بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێتە یەکێتییەکی تر

وتار/ 19/06/2018 602 جار بینراوە

كه‌مال چۆمانی

 بۆ ئەوەی بزوتنەوەی گۆڕان نەبێتە یەکێتییەکی تر
کەمال چۆمانی


سەرۆکی پێشوی باشوری ئەفریقا یاکوب زوما (٢٠٠٩-٢٠١٧) یەکێک بو لە پیاوە شۆڕشگێڕەکانی باشوری ئەفریقا و حیزبەکەی نیڵسۆن ماندێلا، تەنانەت سەرۆکی پێشی ئەی ئێن سییش بو، واتا کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا. بەڵام بە هۆی گەندەڵیی و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵاتەوە، ناچارکرا واز لە دەستەڵات بێنێت و روبەڕوی سەدان کەیسی گەندەڵییش کراوەتەوە، لەناویشیاندا هەوڵێکی ئیغتیساب.

ئەمەم بۆیە نوسی مەرج نییە هەرکەسێک لە حیزبێکی نیشتیمانیی وەک کۆنگرەی نیشتیمانیی ئەفریقا بو، یان دۆستی کەسێکی وەک نیڵسۆن ماندێلا بو، تا ئەبەد پیرۆز و گەورە و ناگەندەڵ بێت.

بزوتنەوەی گۆڕان دژی نادادپەروەریی و خراپ بەکارهێنانی دەستەڵات و گەندەڵیی و حوکمی میلیشیایی و بنەماڵەگەرایی لە هەرێمی کوردستان دروستبو. دامەزرێنەرەکەشی، بە شاهیدیی دۆست و نەیار، پاکترین و شۆڕشگێڕترین، تەنانەت خوێندەوارترین سیاسیی کوردە لە مێژوی هاوچەری هەرێمی کوردستانی عێڕاق. بەڵام مەرج نییە ئەو بزوتنەوەیە هەر وا بمێنێتەوە، دەکرێت پڕ بێت لە کەسانی گەندەڵ و هەندێکیش هەبن بە ئاراستەی بەبنەماڵەکردنی ببەن.
بەشێک لە پشتیوانیی خوێندەوارانی کورد بۆ ئەو بزوتنەوەیە، لەو چوارچێوەیە بوە کە ئەو بزوتنەوەیە هی گەل بوە نەک هی کەس و بنەمالەکان، تەنانەت بزوتنەوەی نەوشیروان مستەفاش نەبو، هێندەی بزوتنەوەی گەل بو. هەر بۆیە ئەو پشتیوانییە نیشتیمانیی و بەرفراوانەشی لێکرا.


یەکێتیی لە هەناوی پارتییەوە دروستبو. نیگەرانیی خەڵکیش لە پارتیی و پاوانخوازیی مەلا مستەفای بارزانیی و بەبنەماڵەکردنی حیزب و دەزگاکان، وای کرد نەوەی نوێی شۆڕشگێڕانی کورد و گەنجانی کورد بە ئیرادەیەکی بەهێز و بەگوڕو تینتر پێشوازیی لە دامەزراندنی یەکێتیی بکەن. بەڵام دوای ماوەیەک، هەمان ئەو کێشانەی لەناو پارتییدا هەبون و چارەسەرنەکران، هەمان ئیرادە پاوانخوازییەکە و ویستە تاکڕەوییەکان و پەراوێزخستنی دیدە رەخنەیییەکان کە وایان کردبو یەکێتیی دروستبێت و بەتوندی لە یەکەم بەیاننامەی دامەزراندنەوە رەخنەی پارتیی کردبو، لەناو یەکێتییش بە هەمان ئاراستە و تەنانەت بەنزیکەیی هەمان ئەندازە دروستبون. هەر بۆیە، زیندوێتیی بەشێکی لە مەکتەب سیاسیی بە سەرکردایەتیی نەوشیروان مستەفای رەحمەتیی، سەرەتا باڵی ریفۆرم و دواتر بزوتنەوەی گۆڕان دروستکرا. ئێستا لەناو بزوتنەوەی گۆڕاندا، خەریکە هەمان ئەو سیاسەتەی وای کرد گۆڕان لە هەناوی یەکێتییەوە دروستببێت، جێپێی قایم دەکات. دیدی رەخنەیی وەلادەنرێت. بزوتنەوەکە بەبنەماڵەیی دەکرێت. میدیا و پەیوەندیی دیپلۆماسیی و دروستکردنی قەرار و دارایی حیزب لەلایەن گروپێکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت. دانانی کەسەکان لە زۆر پۆستدا لەسەر ئەو بنەمایانەن کە نەوشیروان مستەفا دژیان بو. باڵباڵێنە و تەکەتول لەسەر بنەمای پشت لە زەوییدانی یەکتر گەشە دەکات.

بزوتنەوەی گۆڕان دوای کۆچی دوایی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفا پێویستی بە گۆڕانکاریی ریشەیی هەبون، بەڵام گۆڕانکارییەکان کەوتنە خزمەتی تاکڕەویی لەناو بزوتنەوەکە و بەبنەماڵەکردنی. دوای شکستی ریفراندۆم، دیسان بزوتنەوەکە پێویستی بە گۆڕانکاریی هەبو، بەڵام هیچ گۆانکارییەکی نەکرد، زۆر بەسادەیی سەرکردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە بەشێکی بەرپرسیارێتییان بەردەکەوێت لە شکستی ریفراندۆم کە نەیانتوانی لە ئاستی پێویستیی رۆژ بن. دوای شکستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ١٢ی ماییسی پارلەمانیی عێڕاق، ئەو بزوتنەوەیە لە هەر رۆژێک زیاتر پێویستی بە گۆڕانکارییە.

ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان لەناو خۆیدا توانای گۆڕانکاریی نەبێت، بە چ هەقێک داوای گۆڕانکاریی لە سیستەمی حوکمڕانیی و ئابوریی و سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێڕاق دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان خۆی تاکڕەو بێت لە بڕیار و مۆنۆپۆڵی بڕیار-دروستکردن بکات و دیدە رەخنەیییەکانی ناو بزوتنەوەکە پەراوێزبخات، بە چ هەقێک داوای دیموکراسیی لە عێڕاق و هەرێمی کوردستان دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان کە توشی شکستێک دەبێت کەسانێک نەبن بەرپرسیارێتیی هەڵبگرن لەو حیزبەدا، بە چ هەقێک داوای بەرپرسیارێتیی لە مافیاکانی نەوت دەکات؟ ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان قبوڵبکات زەویی گشتیی لەسەر دو کوڕەکەی رەحمەتیی نەوشیروان مستەفا تاپۆ بکرێت، بە چ هەقێک داوادەکات مەسعود بارزانیی لە سەری رەش بڕوات و ماڵی تاڵەبانیی دەباشان چۆڵ بکەن؟

ئازیزانی بزوتنەوەی گۆڕان، ئەو بزوتنەوەیە دامەزرێنەرەکەی پیاوێکی پاک و بیرمەند بو، بزوتنەوەکەی بۆ ئەوە دروستنەکرد ئێوە شەڕی دەستەڵاتدارێتیی و پۆست و خۆسەپاندن بکەن. ئێوە کە تا ئێستا دەیان وەزارەت و پۆستی باڵا و ئەنجومەنی وەزیرانتان نەکەوتۆتە بن دەست ئاوا شەڕی بەرژەوەندیی و دەستەڵاتدارێتیی بکەن و گۆڕانکاریی ئەنجامنەدەن، بە چ ئالتەرناتیڤێکەوە دەتانەوێت گۆڕانکاریی بکەن؟

ئێوە رەخنەی ئەوە لە یەکێتیی و پارتیی دەگرن کە تەواوی دەزگاکانیان پەکخستون و دو مەکتەب سیاسیی بڕیارەکان دروستدەکەن، پێمناڵێن ئێوە کام دەزگاتان جدیی و دامەزراوە؟ لە دەزگای دیپلۆماسییەوە بگرە بۆ دەزگای میدیا، ئایا زۆربەیان ویستی کەسێک و گروپێک نییە هەڵیاندەسوڕێنێت نەک سیاسەتی بزوتنەوەی گۆڕان؟

بەر لە هەڵبژاردن، بزوتنەوەی گۆڕان دەبێت گۆڕانکاریی ریشەیی بکات، لەپاڵ گۆڕانکارییەکانیش، دەبێت کاریگەرترین رۆڵ ببینێت لە دروستکردنی هاوپەیمانێتیی تەواوی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، بێگومان ئەگەر سەرکردایەتیی ئەو بزوتنەوەیە دەیەوێت کە ئەو بزوتنەوەیە لەوە رزگاربکات ببێتە یەکێتییەکی تر.


نوێترین نوسینەکانی كه‌مال چۆمانی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌