تیرۆریست یان سیناریست؟!

وتار/ 24/07/2018 1091 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

تیرۆریست یان سیناریست؟!
ئیبراهیم عەباس
بەرەبەیانێکی زووی رۆژی دووشەممە 23,july 2018، سێ گەنجی نارێکخراو، بەتەنها دوو دەمانچەوە لە دیوی پشتەوەی بینای پارێزگاوە چوونە ناو پارێزگای هەولێر و هەژانێکی گەورەیان لە هەولێرو هەموو کوردستان دروست کرد، ئازایی و راستگۆیی و نەترسی ئەو سێ گەنجەی شاری هەولێر وەکو لە ڤیدیۆی ساتەوەختی هەڵکوتانە سەر بینای پارێزگاوە دیارە، بەجۆرێکە دەسەڵاتدارانی شار هێندە ئەترسێنێ نازانن چۆن رووبەرووی ئەو سێ گەنجە خێر لەخۆ نەدیوەی کوردستان ببنەوەو سەدان و هەزاران پیاوی ئەمنی و پێشمەرگە ئەرژێنە نزیک پارێزگا، بەڵام چونکە ترس بەسەر پیاوانی خراپکاری ئەم دەسەڵاتەدا زاڵە، ناوێرن بەئاسانی و بەزووی نزیکی بیناکەی پارێزگا بکەون، هەربۆیە بۆ لەناوبردنی ئەو سێ گەنجە، شەش کاتژمێر پێویست ئەبێت و تەقەی بێ سەروبەری پیاوانی ئەمن و ئاسایش بینای پارێزگا نزیک بە وێران کردن ئەکات و کەسێکی بێ گوناهی خزمەتگوزار شەهید ئەکرێت و چوار ئاسایش بریندار ئەبن.

کۆی هەموو رووداوەکە ئەوەندەیە، بەڵام کاردانەوەکە هێندە گەورەیە مرۆڤ شەرم ئەکات شانازی بە پیاوانی ئەمنی ئەو شارەوە بکات کە بۆ گیانی خەڵکی سادە ئازاو بەجەرگن! بەڵام لەئاست کاری خۆیان کە پاراستنی دامودەزگاکانی دەوڵەتە ترسنۆک و بێ هورەن. دەسەڵات و پیاوانی ئەمن، بەجۆرێک ترسان شاریان شیواند، لە کاتێکدا کارو مهمەی سێ گەنجەکە تێکدانی ئارامی شار و پایتەخت نییە، بەقەدەر ئەوەی ئەیانەوێت پەیامی نارەزایی خەڵکی کوردستان لە دامودەزگا بەحزبی کراوەکان دەرببڕن، ئەو دەزگایانەی گەر سەر بەحزبی باڵادەست و ملکەچ و سەرشۆری دەسەڵات نەبیت هیچ کارێکت لەناو ئەو دەزگایانە ناڕوات، پەلاماردانی بینای پارێزگا کە رەمزی گەندەڵی و بەهەدەردان و قۆرخکاریی و نادادیە رێک ئەو واتایە ئەگەیەنێت، چونکە گەر بەدوای تێکدانی ئارامی پیاتەختدا بوونایە ئەیانتوانی لەناوەندی شار گەورەترین نائارامی و کوشت و کوشتار بکەن و ئینجاش را بکەن.

دەسەڵات لەترسی خۆی هەرزوو پەنجەی تیرۆست بوون و داعش بوونی بەسەر سێ گەنجە ئازاکەی هەولێردا سەپاندو لەراگەیاندنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان دەیان لێدوان و بەندو بالۆرەیان لێدا کە ئەمانە داعش، یان سەر بەئێرانن و پەیامی ئێرانییەکان بۆ ئەمریکا ئەنێرن؟! تا ئاستێکی زۆر ئەم ترسەی دەسەڵاتدارانی هەولێر بەئاسایی ئەزانم چونکە ئەوان ئەزانن رۆژانە خەریکی چ گەندەڵی و خراپەکاری و بەهەدەردان و زاڵم و زۆرێکن و ئەشزانن هەر ئەبێت کاروکردەوەکانیان ئێقەیان بگرنەوە، بەڵام ئەوەی بەغەدری ئەزانم لێکدانەوەی کەسانێکی بەناو هوشیار و بە ئاگایە بۆ بەلاڕێدا بردنی هەقیقەتەکان ئازایی و بوێری ئەم سێ گەنجە ئازایەی هەولیر، بە سیناریۆی دەسەڵات و پاراستن ناو ئەبەن؟! بێ ئاگا لەوەی گرێدانەوەی هەر رووداوێک بە سیناریۆی دەسەڵات، گەورەکردن و بەهێزکردنی دەسەڵاتە گەندەڵ و نادادەکەی هەرێمە، کە ترسیان لە سێبەری خۆشیان هەیە.

ناونانی کارە ئازایانەکەی ئەم سێ گەنجە بە سیناریۆ و ناونانی سێ گەنجی ناخ پر لەتاو نادادی و بێ خودایی و زوڵم و زۆری دەسەڵات غەدرێکە بەهیچ قەرەبوو ناکرێتەوە، ئەزانم دەسەڵات و پیاوانی باڵاو خراپەکاری ئەم دەسەڵات هەزاران ناراستیان بەم میللەتە وتووە، بەڵام دیمەنەکانی ساتەوەختی هێرشی سێ گەنجەکە زۆر روونە کە ئەمانە گەنجی توڕەو بێزارن لە دەسەڵات و لەم حکومەتە، بێزارییەک بۆ سوتاندنی و وێرانکردنی ژووری پارێزگار، راستتگۆیانە گیانی خۆیان لە پێناودا ئەکەنە قوربانی و باکیان بەمردن و گیان سپاردن نییە.

بەلای منەوە ئەم گەنجانە نەتیرۆرستن و نە سینارستن، بەڵکو راستگۆترن لەو هەموو دەنگە ناڕازیانەی نە خۆیان و نە دەسەڵاتیش نازانێت چیان ئەوێت، من نازانم و زانیاری ئەوەم نییە سابیقەی ئەم سێ گەنجە چییەو دەستیان بەکام رێکخراوی دەرەوەی هەرێم گەیشتووە، بەڵام هەڵکوتانەسەر بینای پارێزگا بە نەعل و شەرواڵە سادەکانیان و بێ هیچ سیلاحێکی ئەوتۆ و نەشارەزاییان لە رۆیشتن و چوونە ژوورەوە، بەڵگەی ئەوەیە لەپەرچەکرداری نادادی و زوڵم راپەڕیوون، کاری راستیش ئەوەیە دەسەڵات ئەمە بەپەیامی خەڵکی نارازی راستەقینە تێبگات و دەستبەرداری ئەو شێوازە لە حوکمە ببن کە خەریکە سەری خۆیان و کوردستان ئەخوات و زۆری نەماوە هەولێرو شارەکانی تر بەدەردی کەرکوک و شەنگاڵ و ناوچە دابڕاوەکان ببەن.

راستە دەسەڵاتدارانی شار ئەتوانن ئەم رووداوە بۆ سەرکوتی زیاتری خەڵک و بۆ شەرعیەتدان بە گرتنی ئەم و ئەوی نارزای بەکاربهێنن و بۆ هەڵبژاردنیش سودی لێوەربگرن، بەڵام ئەمانە هیچ خێرێکیان نییەو شتی زۆر کاتین، کاری راست وەرگرتنی نامەی سێ گەنجە ناڕازیەکەیە، پێش ئەوەی ساتەوەختێک بێت بەکردەوەی لەم جۆرە ئەوەندە هەراسان بکرێن نەتوانن لە هیچ جێگایەک پشوویەک بدەن.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌