نێچیرڤان بارزانى چۆن بڕیارى ئابورى سەربەخۆیدا؟
وتار/
03/11/2016
1184 جار بینراوە
ئیبراهیم عەباس
نێچیرڤان بارزانى چۆن بڕیارى ئابورى
سەربەخۆیدا؟
ئیبراهیم عەباس
هێنانە ئارای ئەو پرسەی پێدەگوترا،
ئابووری سەربەخۆ لە هەلومەرجێکی ئاڵۆزی وەکو بەهاری ساڵی ڕابردوو، لەسات و کاتێکدا
کە پێشمەرگە لەشەڕێکی گەرمی دەستە و یەخەدابوو لەگەڵ داعشدا و پرۆسەی سیاسی ناوخۆی
کوردستان جوڵەی لێبڕابوو.
هەوڵی پەکخستنی پەرلەمان لەئارادابوو،
ئەدای حکومەت و حوکمداری لە خراپترین دۆخ دابوو، مووچەخۆران لەخەمی نەفەوتانی مووچەکانیان
بوون.
پەیوەست بوو بەکۆمەڵە هۆکارێک، یەکەم
هۆکاریش ئەو هەڵڵا ڕاگەیاندنە بوو کە بە مەبەستی پرسی سەربەخۆی کوردستان
سازدرابوو، کە لە ئەرزی واقیعدا نەزەمینەی دەوڵەت و نە زەمینەی ئابووری سەربەخۆ نەبوو.
هەر بۆیەش کە هاوینی ٢٠١٥ پرسی ئابووری سەربەخۆ کەوتە جێبەجێکردن، دوای تێپەرینی تەنها
سەد ڕۆژ، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت گەیشتەوە بەغدا و ئامادەیی هەرێمی بۆ چارەسەری
بودجە و مووچەی کوردستان لەگەڵ عەبادی دەربڕی.
راستە سەرەتای حوزەیرانی ٢٠٠٩ بەڕێزان
بارزانی و تاڵەبانی، لە ڕێوەسمێکدا بەشداریان کرد و مەعنەوییەن ڕێگەیاندا کورد نەوتی
خۆی بفرۆشێت، ئەمەش ئەوسا وا شرۆڤەی بۆ کرا، کە کوردستان هەروەک چۆن چووەتە سەر نەخشەی
وزەی جیهانی و بەرژەوەندی دەوڵەتە زەبەلاحەکان و کۆمپانیاکانیان دابینکراوە، بەم هۆیەشەوە
ئایندەی کوردستان گەرەنتی کراوە، بەهەمان شێوەش فرۆشتنی نەوت، کوردستان دەکاتە خاوەن
ئابوورییەکی بەهێز، بەڵام چونکە لە بنەڕەتدا، گەڕان و دۆزینەوە و دەرهێنانی نەوت،
مەبەستەکەی بۆ بنیاتنانی ئابووریەکی باشتر بۆ کوردستان نەبوو، بەڵکو مەرامی سیاسی
و بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی لە پشت بوو.
هەربۆیەش نەوت نەک نەیتوانی ببێتە
پشتیوانی بەهێز بۆ بوژاندنەوە و گەشەی کەرتەکانی تری ئابووری وڵات و ئابوورییەکی
پتەوی بنیات نەنا، بەڵکو ئەو بنەما ئابووریانەی لە کەرتەکانی تریش هەبوون، دایڕماندن،
بەڵام سەرکردە و سیاسی و حزبە باڵادەستەکانی کردە خاوەن پارەیەکی مۆڵ، بەجۆرێک، ئەم
پارە کاشە بووە هۆکار کە خۆیان لەگەڵ شێخەکانی کەنداو بەراورد بکەن و کەوتنە ژێر ئەو
کاریگەرییە خەیاڵییەی هاوشێوەی ئیمارات، تەنها بە برەودان بەکەرتی عەقارات و خانوبەرە،
بەو پارە مۆڵەی کاش لەفرۆشتنی نەوت دەستیان دەکەوت و لەبودجەی عێراقیشدا بەشێکی زۆریان
بۆ خۆیان گلدەدایەوە، گوایە کوردستان دەبێتە ناوەندێکی گەورەی ئابووری جیهانی و لە
هەولێر دوبەیەکی تر لە دایک دەبێت! .
خۆ بواردن لە واقیعی تاڵی جوگرافی و
مێژووی، ورد نەبوون سەرکردەکانی کورد لە حساباتە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان، حساب نەکردن
بۆ ڕوانگەی خەڵک و تەنانەت حزبەکانی تری گۆڕەپانی سیاسی، بەغدای هاندا بەبەهانەی دەرهێنان
و فرۆشتنی نەوت، کوتایی زستانی ٢٠١٤ بودجەی کوردستان ببڕێت، چونکەش لە بنەڕەتدا سیاسەتی
نەوتی هەرێمی کوردستان سەرکەوتنی بەدەست نەهێنابوو، سودەکانی هەمووی بۆ نوخبەیەکی
سیاسی ناو دوو حزبە باڵادەسەڵاتدارەی کوردستان بوو.
دوای یەک ساڵ لەبڕینی بودجە لە لایەن
شیعەکانی عێراق، هیچ ڕێگەیەکی ئەوتۆ لە پێش حکومەت و پارتی و یەکێتی نەما، تەنها
خستنەبواری ئابووری سەربەخۆ نەبێت، هەر چەندە حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی پێشوو بەمەرج ڕەزامەند
بوون.
سەرئەنجام بڕیاری کابینەی هەشتی حکومەت
بۆ ئابووری سەربەخۆ، هۆکارە سەرەکییەکەی دووخاڵ بوو.
١-بڕینی دەستی بەغدا
بوو، بۆ بەداواچوون بۆ داهاتەکانی کوردستان، چونکە هەر هیچ نەبێت لە بەغدا پەرلەمان
کارایە و دەستەی نەزاهە کاردەکات و دادگای ئیتحادیش خاوەن بریارە.
٢-ڕازیکردنی تورکیا
بوو، کە هەر وەک چۆن ڕێککەوتنی نەوتی پەنجا ساڵیەکەیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، بێ
بەغدا بوو، ڕێگەش نادەن بەغدا دەستوەربداتەوە پرسی نەوت و ئەمەش گرەنتی مانەوەی هەرێمی
کوردستان لە ژێر هەیمەنەی تورکیا دەستەبەر بکات.
لەسایەی نزیکەی دەساڵ بەسەر فرۆشتنی
نەوت و زیاد لە ساڵێک بەسەر بڕیاری ئابووری سەربەخۆ، نەک هیچ گۆڕانکارییەکی ئابووری
باش لە ژیانی خەڵکی کوردستان ڕووینەدا و گەشەی بە ژێرخانی ئابووری نەدا، بەڵکو بەیەک
ساڵ حکومەتی هەرێم کەوتە ژێر قەرزێکی گەورەی بیست ملیار دۆلاری، ئەم بڕەش یەک لەسەر
چواری ئەو پارەیە زیاترە، کە سەدام و بەعس بۆ شەرێکی گەورەی هەشت ساڵە بەرامبەر ئێران،
لە دەوڵەتانی ناوچەکە و وڵاتانی دونیا قەرزیان کرد، قەرزێک پاش ١٣ ساڵ لە ڕوخانی بەعس
و کۆتایی سەدام، نە دوایی هاتووە و نەبەدروستیش دەزانرێت کەی کۆتایی دێت.
نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس
-
ئیبراهیم عەباس
13/08/2022
-
ئیبراهیم عەباس
05/09/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/08/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/05/2021