بۆچی گەلی سووریا مەحکومن یا بە تەسلیم بوون یا بە مەرگ
وتار/
11/10/2019
681 جار بینراوە
بیلال زەنگڵ
بۆچی گەلی سووریا وە هەموو پێکهاتەکانی ناو سووریا
مەحکومن یا بە تەسلیم بوون یا بە مەرگ:
هەمیشە، گووتوومە، وە دووبارەی دەکەمەوە، میژوو بۆ
شانازی پێوە کردن نی یە، بەڵکوو مێژوو بۆ دەرس وەر گرتنە لە هەڵە مێژووییەکان. بۆیە لە دوای دانیشتنی سێ
قۆڵی روسیا، تورکیا وە ئێران لە ئەنقەرە، تا کۆتایی دانیشتنی ساڵانەی نەتەوە
یەکگرتووەکان زۆر شت ئاڵووگۆری بەسەردا دێت، بە تایبەت سەبارەت بە سوریا وە
کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
بێ گوومان دەبێت، لەسەرەتاوە ئاماژە بەوە بکەم، کە لە
سیاسەت دا هەندێ فاکتۆر هەن لە دەرەوەی توانایی هێزەکانن، بۆ نموونە، جوگرافیا.
کورد، وەکوو گەل بەندکراوی جوگرافیایە. ووتەیەکی خۆمان هەیە، کە دەڵێت، کورد
هاورێی نی یە بێجگە لە شاخەکان نەبێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا هەمان جوگرافیا
دووژمنی سەرەکی کوردە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا، کە پایەکانی لەسەر بنەمای تەوازنی
هێز دارێژراون لە دوای کۆتایی شەری ناپلیون تاوەکوو ئەمرۆکە. واتە دوای بەستنی
کۆنگرێسی ڤێینا ١٨١٥ تاوەکوو ئەمرۆکە. خاڵی دووەم کە دووژمنی کوردە، ئەو پێش
فەرزییانەن کە کاریان لەسەر دەکات. واتە ئەگەر بە ووردی سەیر بکەین، پێش
فەرزییەکانی سیاسەتی کوردی لە ئاستی نێودەوڵەتیدا هەڵەن.
بەڵام پرسیارەکەمان با لا بیر نەچێت. بۆچی گەلی سوریا
مەحکومە بە تەسلیم یا مەرگ؟ ئەم خوێندنەوەیە لە چوارچێوەی دید وە تێروانینی نیزامی
عالەمی یەوە، نەک دەوڵەتێکی تایبەت کە یەک لە پێکهاتەکانی ئەو نیزامە پێک
دەهێنێت.
یەکەم: رۆژئاوا، یا ئۆرووپاییەکان قەت ئەو هەڵەی کە لە
ئەفغانستان کردیان دوای داگیرکردنی ئەو وڵاتە لەلایان سۆڤییەتەوە نایانەوێت
دووپاتی بکەنەوە. هەڵەی رۆژئاوا، لە ئەفغانستان مەبەستم لەو یارمەتییەیە، کە
رۆژئاواییەکان دایان بە گرووپە جیهادییەکان لە رێگەی پاکستانەوە. بەڵام لێرەدا
مەبەستی سەرەکی لە یارمەتی، تەنها یارمەتی ماددی نی یە کە ئەفغانەکان لەلایان
ئەمریکاوە وەریان دەگرت. بەڵکوو مەبەستم لەوەیە کە ئەو یارمەتی چۆن بوو بە هۆکاری
تێک شکانی سۆڤییەت وە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان. ئەم سەرکەوتنەی گرووپە
جیهادییەکانی دەرئەنجامێکی مەترسی داری بۆ رۆژئاوا وە بەتایبەت ئەمریکا دروست کرد.
واتە سەرکەوتنی گرووپە جیهادییەکان بەسەر یەک لە
بەهێزترین وڵاتانی سەدەی بیست دا، رۆح وە مەعنەوییەتی جیهادی لە ناخی تاکی
موسڵماندا زیندوو کردەوە. بە شێوەیەکی کە، سەرکەوتنی گرووپی جیهادییەکان بەسەر
سۆڤییەتدا دووبارە ئیعتماد بە نەفس (یا باوەر بە خۆ بوونی) بۆ تاکی موسڵمان
گەراندەوە، کە دوای لە سێدارەدانی عومەر موختار رۆژ بە رۆژ لاوازتر دەبوو لە
دوونیای ئیسلامدا، وە بە تایبەت لە ناو گەنجانی موسڵماندا. ئەم سەرکەوتنە بووە
هۆکاری ئەوەی کە چیتر گەنجانی جیهادی بگەن بەو باوەرەی کە گەرانەوەی سەروەری فکر
وە عەقیدەیان تەنها لە رێگەی شەرەوە دەبێت: واتە هاتنە دەرەوە لە دوونیای
ئایدیالیزم وە گەرانەوە بۆ ریالیزمی سیاسی. ئەم سەرکەوتنە وە گەرانەوە بۆ باوەشی
ریالیزمی ئایینی ئەوە ماوەی نزیک بە ٣٠ ساڵە بەردەوامە وە رۆژ لە دوای رۆژ پانتایی
زۆرتر دەبێت لە دوونیای ئیسلامدا. ئەمەش خۆی بۆ خۆی گەورەترین مەترسی یە بۆ سەر نیزامی
عالەمی. لەوانەیە پرسیار بکرێت لە بۆجی مەترسی یە. سێ خاڵ زۆر گرنگن لەبەر چاو
بگیردرێن کاتێک کە مەترسییەک شی دەکەینەوە، یا هەڵسووکەوتێک وەکوو مەترسی پێناسە
دەکەین. یەکەم، باوەر (یقین) بە فکر کە دینامیکی سەرەکی شەرەکردنە. دووەم، گشت
گیری ئەو فکرە: واتە ئایا ئەو فکرە، ناوچەییە یا جیهانییە: سێ یەم، ئایا ئەو فکرە
خاوەن جێوازە، وە دەتوانێت وەکوو مەعرەفەیەکی سەربەخۆ، خاوەن مەنهج وە ئالیاتی جێ
بە جێ کردنی خۆی بێت. ئەگەر بە وردی خوێندنەوە بۆ ئیسلام بکەین، ئیسلام خاوەنی هەر
سێ خاڵە. واتە باوەر، جیهانی، وە مەعرەفەیەکی سەربەخۆ.
ئەوەی کە لە دەستی دابوو، خاڵی یەکەم بوو. بەڵام وەکوو
لەسەرەوە باسم کرد، شەری ئەفغانستان دووبارە تۆی ئەو باوەرەی لە ناخی تاکی
موسڵماندا چاندەوە، وە جیهادو، جهانشموولی، وە مەعرەفەی دووبارە سەر لە نوێ بە
یەکەوە گرێ داوە.
وەکوو دەبینین، ماوەی ٣٠ ساڵی سەرهەڵدانەوەی
ئەم باوەرە جیهادییە لە ناو گەنجانی موسڵماندا، سەر ئیشەیەکی گەورەی بۆ
رۆژئاواییەکان وە نوێنەرانی سیستەمی عالەمی لە رۆژهەڵاتی ناوین دروست کردوە. لە
رێگەی شەری وورچوو، مێشەوە. بۆیە ئەو هەڵانەی، یا ئەو دەرسەی کە رۆژئاواییەکان لە
ئەفغانستان وەریان گرت ئەمرۆکە لە سووریا سوودی لی وەردەگرن. چوون دەزانن، بە
چوونی بەشار ئەسەد وە سەرکەوتنی گرووپە چەکدارەکان ئەو باوەرە بە خۆ بوونە زێدەتر
دەکات، وە لە کۆنترۆڵی نیزامی عالەمی دەردەچێت، کە دواتر ئەستەمە بەرنگار
بوونەوەی.
نموونە مێژووییەکان کە لە شەری ئەفغانستان وە
سوریا دەچن، لە کۆتایی سەدەی هەژدە وە سەرەتایی سەدەی نوزدەدا روویان داوە. بۆ
نموونە شۆرشی فەرەنسا، کە دواتر ناپلیون کردی بە بەرنامەیکی جیهانی، واتە کاتێک کە
مافی هاوڵاتی لە چەند شوێندا لە رێگەی یارمەتی ناپلیونەوە سەرکەوت، ئەو دەم،
رۆژئاواییەکان، بەریتانیا، پرووسیا (ئەڵمانیای ئەمرۆکە) نەمسا وە هەروەها عوسمانی
یەکان، زۆر بە ئەستەم توانی یان ئەو فکرە جیهانی یەی ناپلیون لە ناو بەرن. هەر
لەبەر ئەم هۆکارە، لە ٢٦ سپتامبەری ١٨١٥، دوای کۆنگرێسی ڤێینا، بە سەرۆکایەتی
رووسیا هاوپەیمانییەک دروست کرا بە پێی پەیماننامەی پاریس، بە ناوی هاوپەیمانی
مووقەدەس، یا (هۆڵی ئەلیانس)، ئەرکی سەرەکی ئەوە بوو کە لە هەر وڵاتێکدا شۆرشێک کە
سەر هەڵدەدات ئەگەر ئەو شۆرشە خاوەن، فکرەیەکی جیهانی بێت، باوەری شەری بەهێز بێت،
وە مەنهەجی خۆی هەبێت، دەبێت هەموو وڵاتان بە یەکەوە سەرکووپی بکەن. هەر وەکوو
ئەوەی کە ئەمرۆکە لە سووریا روو دەدات.
خاڵی دووەم: بۆچی وا بیردەکەمەوە کە گەلی
سوریا مەحکومە یا بە تەسلیم بوون یا بە مەرگ؟ ئەم خاڵەیان پێوەندی هەیە بە داڕمانی
یەکیەتی ئۆرووپاوە. داڕمانی یەکیەتی ئۆرووپا تەنها گرێ نەدراوە بە قەیرانی ئابوورییەوە،
وەکوو ئەوەی کە لە میدیاکاندا دەی بیستین. بەڵکوو دارمانی ئۆرووپا پێوەندی بە
هەڵوەشاندنەوە وە دارمانی نۆرمە ئەخلاقییەکانی کۆمەڵگاکانی ئۆرووپاوە هەیە وە
بنەماکانی ئەو کەلتوورە ئۆرووپییە کە پێی دەڵێن کەلتووری پرۆگرێسیڤ. ئەم خاڵەش من
لە چوارچێوەی تئیۆرییەکەی ساموئیل هاتینگتۆنەوە خوێندنەوەی بۆ دەکەم، واتە پێک
دادانی شارستانییەکان. کە دوونیا دابەش دەکات بەسەر چەند شارستانییەتدا، وە هەر
یەک لەم شارستانییەتانە خاوەن مەرکەزێکن. واتە یەک وڵات وەکوو ولاتی مەرکەزی ئەو
شارستانیەتەیە، کە هەم لە ئاستی ناوخۆ رۆڵی دادوەر دەبینێت بۆ چارەسەر کردنی کێشە
ناوخۆییەکانی وڵاتانی ئەو شارستانییەتە، وە هەم لە ئاستی دەرەوە، وەکوو بەرگریکەر
لەو شارستانییەتە رۆڵ دەگێرێت.
ئەگەر بە ووردی سەیری پێوەندییەکانی ئەمریکا
وە یەکیەتی ئۆرووپا بکەین، لە کۆتاییەکانی ٢٠١٥ وە سەرەتای ٢٠١٦، هەم لە سەردەمی
ئۆباما وە هەم ترامپ، ئەمریکا وەکوو مەرکەزی شارستانییەتی رۆژئاوا، رۆژ لە دوای
رۆژ خۆی لە کێشە ناوخۆییەکان وە دەرەکییەکانی یەکیەتی ئۆرووپا دوور دەخاتەوە، وە
گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نادات. لەوانەیە بۆ زۆر کەس، ئەمە جێگەی باوەر نەبێت، یا
وەهم بێت، بەڵام ئەم پاشەکشانەی ئەمریکا هێمای داڕمانی یەکیەتی ئۆرووپایە. جوونکە
هەر پێنج وڵاتی ئینگلیسی زمان، واتە ئەمریکا، بەریتانیا، کەنەدا، ئۆسترالیا وە
نیوزلەندە، خۆیان بۆ خۆیان لە هەوڵی ئەوەدان کە شارستانییەتێکی تایبەت بە خۆیان
دامەرزێنن، کە لەو رێگەیەوە دووبارە رووبەرووی مەترسییەکانی چین وە رووسیا ببنەوە.
بە دەرچوونی بەریتانیا لە یەکیەتی ئۆرووپا، بەهێزترین وڵات، فەرەنسا وە
ئەڵمانیایە، کە هیچ کامیان ناتوانن بە تەنها رۆڵی دەوڵەتی مەرکەزی بگێرن، وە بە
یەکیشەوە بە هۆی ئەو مێژووییەی کە هەیانە ناتوان ئەو رۆڵە بگێرن.
پێنوانەی نرخی دۆلار لە رێگەی نەوتەوە، وە
ئەو خاڵانەی سەرەوە کە باسم کردن، هیچی کە نیشان نادات لەم قەیرانەی ئەمرۆکەی
سوریادا، بیچگە ئەو دوو هەڵبژاردە نەبێت لەلایان نیزامی عالەمی یەوە، واتە یا
تەسلیم بوون یا مەرگ. ئەگەر ئەمریکا بە هەر شێوەیەکی کە لەگەڵ قەیرانەکەدا نزیک
ببێتەوە، هەردوو رکابەری سەرەکی واتە، جین وە رووسیا باڵا دەست تر دەبن لە ئاستی
جیهانیدا، وە لەوانەیە کە ئەمریکا مەجبوور بەوە بکەن کە شێواز یا ئالیاتی کار
کردنی نیزامی عالەمی بگۆرێت، کە ئەوەش هەر لە بەرژەوەندی چین وە رووسیادا تەواو
دەبێت، بە تایبەت چین لە دەریای باشووری چیندا. وە هەروەها پێچەوانەی ئەمە،
دووبارە دەبێتە هۆکاری زۆرتر باوەر بوونی گرووپە جیهادییەکان بە خۆیان بە گرێ دانی
هەر سێ خاڵ بە یەکەو بۆ رووبەروو بوونەوەی شارستانییەتی رۆژئاوا وە ئەمریکا.
کورد لەم ناوەندەدا چ ژمارەیەکە: وەکوو
لەسەرەتاوە ئاماژەم پێ پێ کرد، کورد مەحکوومی جیو-پۆلۆتیکە پێش هەموو شت. دووەم،
کورد، لە دەروەی توانیاییەکانی خۆی شیعاری پۆپۆلیستی جیهانشمولی بەرز کردوەتەوە،
واتە برایەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوین وە هەڵوەشاندنەوەی نیزامی عالەمی. ئەگەر چی
ئەمە لەم سەردەمەدا تەنها شیعارە، بەڵکوو کورد ئیستاکە ئەگەر دژایەتی نیزامی
عالەمیش بکات بە ووتار تەنها بۆ ئەوەیە کە نیزامی عالەمی ئیعترافی پێ بکات، نەک لە
راستیدا دژ بە سرووشت وە شێوازی کار کردنی ئەم نیزامە بێت. سێ یەم: لە ماوەی
دەستەڵاتیدا، خۆی وەکوو پردێک پێ کرد لە نێوان دوو کیانی جودادا، واتە دەوڵەتی
مەرکەزی وە ئەمریکا، کە لە راستیدا سەر بە هیچ کام لەم کیانانە نی یە، وە هیچ کام
لەم کیانانە بە بەشێک لە خۆیانی نازانن، بەڵکوو تەنها بۆیان وەکوو پردێکە. چوارەم:
پێش فەرزییەکانی سیاسەتی کوردی، لەگەڵ سرووشتی نیزامی عالەمیدا هەڵەن. دەستەڵات
دارانی کورد، تەنها لەسەر دژایەتی کردنی گرووپە چەکدارەکان وە جیهادییەکانی سووریا
سەرمایەگوزارییان کرد: واتە ئەم پێش فەرزە، ئەگەر لە باتی رۆژئاوا ئەم شەرە بکەین،
دەبێت بە کارتی بەهێز، نیشان دەدات کە دەستەڵات داران وە سیاسەت مەدارانی کورد لە
رۆژئاوای کوردستان بە جوانی لە مێژووی کار کردن دروست بوونی نیزامی عالەمی لە
لایان رۆژئاواییەکانەوە لە ساڵی ١٤٩٠ تا وەکوو ئەمرۆکە بە جوانی تێ نەگەیشتوون، وە
نازانن بۆ ئەوان مەرکەز دینامیکی سەرکەوتنیانە لەو سەردەمەوە تاوەکوو ئەمرۆکە.
پێنجەم، سوود وەرگرتن لە دوو تئۆری دژ بە یەک، لە ئاستی ناوخۆ، لەسەر بنەماکانی
فەلسەفەی تۆماس هۆبس کاریان دەکرد، وە لە ئاستی دەرەوە لەسەر ئەساسی شووعاری
ئەنارچیزمی نێودەوڵەتی، واتە بۆجکین، فالک، هتد...........
لە کۆتاییدا، تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد،
دوای کۆبوونەوەی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتوەکان، بەو مەرجەی کە تورکیا گارانتی ئەوە
بدات کە ئاڵترناتیڤی هەیە بۆ ئەوەی هەڵەکەی ئەفغانستان دووپات نەبێتەوە.
١٥ سپتامبری ٢٠١٩
نوێترین نوسینەکانی بیلال زەنگڵ