حکومەتی هەرێم و ئەوانی تر
وتار/
20/09/2016
907 جار بینراوە
ئیبراهیم عەباس
حکومەتی هەرێم و ئەوانی تر
ئیبراهیم عەباس
بەپێچەوانەی ئەو روانگە باوانەی ئومێدیان لەسەر ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەڵچنی بوو، وەکو دامەزراوەیەکی خزمەتگوزاری و ئیداری، سەیریان
دەکرد، پێیان وابوو ئەم دامەزراوە نیشتمانییە و کار بۆ بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵک
و نیشتمان دەکات!. کارەکانی ساڵ و نیوی رابردووی هەرەمی سەرەکی حکومەت، نیشانی داین
ئەم بینایەی ناوی ئەنجومەنی وەزیرانە و بەیاساکانی هەرێمی کوردستان، دووەم دەسەڵاتی
هەرێمە، جگە لە چەترێک بۆ نمایش و دابین کردنی بەرژەوەندی و سیاسەتی حزبی خاوەن سەرۆک
وەزیران، یان ئیدارەدانی حزبیانەی پارتی شتێکی تر نییە.
بەلارێدابردنی هەرەمی حکومداری و دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەهەرێمی
کوردستان مێژوویەکی درێژی هەیە و لە یەک بەیەکی کابینەکانی حکومەت لە کابینەی یەکەم
لە هاوینی 1992 ەوە، تا کابینەی هەشتەم، ئەنجومەنی وەزیران، زۆرجار وەکو دیوەخانی
خێل و زۆرجاریش وەکو بارەگایەکی باڵای دوو حزبە دەسەڵاتدارەکە بووە، بەڵام ئەم کابینە
لەهەموو کابینەکانی تری حکومەت زیاتر، بووە شکاندنی هەیبەتی حوکمداری کوردی و هێنانی
مەرگەسات بۆ خەڵکی کوردستان، بەجۆرێک ئەو قۆناغە باشانەی بۆ تێپەراندنی دوو ئیدارەیی
کاری سەرۆک وەزیرانی ئێستا بوو، بە پشتویانی بەهێزی بەرێز جەلال تاڵەبانی سکرتێری
گشتی یەکێتی زۆر کاری لەسەر کرا، پارتی تاکلایەنانە گەراندییەوە بۆ چوار گۆشەی یەکەم.
دەستبردنی ئەنجومەنی وەزیران، یان کوتلەی پارتی لە حکومەتی
هەرێم، بۆ بەزۆر پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەری پلە مام ناوەند، بەبێ هیچ یاساو رێسایەکی
ئیداری، بەتاڵکردنەوەی ئەم دامەزراوەیە لەهەر جۆرە بەرپرسیارەتێکی نیشتمانی و شەتکدانی
دووەم دەسەڵاتی هەرێمە بە بەرژەوەندییەکانی حزبێکی سیاسی، کە پارتی دیموکراتی
کوردستانە و ئەو حزبەش لەپشت بریارو جێبەجێکردنی بە ئەنقەست برسیکردنی خەڵکی
کوردستانە.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی کە ئەنجومەنی وەزیران چەتری
دابینکردن و نمایشی حزبە، هەڵوێستی جدی لەم دۆخە پر قەیران و مەترسییەدا، دەکەوێتە
سەر چوار حزبەکەی بەشداربووی حکومەت، تا دەریچەیەکی جدی بدۆزنەوە، لانی کەم بۆ
لابردنی سزای مووچە خۆران بەناوی پاشەکەوتەوە. ئێستا کە دەنگی شەقام بەرزە، مووچەخۆران
دڵپرو داخدارن لە حکومەت و ئیدارەی پارتی، لانی کەم بە کارهێنانی کارتی راستەقینەی
کشانەوەی هەر چوار حزبەکە، دەکرێت سزادانی خەڵک و مووچە خۆران هەڵبگیرێت. هەر وەک
چۆن چوار حزبەکە بوونە فشاری جدی بۆ هەمواری یاسای سەرۆکایەتی هەرێم لە حوزەیرانی
ساڵی رابردوو، ئێستاش گەر جدی و پەرۆش بن بۆ ژیانی خەڵک و مووچە خۆران دەتوانن
واقع بگۆرن.
ئەو فشارە جەماوەرییەی، مامۆستایان تێدا پێشەنگن، فەرمانبەران،
مامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیران و خەڵکی کوردستان پشتیوانی دەکەن، بەقەدەر رۆڵی
چوار حزبەکە گرنگە و ئەگەر بەمەدەنیانە سەرپێ بکەوێت و ئەجندایی سیاسی و بەلارێدابردنی
سیاسی تێدا روونەدات، بێگومان دەبێتە خاڵی وەرچەرخان لانی کەم بۆ هاوتاکردنەوەی
مووچە، وەکو ساڵانی رابردوو.
بەکورتییەکەی ئەوەی بەرپرسیاری یەکەمە لەم دۆخە، ئەنجومەنی
وەزیران و سەرۆک وەزیرانن ، بەڵام چونکە پارتیش هەولێر بەپاوانی خۆی دەزانێت، بەرپرسیاریەتەکە
هەر بۆ سەرۆک وەزیران نییە بەتەنها، بەڵکو پارتیش وەکو حزب لەم قەیرانەکەدا شەریکە،
لەبەرامبەریشدا چوار حزبەکە و فشارە جەماوەرەیەکە خاوەنی دوو خاڵی جەوهەرین بۆ
باشتربوونی ئەم دۆخە.
1: بەدرێژایی حوممرانی 24 ساڵی رابردووی هەشت
کابینەی حکومەت، هەمیشە حزبەکان، بەتایبەت پارتی و یەکێتی رەنگرێژو جێبەجێکەری سیاسەتی
حکومەت بوون، ئێستاش بەچوار حزبەکە دەتوانن پارەسەنگێک بۆ راستکردنەوەی حوکمداری
بکەنەوە، ئەگەر ململانێ حزبییەکان لە پێناو بەرژەوەندی خەڵکی بەلادا بخەن، یان ماوەیەک
دەستبەرداریان بن.
2: هەروەها جەماوەریش بەگەیاندنە جێگای بەڵێنی
خۆیشاندانی سەرتاسەری دەتوانن پارسەنگەکە راست بکەنەوە، بەمەرجێک توندوتیژی نەبێتە
ئەجندای خۆپیشاندان.
هەر یەک لەم دووخاڵە گەر بە جدیەت و راستگۆیی بەکار بهێنرێن،
کۆمەڵگای نێودەوڵەتی، بەتایبەت ئەمریکا و یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا، پشتیوانێکی
راستەوخۆ دەبن، چونکە پارێزەری راستەقینەی هەرێمی کوردستان، دونیای دەرەوەیە نەک
پارتی و حزبە جۆراوجۆرەکانی تری کوردستان.
نوێترین نوسینەکانی ئیبراهیم عەباس
-
ئیبراهیم عەباس
13/08/2022
-
ئیبراهیم عەباس
05/09/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/08/2021
-
ئیبراهیم عەباس
26/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/07/2021
-
ئیبراهیم عەباس
16/05/2021