وڵاتت كردۆتە زیندان بۆ ئێمە چیت پێدەكرێت ...!؟

وتار/ 30/10/2016 889 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

وڵاتت كردۆتە زیندان بۆ ئێمە چیت پێدەكرێت ...!؟
هیوا سەید سەلیم

دوای هەڵبژاردنەكانی حەوتی حوزەیرانی توركیا،وە بەرلەوەی سەرانی ئەكەپە بڕیاری هەڵبژاردنی پێشوەختەش بدەن (ئەكەپە) دەستیكرد بە پرۆسەی ڕەشبگیری و تۆقاندنی لایەنگرانی پارتی دیموكراتی گەلان (HDP ) لە چوارچێوەی ئەوپرۆسەیەی ناویانابوو ئۆپراسیۆنی راوەدونانی هەوادارانی كەجەكە . ئەمەو رووداوەكانی كودەتای پانزەی تەمووزی پاریش كە زۆرێك لە چاودێران بە سیناریۆی خودی ئەكەپەی دەزانن ، زیاتر كرایە بیانووی بەرفراوانكردنی ئەو ڕەشبگیریەی كە ئەردۆغان و حزبەكەی ئەنجامیانداو دوو لایەنیان تێدا كردە ئامانج ، ئەویش هەوادارانی (بزوتنەوەی خزمەت )ی فەتحولا گولەن و كادیر و هەوادارانی هەدەپە پرۆسەكەیان بە شێوەیەك ئەنجامدا كە دەسەتیان لە نوێنەرانی گەلیش نەپاراست، دەسەڵاتدارانی توركیا سەرەتا كاریانكرد بۆ یاسایی هەڵگرتنی پارێزبەندی پەرلەمانتاران و دواتریش دەستگیركردنی سەرۆك شارەوانیەكان كە لە لایەن خەڵك هەلبژێردرابوون . ئەو هەڵمەتە ڕەشبگیرییەی كە ئەكەپە دەستی داوەتێ ، بەتەنیا خەڵكی سڤیلی نەگرتۆتەوە كە تا ئێستا بە هەزاران كەس لەو دوو ساڵە خراونەتە زیندانەكانی توركیا ، بگرە بە دەیان تەلەفزیۆن و رادیۆو گۆڤار و رۆژنامەودەزگای چاپەمەنیشی داخستوون، ئەم كارەی ئەردۆغان دەریخست كە زۆر بە پلان بۆ ئەو رەشبگیریە كاری كردووە كە سەرەتا دەنگی میدیای ئازادی گپ كرد ئینجا دەرگای زیندانەكانی بەڕووی ئەزادیخوازان كردەوە . ئەردۆغان و حزبەكەی كە لە چەند ساڵی ڕابردوو ئیدیعای زۆری دەكرد بۆ كرانەوە بە ڕووی كۆمەڵگای توركیا و چارەسەركردنی كێشەكانی ئەو وڵاتە بەتایبەت چارەسەری ئاشتیانەی پرسی كورد لەو وڵاتە و چارسەری كێشەكانی توركیا لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری ، بەڵام ئەوەی دەبینریت ئەوەیە كە دوای ئەوەی ئەردۆغان باڵا دەستی خۆی بینی و خەڵك لە هەڵبژاردنی ڕاستەوخۆ بردیانە سەر كورسی حوكمڕانی سەرۆك كۆماریەتی ، ئیدی ئەو لەهەموو بەڵێنەكانی پەشیمان بووەوە و ئەو كەسانەشی لە نێوخۆی حزبەكەی دوورخستەوە كە بە ئەندازیاری بیری كرانەوە و ئاشتیخوازای دەناسران و پشتیشی لەو سیاسەتە كرد كە ئەگەر كاری لەسەر كرابایە ئێستا توركیا وڵاتێكی بێ گرفتی سیاسی دەبوو . لەو بارودۆخە ئاڵۆزەی ناوخۆی توركیا دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە دێن بە ناوی هاوكاری و پشتیوانی هێز دەنێرن بۆ باشوورو رۆژئاوای كوردستان ، لە رۆژئاوا زاڵم و زوڵملێكراو دەخەنە یەك تای تەرازوو گوایە داعش و پەیەدە وەك یەكن و جیاوازیان نیە بۆیە توركیا هێرشیان دەكاتە سەر ! لە عێراق و هەرێمی كوردستانیش هەر جارەو بە بیانوێك هێزی سەربازی بۆ ڕەوانە دەكات ، دوایین جاریش گوایە موسڵ و تەلەعفەر هەڕەشەی گۆڕینی دیموگرافیایان لەسەرە بۆیە لە سوپای سوڵتان ئەردۆغانیان كەمە تا بیانپارێزێت . ئاخر ئەوە چ قسەیەك و ڕایەكی بێبنەمایە تۆ بێیت وڵاتی خۆت بكەیتە زیندانێكی گەورە خەڵكی سڤیل بگری سەرۆك شارەوانی دووربخەیتەوەو بیخەیتە زیندان و پارێزبەندی لەسەر نوێنەرانی گەل هەڵگریت و هەڕەشەی گرتنی لێبكەیت و بەهێزی چەك رووبەرووی ناڕەزایەتیەكانی خەڵك ببیتەوە ، كەچی بێیت بە بیانووی هاوكاری هێزی داگیركەری خۆت ڕەوانەی وڵاتانی دراوسێ بكەیت ! برۆن ئەو زیندانە دابخەن كە پێی دەوترێت توركیا ، چاكەی ئێوەمان ناوێت كە چاك نین ، بۆ ئێمەی كوردیش كاتی ئەوە هاتووە خەڵكی كوردستان كار بۆ درووستكردنی رای گشتی بكات دژ بەو سیاسەتە دووژمنكارانە و هۆڤانەی سەرانی ئەكەپە لە نێوخۆی توركیا و لە پارچەكانی تری كوردستانیش بوەستێتەوە ، چونكە ئەوەی توركیا لەبەرامبەر كورد دەستی داوەتێ مەترسیەكی گەورەیە دەبێت لەبەرچاوی بگرین و لە گەورەیی مەترسیەكەی توركیا كەم نەكەینەوە ، كێشە ناوخۆیەكانی هەرێمی كوردستان چارسەر بكەین و چیتردرێژە بەسەر دابەشبوونی دوو هەڵوێستی سیاسی جیانەدرێت.

نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌