لە بەغداش بوون ئێرەتان پێوە دیار بوو

وتار/ 30/09/2016 1173 جار بینراوە

هیوا سەید سەلیم

لە بەغداش بوون ئێرەتان پێوە دیار بوو
هیوا سەید سەلیم
  دواى دابڕان و ساردیەکى زۆر لە پەیوەندیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان و بەغدا ، شاندێکى باڵاى هەرێمى کوردستان،  کە ناوى شاندەکە و پێکهاتەکەى  لێکدانەوەى جیاجیاى بۆ کرا کە ئایا ئەو شاندە حزبیە یان نا  سەردانى بەغدایان کرد  ، لێکدانەوەکان بە تەنیا بۆ جۆرى شاندەکە ناکرێت بگرە بۆ ئەجێنداى چوونیشیان دەکرێت ، یەڵام ئەوەى دیارە کە چوونى ئەو شاندە زیاتر لەسەر داواى بەرپرسانى ئەمەریکا بووە ، هەر ئەوانیش بۆ ڕەخساندنى زەمینەى نزیکبوونەوەى هەرێم و بەغدا کارى جدیان کردووە ، کە ئەمەشیان زیاتر پەوەندى بە پلانى ئەمەریکا بۆ ئازادکردنەوەى شارى موسڵ هەیە کە کاتژمێر سفرى ئەو پرۆسەیە بەرەو نزیکبوونەوەیە دەچێت .
لەو کۆبوونەوە و دیدارەى هەرێم – بەغدا هەر لایەنەوە و بەرژەوەندى و ئەجینداى روونى هەبوو ، باسمان لە ئەمەریکیەکان کرد کە جگە لەوەى پەلەیانە کە لە هەریەک لە شارەکانى موسڵ و ڕەقە پێش پرۆسەى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى  وڵاتەکەیان  دوا گورزى خۆیان لە ڕێکخراوى تیرۆرستى داعش بدەن  لەو دوو شارە ستراتیژیە وەدەریان بنێن ، کە بۆ ئەو هەنگاوەش پێویستى دەکرد نێوانى بەغدا – هەرێم ئاسایی بکەنەوە ،  تا چیتر ناکۆکیەکانیان کاریگەرى نەرێنى لەسەر پرۆسەى ئازادکردنى موسڵ نەبێت ، لەگەڵ ئەوەشدا لە پرۆسەى سیاسى عێراق لەگەڵ مانەوە و پشتیوانیکردنن لە حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق کە فشارى زۆرى پێکهاتە و کوتلە سیاسیەکانى عێراقى لەسەر بوو بە شیعە و کوردیشەوە .
بۆ ئەم مەبەستەش بەشدارى پێکردنى قوئاد حوسێن سەرۆکى دیوانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ شاندى هاوڕێى سەرۆک وەزیرانى عێراق بۆ کۆبوونەوەکانى ساڵانەى نەتەوەیەکگرتوووەکان لە ئەمەریکا دەسپێکى شکاندنى بەسەتەڵەکى پەیوەندیەکانى نێوان عەبادى – بارزانى بوو ، کە ئەمەشیان بە هەوڵى ئەمەریکا بوو کە دواى ئەو کۆبوونەوەى نێچیروان بارزانى و عەبادى لێکەوتەوە ، دوا جاریش یارزانى بە یاوەرى شاندێکى باڵاى حزبى دەچێتە بەغدا و ئەوەى کە هەستى پێدەکرێت و لە زارى هاوەڵانى بارزانی دەبیسترێت ئەوەیە کە ئەو بەستەڵەکە لە نێوانى بەغدا و هەرێم شکا ، بەڵام ئەوەى کە بۆ هەرێمى کوردستان و خەڵکەکەى جێگاى پرسیارە ئەوەیە کە ئایا هەگبەى شاندەکەى هەرێم جا ناوى چیە گرنگ نیە گرنگ ئەوەیە چى بۆ خەڵکەکەى تێدایە ؟
ئەوەى کە جێگاى تێبینى بوو لەسەر شاندى حزبەکانى هەرێم ئەوەبوو کە پێش چوونیان هیچ هەماهەنگیەک لە نێوانیان نەکرابوو هەر بۆیشە هەریەکە و لە دیدى خۆى باسى لە ئەجێنداى سەردانەکە دەکرد وە شتێکى دەکردە ئەولەویەتى چوونیان بۆ بەغدا ، واتا شاندى هەرێم بە ئاشکرا ناتەبایان پێوە دیار بوو .
بەغدا چۆن مامەڵەى لەگەڵ شاندەکە کرد ؟
ناتەبایی حزبەکان لە هەرێمى کوردستان ئەمجارەیان زۆرترین کاریگەرى هەبوو لەسەر لاوازکردنى هەڵوێستى هەرێمى کوردستان ، پێشچوونى ئەو شاندە بۆ بەغدا حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیران لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەنووسى ڕایگەیاندبوو :
(پەیوەندیم بە زۆربەى سەرکردە کوردەکان کردووە پێیان ووتوم ئەوان لە عێراق جیانابنەوە ، ئەى ئەگەر جیانابنەوە ریفراندۆم بۆچى ئەنجام دەدەن؟ ) ئەوە پرسیارى عەبادى بوو ، جگە لەوەش عەبادى هیچ مەراسیمى برۆتۆکۆلى بۆ شاندى هەرێم ئەنجام نەداو تەنانەت لە دانیشتنە فەرمیەکەش ئاڵاى کوردستان وەک هەرێمێک کە لە دەستوورى عێراق دانى پیانراوە ئەمجارەیان لە تەک ئاڵاى عیراق دانەدرابوو ، سەبارەت بە پرسى سەربەخۆیى و ریفراندۆمیش ئەو جارەیان شیعەکان کە پێکهاتەى سەرەکى حوکمڕانى عێراقن لە زارى دۆستە نزبکەکەى کوردان کە تازە بۆتە سەرۆکى ئیئتیلافى شیعە (عەمارالحکیم) وەڵامیان داینەوە کە ئەوان لەگەڵ یەکپارچەى خاکى عێراقن !!
دوو ساڵە بارزانى ناچێت بۆ بەغدا کە چووش بە کۆڵێک کێشەى ناوخۆیى و ماڵى لێکترازاوى کوردى چوو ، بۆیە ئەو هەڵوێستە لە بەغدا چاوەڕوان دەکرا .
لایەنە کوردستانیەکان چى دەڵێن ؟
لایەنە کوردستانیەکان لە دوو ساڵى ڕابردوو زۆربەیان لەگەڵ چارەسەرى کێشەکانى هەرێم و بەغدا دابوونەوە لە ناوشیان یەکێتى و گۆڕان پێشتر شاندى حزبیان چۆتە بەغدا بەڵام ئەمجارەیان راى جیاوازیان لەسەر ئەو شاندە نیشانداوە ، ئەوەى لەگەڵ شاندەکەبووە داکۆکی لێدەکات و ئەوەشى کە بەشدارنەبووە لەگەڵ زەقکردنەوەى لایەنە سلبیەکانە ، کە ئەمەیان کارێکى باش نیە ، چونکە هەموو لایەک دەزانین کە ئەوەى بە پلەى یەکەم باجى کێشەکانى هەرێم و بەغداى داوە خەڵکى کوردستانە بەوەى ژیان و گوزەرانى نەک کەوتۆتە مەترسى بگرە ئاسۆى چارەسەرى کێشەکانیان کە خۆى لە مووچە و باشکردنى ژیان و گوزەران دەبینێتەوە نەماوە ، حکومەتى هەرێمى کوردستان کە لە رۆژى سەردانەکەى شاندى هەرێمى کوردستان بۆ بەغدا دواى سێ مانگ کۆدەبێتەوە ، دواى ئەو ئەو هەموو فشار و ناڕەزایانەى خەڵک بەڵام بۆ چارەسەرى مووچە یەک بەڵێن بە خەڵک نادات ، هەموو بیانوەکەشى ڕاوەستانى نەوتى کەرکووکە ، کەسێک لەو کۆبوونەوەیە نەیپرسى ئەرێ ئێوە بە پشت بەستن بەو سەد هەزار بەرمیلەى کەرکووک ئێمەتان خستە بەردەم ئەو تاقیکردنەوە سەختە ؟ یان بەڵێنتان دابوو لە هەرێمى  کوردستان هاوردەى نەوت دەگەینینە ملیۆنێک بەرمیل ؟
ئێ کە حکومەتى هەرێمى کوردستان چارەسەرى مووچەى خەڵکى پێناکرێت چوونەبەغدا بۆ خرابە ؟
 خۆ ئەوەیان داواو پشنیارى خۆتان بوو ، با خۆشتانى تێدانەبن دژى نەوەستنەوە باشە ، بزووتنەوەى گۆران یان کۆمەڵى ئیسلامى و هەر حزبێکى تر واباشە لەبەر خاترى قووتى خەڵکیش بێت دژ بە چوونى ئەو شاندە نەبن ، تێبینیتان لەسەر شاندەکە هەیە  ئەوەشتێکى ترە .
ئێستا کاتى ئەوە هاتووە لایەنە سیاسیەکانى هەرێمى کوردستان لەوە تێبگەن کە هیچ شتێک نابێتە ئەلتەرناتیفى یەکحستنەوەى ناو ماڵى کوردى ، بۆ ئەوەى چیتر بە بەرتەوازەى لە دەرگاکان نەدرێت،  وەرن هیچ مەکەن ناو ماڵى خۆتان رێکبخەنەوە ئەگەرنا رۆژ بە رۆژ دەگەڕێنەوە دواوە ، ئەمجارەیان لە بەغداى پایتەختى فیدراڵ !! ئاڵاى کوردستانیان وەڵانابوو سبەى شتى تریش دەکەن .

نوێترین نوسینەکانی هیوا سەید سەلیم

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌