کورد چی بکات لە چوار ساڵی داھاتوو لە عێراق؟؟

وتار/ 08/05/2018 608 جار بینراوە

مسعود حیدر

کورد چی بکات لە چوار ساڵی داھاتوو لە عێراق؟؟
*مه‌سعود حه‌یده‌ر
لە نووسینێکی پێشووتر ئاماژەمان بەو چوارچێەوەیە کرد کە پێویستە کورد لە عێراق ئیشی لەسەر بکات و لە نۆ تەوەر کورتمان کردەوە کە پەیوەندی بە جێبەجێکردنی دەستورو شەراکە ھەیە. ھەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق و لە ھەموو رویەکەوە تایبەتمەندی خۆی ھەیە، نەتەوەیی، کەلتووری، جوگرافی، سیاسی، بازرگانی، ئەمنی و ئابووری، تەنانەت لە رووی پەیوەندی دیبلۆماسیەوە ھەموو دونیا وەکو دەولەتێک مامەڵەی دەکەن.
ئەو کێشانەی لە عێراق کەڵەکە بوونە زادەی ساڵ و دوو ساڵ نییە، لەوەتەی عێراق دروستکراوە پێکھاتەی سوننە، کورد و شیعە دەچەوسێنێتەوە. لە دوای روخانی بەعس ،شیعە پاکتاوی نەژادی سوننە دەکات و بەغدادی پایتەخت کرا بە شاری شیعەو سوننەیان نەھێشت لەو شارە. شیعە لە دوای نووسینەوەی دەستورو ئەو ھاوپەیمانی و ھاو مەزلومیەتەی لەگەل کورد ھەیبوو پشتی تێ کردو ئەیانەوێ دەوڵەتێکی ئیسلامی شیعی دامەزرێنن و ئیدارەیەکی مەرکەزی بێ. چیتر باوەریان بە فیدراڵی و شەراکە نەماوە، پێیان وایە ئەو ھەزار ملیار دۆلارەی دزراو بەھەدەرچوو خەتای فەشەلی ئیداری خۆیان نییە بەلکو خەتای سوننەو کوردە، ھەڵواسینی فەشەلەکان بە شەماعەی خەلکی تر نامۆ نییە لەم کەلتورە. کێشەکانی کورد کە دەستوور چارەسەری کردوون زیاتر لە ١٣ ساڵە لە بازنەیەکی داخراودا ئەسورێنەوە. لەبەر ئەوەی ئیرادەیەک ھەیە بۆ چارەسەرنەکردنی، ئاسۆی چارەسەر لەم نزیکانە نابینم، زۆربەی سەرکردەکانی کورد لە بەغداد بوون و ھاوپەیمانی شیعە خۆی لە چارەسەر ئەدزیەوە، لە قۆناغی داھاتووش ئەو کێشانە چارەسەر ناکرێن چونکە عێراق ئیرادەی بەدەست خۆی نییەو لە شوێنی ترەوە تەوجیە دەکرێت. پرسیارەکەش ئەوەیە، کورد لە قۆناغی داھاتوو چی بکات لە عێراق؟
ئەوەی کە گرنگە لە تەشریعکردنی یاساکاندا لە جیاتی ھەوڵی لاوازکردنی پێگەو دەسەڵاتی ھەرێم و شەری یەکتر، پێویستە کورد یەک ھەڵوێست بێت لەسەر پرسە نیشتمانێکان و ھەوڵی بەھێزکردنی ھەرێم بدەن و رێگە نەدرێ بەغداد بێ تەنسیق لە گەڵ ھەرێم بتوانێ ھەندێ بریار ھەیە بیدا. ھەروەھا گرنگە کورد لە حکومەتی ئیتحادی پێگەی بەھێزی ھەبێ و ئەوەی بە ناوی چاکسازیەوە کرا لە حکومەتی حیدر عبادی جارێکی تر قبولی نەکەن. گرنگە گۆرەپانی فیدرالی بە دەسەلاتی تەشریعی و جێبەجێکردنەوە چۆل نەکرێت و ھەماھەنگیەکی مؤسساتی لەگەل حکومەتی ھەرێم بونیادبنرێت بۆ ئەوەی باشترین خزمەت بە پێگەی یاسایی کورد بکرێت لە دام و دەزگا فیدرالێکان. ئەوەی کە گرنگە، کێشەی حزبەکانی ھەرێم و شەڕی یەکتر نەبەنە بەغداد، چونکە ئەزموون سەلماندی تەنھا بەکارئەھێنرێن بۆ لاوازکردن و ناشرینکردنی کورد لەسەر ئاستی ناوخۆو دەرەوە. ھەرکەسێکیش پەیمانی ئەوە بدات کە دارەکەی موسای پێیەو لە چوارساڵی داھاتوو کێشەی ھەرێم و خەڵکەکەی لە بەغداد چارەسەر دەکات، ئەوە راستگۆ نییە، کێشەکان لە نێوان پێکھاتەکانی عێراق رۆژ بە رۆژ ئاڵۆرتر دەبن و ئاسۆی چارەسەر نادیارە.
بۆ تەواوکردنی ھەموو ئەمانە، پێویستە حکومەتی داھاتووی ھەرێم حکومەتێکی سەقامگیر بێ بە پلان و بەرنامەیەکی چوار ساڵی روون کە ببێتە مایەی گەشەی ئابووری و چاکسازی لە کەرتی گشتی و بووژانەوەی کەرتی تایبەت کە ھەلی کار بۆ گەنجان دەستەبەر بکات. کوردستان بە ھەموو کەم و کوریەکەوە لە ھەموو ناوچەکانی تری عێراق باشترە و پێویستە باشتری بکەین و ئەو ئیرادەیەش ھەیە بۆ چاکسازی و باشترکردن.

#تێبینی: ئەمە ئەو حەقیقەتە تاڵەیە کە چوار ساڵ لە پەرلەمانی عێراق بینیم و مامەڵەم لەگەڵ کرد، ھەموو عێراق دەزانێ توندڕەوی و تعصبى قەومی و ناوچەگەرێتیم نییەو پێویستە تاکی کورد و حزبی کوردی مشوری ئەم ھەرێمە بخۆن کە دەیان ھەزار روح کراوە بە قوربانی بۆی.

*ئەندام پەرلەمانی عێراق
٢٠١٨/٥/٦
بغدادا

نوێترین نوسینەکانی مسعود حیدر

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌