە شێوەیەک داڕێژراوە کە نە پەرلەمان توانای لێپرسینەوەی هەیە نە دەسەڵاتی دادورەی ، چونکە ئەندامانی بنەماڵە لە سەرەوەی پەرلەمان و دادگاوەن ، کاراکتەرەکانی ناو دادگا و پەرلەمان دەستەبژێری خودی بنەماڵەکەن و ئەوان دایان ناون . لەم دۆخەدا گەر بیت و ئەندامانی ئەم بنەماڵانە خراپیش دەسەڵاتەکانیان بەکار بێنن ئەوا دەزگایەک نییە لێیان بپرسێتەوە .

ئەمە جگە لەوەی بە پیچەوانەی زۆربەی سیستەمە بنەماڵەییەکانی دونیاوە بۆ نمونە دەسەڵاتی شێخەکانی خەلیج ،.ئەمانەی کوردستان نەیان توانیوە بچوکترین دەرفەتی خۆشگوزەرانی بۆ دانیشتوانی هەرێمەکە فەراهەم بکەن ، ئەگەر ئەوانەی کەنداو بۆ نموونە لەگەڵ سیستەمە مەلیکی و پاشایەتییەکانی خۆیان جۆریک لە خۆشگوزەرانیان فەرهەم کردبێت ، ئەمانەی کوردستان لەوە بەدەرن ، ئەم دوو بنەماڵەیەی کوردستان لە ساڵانی دوای ڕاپەڕینەوە حوکم دەکەن ، جگە لە گەندەڵی و دزی و قوتدانی ماڵی گشتی و داگیر کردنی زەوی و زار شتێکی تریان نەکردووە ، لە ژێر سایەی ئەم دوو بنەماڵەیە دەیان کەس بە ناحەقی سیاسی کوژراون و بە هەزاران گەنجیان لە شەری ناوخۆدا لە نێوان یەکتر بە کوشتن داوە، دەسەڵاتەکەیان بە کارهێناو بۆ هەرچی دەوڵەمەندتر کردنی خۆیان و کەسە نزیکەکانی خۆیانە ، لە بەرامبەریشدا زۆرینەی کۆمەڵگاکەیان هەژار و هەژار تر خست ، کور و براز و خزمە نزیکەکانی خۆیانیان بردە ناو ڕێکخراو ناوەندە جیهانییەکان و ناونیشانی گەورەی جیا جیایان پێیان بەخشی ، لە بەرامبەردا گەنجانی کۆمەڵگاکەیان بێ کارتر کرد و بە سەدان هەزار بێ کار لە ژێر سایەی ئەمانا دروست بوون ، کوڕو کچ و کەسە نزیکەکانی ئەم دوو بنەماڵەیە لە هەموو شوێنە گرنگەکانی دونیاوە بوون بە خاوەنی ماڵ و موڵک زەوی ، لە بەرامبەردا ژێر خانی کۆمەڵگای کوردیان وێران و وێرانتر کرد ، خۆیان شوینە هەرە ستراتیژژییەکانیان بۆ ژیانی خێزانەکانیان داگیر کرد و لە بەرامبەر بچوکترین پرۆژەی ئابوریان لە وڵاتەکە نەخستە کار ، لە سەرووی هەمووشەوە بوون بە جەردەیەکی بێ وینەی پارەی نەوتی هەریم ، نەوتێک کە دانیشتوانی هەریم بچوکترین سودیان لە قازانجەکەی بەدەست نەهێنا .

لە بەر ئەوە چەسپاندنی سیستەمی سیاسی لە هەرێم و لە دەسەڵآت هێشتنەوەی هەریەک لە مەسعود بارزانی و نێچیر بارزانی و مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی و پاڤێل تالەبانی و ئەندامانی تری ماڵباتی تاڵەبانی و بارزانی ، جگە لەوەی زیانێکی گەورە بۆ داهاتووی سیستەمی سیاسی هەرێم دەبێت ، هاوکات هەرێمەکە لە داهاتودا دووچاری پشێوی و نائارامی گەورە دەکات کە ڕەنگە باجەکەی بە ڕشتنی خوێنیکی زۆر کۆتایی بیت .

نوێترین نوسینەکانی ئازاد مەحمود

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌