سەندیكاكانی كوردستان بۆ هەڵوەشانەوە باشن

وتار/ 09/10/2016 547 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

سەندیكاكانی كوردستان بۆ هەڵوەشانەوە باشن
هیوا سەید سەلیم
   لە سیستەمی دیموکراسی سەندیکاکان شانبەشانی پارتە سیاسیەکان لە نێو کۆمەڵگا رۆڵێکی زۆر کاریگەر دەبینن لە ئاڕاستەکردنی چین و توێژەکان و پێشەنگایەتی کردنیان، بە تایبەت لە داکۆکیکردن لەو چین و توێژانەی کە ئەوان نوێنەرایەتیان دەکەن ، ئەوان دەتوانن گرووپی فشاری وا درووست بکەن کە حزبەکانیش ڕابکێشن بۆ نێو ئەو پرسانەی کە دەیانوروژێنن.

زۆر جاری واھەبوو بە ھاتنە مەیدانی سەندیکایەک کابینەی حکومی ناچاری وازھێنان کراوە ، یان کاتێک سەندیکایەک چۆتە پاڵ حزبێکی سیاسی لە ھەڵبژاردنەکان تەواو باڵانسی ھێزیان گۆڕیوە .
پێش ئەوەی بێینە سەر باسی رۆڵی سەندیکاکانی کوردستان بۆ درووستکردنی گرووپی فشار ، دەبێت بپرسین ئایا لە کوردستان سەندیکامان ھەیە یان ڕیکتروایە پرسیار بکەین چ جۆرە سەندیکایەکمان ھەیە ؟
ئەزموونی کاری سەندیکای لە کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش ڕاپەرینی سالی ١٩٩١ ، ئەوسا رژێمی بەعس لە ژێر کاریگەری سیستەمی سۆسیالستی لە عێراق و کوردستان چەندین سەندیکای وابەستە بە حزبەکەی دامەزراند بوو ، کە ھیچ کات ئەو سەندیکایانە زاتی ئەوەیان نەدەکرد لە فەلەکەی سیاسەتی بەعس دەربچن .
دوای ڕاپەرینیش ھەمان میرات بۆ ئێمەی کورد مایەوە ، لە شوێنی ئەوەی بوار بدرێت چین و توێژەکان لە چوارچێوەی سەندیکای پیشەیی خۆیان رێکبخەن ، حزبەکان ھاتن چەندین سەندیکایان دامەزراند ، لە شێوەی ئەوەی سەردەمی بەعس ، کە لە نێو ستافی ئەو سەندیکایانە کادیری حزبی لێ دادەمەزران وە وەک بارەگای سێبەری حزبی مامەڵە لەگەڵ ئەو سەندیکایانەش کراوە ، دواتریش ھەریەک لەو سەندیکایانە بە ھۆی ململانێی حزبی بە تایبەت لە ساڵانی شەڕی ناوخۆ بوون بە چەند بەش و بەناوی جیاجیا ڕکابەری یەکتریان دەکرد .

قۆناغی دوای شەڕی ناوخۆش قۆناغی سازانی حزبی و تێکەڵاوکردنەوەی سەندیکاکانی پێدەناسرێتەوە ، کە تا ئێستاشب لەگەڵ دابێت ھیچ سەندیکا و ڕێکخراوی پیشەی نیە بتوانێت کونگرە یان کرنفراس ببەستێت بەرلەوەی حزبەکان لەسەر پێکھاتەیان سازانی حزبی نەکەن .

لە کوردستان ئەوە حاڵی سەندیکاکان بێت چا چۆن دەتوانن بەو ئەرکە گرنگەی پیشەیی خۆیان ھەڵسن و ببنە بە شێک لە گرووپی فشار ؟
لە ئێستادا کە ھەرێمی کوردستان رووبەرووی چەندین قەیرانی جدی بۆتەوە ئەوەی کە بۆتە سووتەمەنی ئەو قەیرانانەش ئەو چین و توێژانەن کە بە حیساب ئەو سەندیکایانە نوێنەرایەتیان دەکەن ، بە تایبەت نوێژی ( مامۆستایان و فەرمانبەران و کرێکاران و جوتیاران و رۆژنامەنووسان ....ھتدا )

بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە کە کارەکانی ئەو سەندیکایانە لە مەحک بدرێن و پرسیاریان ئاڕاستە بکرێت کە چەندە لە ئاست داخوازیەکانی خەڵکەکەن ؟
لە ھەرێمی کوردستاندا بەو میکانزمەی سەندیکاکانی لەسەر دامەزراوە ، وە بە شێوازە حزبیەی کاریان پێدەکرێت ، نابێت چاوەڕوانیەکی جدیمان لەو جۆرە سەندیکایانە ھەبێت ، ئەوەی کە گرفتێکی جدیشە ئەوەیە ئەو سەندیکایانە کە کاری درووستیان پێناکرێت و نوێنەرایەتی راستەقینەی چین و تویژەکانیش بەوان ناکرێت، نابێت چیتر ڕێگر و کۆسپ بن لەبەردەم ھاتنە پێشی گروپ و سەندیکای تر کە لەناو ھەناوی کێشەکانی خەڵک ھەڵدەقوڵێن.

نموونەش بۆ ئەوە ئەوەیە ، کاتێک سەندیکایەکی وەک سەندیکای مامۆساتایانی کوردستان کە یەکێکە لەو سەندیکایانەی لەسەر بنەمای فرەیی و سازانی حزبی دامەزراوە ، بەڵام لە ھاتنە پێشی گرفتێکی وەک ئەوەی ئێستای مووچەی مامۆستایان ناتوانێت وەک پێویست داکۆکی لە مامۆستایان بکات لەسەر پرسێک کە پرسێکی ڕەوایە ، دەبێت ئەو سەندیکایە ھەڵبوەشێتەوە ، لە شێونی ئەو سەندیکایەک دابمەزرێت کە پیشەیانە و ئازایانە نوێنەرایەتی مامۆستایان بکات نەک ڕاسپاردەی حزبی لە سەندیکا جێبەجێ بکات .

بۆیە سەندیکای مامۆستایانمان بە نموونە ھێنایەوە چونکە لە ئێستادا لە نیوەی شارەکانی کوردستان مامۆستایان بایکۆتی دەوامیان کردووە و ناوناوەش دەڕژێنە سەرشەقام ئەگینا لە ھەرێمی کوردستان ھەموو سەندیکاکانی تر لە یەکێتی مامۆستایان خرابترن ، کێشەکەش لە بونیادی ئەو سەندیکایانە دایە ، کە بونیادێکی تەواو حزبیە .

ئەوش وایکردووە لە ھەرێمی کوردستان کە ئەگەر نەشڵێین گرووپی فشارمان نیە ، دەبێت دانبنێین بەوەی کە گروپەکانی فشار لاواز و بێکاریگەرن ، گروپی فشار کە ئامرازێکە ئەرکی پاراستنی ھاوسەنگی نێوان دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردنە لە چوارچێوەی شەرعیەتی یاسایی و دەستووری نەبوونی ئەو ناھاوسەنگیەی لێدەکەوێتەوە کە ئێستا لە کوردستاندا ھەیە ، ناھاوسەنگیەک کە وا بۆ ساڵێک دەچێت دەرگا بەرووی پەرلەمان داخراوە و حکومەتیش ئەو حاڵیەتی.

بۆیە دووپاتی دەکەینەوە کە کاتێک سەندیکا و رێکخراوەکان لە ئاست ئەو وەزیفە گرنگە دانابن دەبێت ھەڵبوەشێنەوە .

نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌