گرفتی کەسێتی کوردی

وتار/ 29/12/2017 895 جار بینراوە

عه‌تا قه‌ره‌داخی

گرفتی کەسێتی کوردی


کەسێتی چییە؟ کەسێتی بریتیە لە بوونی "کەسی" یان شوناسی کەسێتی یان خودی خاوەن بوون‌و شووناس یان کۆی خاسێتە جیاکەرەوە تاکەکەسیەکان یان بەرجەستەکردنی کۆی ئەو خاسێتە فیکری‌و رەفتاری ھوشیاری‌و کۆمەڵایەتیانەی کە تاکە کەس یان پێکھاتەیەک والێدەکەن بوویەکی دیارو جیاوازو ناسراوی ھەبێت لەنێو ئەوانیتردا‌و بتوانێت ئامادەبوونی خۆی بسەلمێنێت. کەسێتی تاکەکەس لە مێژوودا دەکەوێتە پێش کەسێتی نەتەوایەتیەوە ھەرچەندە لە بنەڕەتدا کەسێتی نەتەوەیی پەیوەندییەکی راستەخۆی بە کەسێتی تاکەکەسەوە ھەیەو ئەگەر تاکەکەس نەبێتە کەسێکی خاوەن کەسێتی ئەوا ناشێت کەسێتی نەتەوەیی پێکبێت.


ئەوە ئاشکرایە ھەر رەگەزو پێکھاتەیەکی ئیتنیکی یان کۆمەڵایەتی لە کۆمەڵایەتیبوونیدا بەجۆرێک بنیادی کەسێتی تاکەکانی دەنێت‌و کۆی ئەو بنیادەش وەکو کەسێتیەکی فراوانترو گشتگرتر دەردەکەوێت کە کەسێتی نەتەوەیی یان رەگەزیە، ھەرچەندە بۆ ئەو قۆناغە مەسەلەی نەتەوایەتی بوونی نەبووە بەو مانایەی کە دواتر وەکو بەرھەمی مۆدێرنێتە دەرکەوتووە.

 ئێمە نازانین کەسێتی کوردی لەسەرەتادا چۆن بووە بەڵام گومانمان لەوە نییە لە رابردوویەکی دووردا لە ئەنجامی داگیرکردن‌و سەرکوتکردن‌و تێکشکاندنی ئایین‌و کەلتوورو کەلەپوورو زمان‌و داب‌و نەریتی ئەم نەتەوەیەدا لەلایەن داگیرکەرانەوە ئەم کەسێتیە تێکشکێنراوەو بوویەکی لاوازی نائامادەو پەراوێزی لێدەرچووە کە ھەمیشەو تاکو ئێستاش لەبەرامبەر کەسێتی ئەوانی داگیرکەری وڵاتەکەیدا لە بارێکی لاوازدایەو ھەمیشە ھەست بە بچووکی خۆی دەکات‌و ئەوانی تریش لە ئاستێکی بەرزتردا دەبینێت. ئەم کەسێتیە بە درێژایی مێژوو ھەلی ئەوەی بۆ رێنەکەوتووە کە ئەو کەسێتە تێکشکاوەی خۆی بینابکاتەوەو ئامادەبوونی خۆی لەنێو گەل‌و پێکھاتەکانی تردا بسەلمێنێت. 

دیارە خۆسەلماندیش بەبێ بنەماو ئامادەبوون لە زۆر بواری جۆراوجۆردا بەدینایەت کە سەرەکی ترینی ئەو بنەمایانەش گواستنەوەی ئەم کەسێتەیەیە لەباری بەرکار بوونیەوە بۆ باری بە بکەربوون واتە لە بارێکەوە کە کاری لەسەر دەکرێت‌و مامەڵەی پێوە دەکرێت‌و لەدەرەوەی خۆی بڕیاری بۆ دەدرێت بۆ بارێک کە خۆی کاربکات‌و لەسەر جوگرافیای خۆی خاوەنی ھەموو بڕیارێکی پەیوەست بەخۆی بێت‌و خۆی چارەنووسی خۆی دیاری بکات.

خەمی ئێمە ئەوەیە ئەم کەسێتیە لە جوڵەیەکی زۆر خاودایەو، بەجۆرێک کۆنەستی کۆمەڵایەتی لەلایەن ئەوانی داگیرکەرو تێکشکێنەری کەسێتیەکەیەوە داگیرکراوە بەئاسانی ناگەڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی‌و لە پلەی یەکەمدا وای لێبێت بە کوردی بیربکاتەوەو ھەست بکات‌و بڕوانێت‌و جیاواز لەوانی داگیرکەرو تێکشکێنەری کەسێتیەکەی ھەنگاو بنێت‌و ھەوڵبدات تایبەتمەنییەکانی خۆی لە ھەموو ئاستەکاندا جیابکاتەوەو بگاتە ئاستێک لە ھەژموونی ترس لەوانی داگیرکەر رزگاری ببێت‌و بتوانێت بڵێت ئەمە منم ھاوشانی ئێوەم‌و لەسەر قاچی خۆم راوەستاوم‌و منیش وەکو ھەموو ئەوانیتر دەبێ خاوەنی تێکڕای مافە سرووشتیەکانی خۆم بم‌و دەبێ خۆم بکەری سەرجوگرافیای خۆم بم. ئەمەش مانای گەیشتنی کەسێتی کوردییە لەسەر ئاستی تاکەکەس‌و لەسەر ئاستی نەتەوایەتیش بەو ئاستەی کە بوونی خۆی دەسەلمێنێت‌و ئامادەدەبێت بۆ بە جێگەیاندنی پرۆژەی رێنیسانسی نەتەوەیی کوردی کە ئەو پرۆژەیە تەنیا کاتێک بەدی دێت کە کەسێتی کوردی لە باری تێکشکاندن دەرباز ببێت‌و بتوانێت لەسەر جوگرافیای خۆی ببێتە بکەری رووداو درووستکەر، مەبەست لەمەش خۆسەلماندن‌و خۆبیناکردنەوەو دەسەڵاتکردنە بەسەر ھەموو جوگرافیای مادی‌و مەعنەوی نەتەوەداو بیناکردنی کەسێتیەکی کەلتووری‌و سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووری لەسەرپێی خۆڕاوەستاوەو لەسەرووی ھەمووشیانەوە بەرھەمھێنانی شارستانی‌و بەشداریکردنە لە بیناکردنی شارستانێتی مرۆڤایەتیدا بەو مانایەی کە کورد کاتێک دەبێتە کەسێتیەکی خاوەن شووناس کە لەسەر ئاستی ناوخۆ‌و لەسەرئاستی مرۆڤایەتیش بوونی خۆی بەشێوەیەکی شارستانیانە بسەلمێنێت.


نوێترین نوسینەکانی عه‌تا قه‌ره‌داخی

خـێـزان

کەشوهەوا

بۆ بینینی كه‌ش و هه‌وای زیاتر كلیك بكه‌

تـه‌ندروستی

به‌م ڕێگایانه‌ به‌رگریی‌ له‌شت به‌هێز بكه‌

ئه‌م هه‌نگاوانه‌ په‌یره‌و بكه‌