پارە بلۆککراوەکانی عەبدولکەریم قاسم!

وتار/ 07/10/2016 1523 جار بینراوە

ئیبراهیم عەباس

پارە بلۆککراوەکانی عەبدولکەریم قاسم!
ئیبراهیم عەباس
دوایی ڕاماڵینی هەر دیکتاتۆرێکی ناوچەکە، پاش بە ئاکام گەیشتنی هەر شۆرشێکی وڵاتە عەرەبییەکان، ئەوەی دەبێتە جێی سەرنجی میدیاکان و زۆرترین هەڵوێستەی لەسەر دەکرێت، پارەی نەقدی و پارەی ناو بانکە جیهانییەکان و خانوو، کەلوپەل و ماڵی سەرۆکە لادراو یان کوژراوەکانە.

 زۆرجار سەروەت و ماڵی ئەم جۆرە سەرۆکە و کەسانی دەوروبەریان بەجۆرێکە مرۆڤ سەری سوڕدەمێنێت کە دەبینێت ئەوان لە لوتکەی دەستبەری هەموو شتێکی ژیانن و گەلەکانیشیان لە نەداری و هەژاری و چەوسانەوەدان، دیارترین نموونەش محەمەد ڕەزا شای ئێران و زەین بن عابدینی تونس و... هتد.

دەگمەنترین ڕووداو کە لەمێژووی هیچ وڵاتێک نەبینراوە و نەبیستراوە، پارە و سەروت و ماڵی عەبدولکەریم قاسم ( ١٩١٤/٩/٢١ - ١٩٦٣/٢/٩)، ئەو جەنەراڵەی لە تەمووزی ١٩٥٨ کۆتایی بە حوکمی پادشایەتی لە عێراق هێناو، بۆ ماوەی ٤ ساڵ و ٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ، سەرۆک کۆماری عێراق بوو. کاتێک شوباتی ١٩٦٣ بەعسییەکان عەبدولکەریم قاسم یان گولەباران کرد، دەستیان بەسەر ماڵ و موڵک و پارەکانیشدا گرت، بەڵام بەڕاست یەکەم سەرۆک کۆماری عێراق چی هەبوو؟
 ١-کرێچیبوو لە یەکێک لە گەرەکەکانی شاری بەغدا بە ١٥ دیناری ئەوکات کە دەیکردە ٤٥ دۆلار.
٢- حسابە بانکیەکەی تەنها ٨٦٠ فلسی تێدابوو کە دەیکردە کەمتر لە سێ دۆلاری ئەمریکی.
٣- هیچ کەلوپەلێکی ناوماڵی ئەوتۆی نەبوو جگە لە کتێبخانەیەک و کتێبەکانیشی هەمووی کتێبی ئەدەبی عەرەبی و جوگرافیا و مێژووى بوون، بەڵام عەبدولکەریم قاسم تەنها لە چوار ساڵدا ٣٥هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی بۆ خەڵکی هەژاری عێراق لە بەسرەوە بۆ زاخۆ دروستکردو، گەڕەکی ئیسکان کە لە هەموو شارەکانی عێراق هەن، ئەو سەرۆکە دروستیکردوون.

جگەلەوەی قاسم یەکەم سەرۆکی عەرەبی و عێراقییە هیچ جیاوازییەکی لەنێوان نەتەوەکانی عێراق نەکردووە و سەرجەم زیندانییە سیاسییەکانی عێراقی ئازادکردووە و دوورخراوەکانی هاوشێوەی مەلا مستەفا بارزانی و هاوەڵەکانی لە سۆڤیەتەوە گەڕاندۆتەوە عێراق و کوردستان و مووچەی بۆ هەموویان بڕیوەتەوە و یاسای ئیسلاحی زراعی دەرکردووە و لەمێژوودا بەناو بانگە بەوەی دۆستی هەژاران بووە.

لەم ساتەوەختەدا کە خەڵکی کوردستان گیرۆدەی قەیرانێکی بە ئەنقەست دروسکراوی ئابوورییە، گەڕانەوە بۆ مێژوو، خوێندنەوە و بەراوردکاری، خاڵێکی گرنگ و جەوهەرییە بۆ هوشیاركردنەوەی خەڵکی کوردستان، لەو پێناوەی لەجیاتی ناڕەزایی هەرەمەکی، خەڵکی بەزانیاریی جەوهەرییەوە بەرگری لە مافەکانی خۆیان بکەن.

ئاخر ڕەفاهییەتی بەرپرسە جۆراو جۆرەکانی عێراق و کوردستان، بوونی نەک خانوویەک و دووان، بونی سەدان و هەزاران بانک و مۆڵ و شوقە و ڤێلاو بازارگەی هاوچەرخ، شاری نیشتەجێبوون، هۆتێل و مۆتێل، شاری گەشتیاری، زانکۆو قوتابخانەو باخچەی تایبەت، نەخۆشخانەی تایبەت و ئەهلی، نکۆڵی دەکرێن؟

ئایا کەسێک هەیە لەم عێراق و هەرێمی کوردستانە باوەڕبکات، هەرچی پرۆژەی بازرگانی و گەشتیاری و تەندوستی و پەروەردەیە هی بەرپرسان و منداڵ و کەوسوکارەکانیان نین؟

من وای دەبینم: لەجیاتی ئەو هەموو هەڵڵا ڕاگەیاندنە سیاسییەی بۆ شکاندنی یەکتر و لەبەریەکترازانی ڕیزەکانی خەڵکی کوردستان دەکرێت، گەر ڕۆشنبیری بوێر، دەزگا راگەیاندنە ئازادەکان، پەنا بۆ دووبارە خوێندنەوەی مێژوو ببەن، خاڵی دەستپێکی هوشیارێکی بابەتی دەستپێدەکات، کە بەدووری نازانم وەرچەخانی گەورە لە کۆمەڵگای کوردستان بخوڵقێنێت.

نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌